دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 17/06/2021

دابینکردنی مافی هەمو کەمینەیەکی نەتەوایەتی لە دەستوری هەرێم گرنگە

پرسی نوسینه‌وه‌ی‌ پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ گه‌رمه‌كانی ناوەندە سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانییەكان و شه‌قامی سیاسی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە،به‌وپێیه‌ی‌ دەستور خۆی په‌یوه‌ندیداره‌ بە سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ئایینده‌ی‌ نه‌وه‌كانی،راوبۆچونی جیاوازیش هه‌یه‌ له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی‌ ماده‌كانی و رۆڵی شاره‌زایان و رۆشنبیران و نوسەران له‌م پرسەدا گرنگی تایبەتی هەیە، (هه‌رێم نیوز) له‌ ته‌وه‌رێكدا له‌باره‌ی‌هەوڵەكان بۆ نوسنەوەی پرۆژەی دەستوری هەریم و بۆچونه‌كان له‌سه‌ر ئەم پرسە ، راو بۆچونی رۆشنبیران و نوسەران وەردەگرێت.

لەپێنجەم بەشی تەوەرەكەی هەرێم نیوز، "عەدالەت عەبدوڵا" نوسەر و مامۆستای زانكۆ بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە:

هەرێم نیوز: پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری ھەرێم یەکێکە لەو بابەتانەی کە چەندین ساڵە بۆتە گرێکوێرەیەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکان، بەبڕوای ئێوە ناکۆکی و جیاوازییەکان لە چییەوە سەرچاوەیان گرتوە؟

عەدالەت عەبدوڵا: ناکۆکی و جیاوازی لەنێوان هێزە کوردستانییەکاندا دەربارەی دەستور، ئەم پرسەیان پەیوەندی بە هەندێ قۆناغی جیاجیاوە هەیە، لە رابردوە زیاتر پەیوەندی بە دیاریکردنی سیستەمی سیاسی بو لە کوردستاندا سیستەمی سەرۆکایەتی بێت یان سیستەمی پەرلەمانی بێت لەلایەک، دوەم ئەو دەسەڵاتانەی کە ئەبێت بدرێت بە سەرۆکی هەرێم لە ناو دەستوردا، وە هەندێ ناکۆکی تر بە پلەی یەکەم لە نێوان یەکێتی و پارتی وە پلەی دووەم ناکۆکی پارتی و گۆڕاندا هەبوو. وەلە قۆناغی دواتردا بێگومان کۆمەڵێک کێشەی تر هاتە بەردەم نوسینەوەی دەستوور، یەکێک لەو کێشانە ئەوەیە کە سەرچاوەی شەریعەتی یاساکان چی بێت ئایا؟ سەرچاوەکەی قانونێکی وەزعی بێت یان نەخێر، سەرچاوەکەی بریتی بێت لە شەریعەتی ئیسلام وە لەمەشدا زۆر جار دەستوری عێراق وە سەرچاوەکانی تەشریع لە ئەوانەی لە عێراق بەبەڵگە ئەیانهێنایەوە کە دەبێت لە هەرێمی کوردستانیشدا شەریعەتی ئاینی ئیسلام یەکێک بێت لە سەرچاوە سەرەکییەکان. ئێستا کۆمەڵێک کێشەی تریش هەن لە راستیدا لە قۆناغی ئێستادا، یەکێک لە کێشەکان بریتییە لە مەسەلەی پێکهاتەی رەنگەکانی ئاڵاو وە بابەتی سرودی نیشتمانی وە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کەمینەکانی کوردستان، پێکهاتە نەتەوەییەکان، ئێستا بەشێک لەو پێکهاتانە داوای هەندێ ماف ئەکەن کە رەنگە لە هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆیەکی ئەوتۆی لەبارەوە نەکرابێت کە تاچەند ئەو مافانە دەبێتە مایەی دەستکاریکردنێکی جەوهەری هەندێک سەوابت، سەوابت ئەبێت لە دەستور هەبێت سەبارەت بە مەسەلەی ئاڵاو و مەسەلەی سرودی نیشتمانی و کۆمەڵێک بابەتی تر.


یەکێک لە کێشەکان بریتییە لە مەسەلەی پێکهاتەی رەنگەکانی ئاڵاو وە بابەتی سرودی نیشتمانی وە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کەمینەکانی کوردستان، پێکهاتە نەتەوەییەکان

هەرێم نیوز: بۆچونێک ھەیە لەناو ناوەندەکانی میدیاو تەنانەت شەقامی کوردستانیشدا باس لەوە دەکات بونی دەستور ھیچ لە دۆخەکان ناگۆرێت، نمونەی دەستوری عێراق دەھێننەوە و دەڵێن دەستوری عێراق تەنھا مەرەکەبی سەر کاغەزە و لایەنە باڵا دەستەکانی عێراق تەنھا ئەو بڕگانە جێبەجێ دەکەن کە لەبەرژەوەندی خۆیانە، پرسیارەکەی من بەدیاری کراوی ئەوەیە چ مکانیزم و ئالیەتێک لەناو دەستوری ھەرێمی کوردستان پێویستە کە گرەنتی جێبە جێکردنی بەندەکانی دەستور بکات؟پرسیارەكەی من بە دیاری كراوی ئەوەیە چ مكانیزم و ئالیەتێك لە ناو دەستوری هەرێمی كوردستان پێویستە كە گرەنتی جێبە جێكردنی بەندەكانی دەستور بكات ؟
عەدالەت عەبدوڵا: سەبارەت بەو بۆچونەی کە دەستور تا چەند گرنگە یان گرنگ نییە، ئەم پرسە زیاتر لە روانگەی ئەندازەی کارکردنە بە ئەو یاسایانەی کە رابردوو لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچونراون بۆ رێکخستنی ژیانی گشتی کۆمەڵگا. جێبەجێنەکردنی هەندێ لەویاسایانە یان دەرکردنی هەندێ یاسا کە هەندێ نارەزایی لەبارەیەوە هەیە وەکو یاسایی تیرۆرو یاساکانی تر کە پەیوەندی بە ئازادی دیموکراتییەکانەوە هەیە، شێوەی جێبەجێکردنیان یان جێبەجێنەکردنیان هۆکارێکی دڵ ساركردنەوەی خەڵکە لە بایەخی دانانی دەستور بۆ هەرێمی کوردستان. بیانویەکی تریش ئەوەیە کە لەکۆتایدا لەبەرئەوەی ئێمە ئێمە بەشێکین لە سیستەمی فیدراڵی عێراق، وە عێراق خاوەن دەستورێکی هەمیشەییە و کوردیش بەشداربووە لە دارشتنی ئەو دەستورەو دەنگیشی بۆ داوە لە ساڵی 2005، کەواتە ئێمە ئەتوانین ماددە دەستورییەکانی عێراق بکەینە بنەما بۆ هەموو یاساکانمان لە هەرێمی کوردستاندا، بۆیە ئەم ئاڕاستەیەش پێی وایە کە لە ئێستادا دانانی دەستور کە مشتومڕی زۆری لەسەرە پێویست نییە تا هەلومەرجێکی لەبار دێتە پێشەوە، وە پێش وەخت لەرێی گفتوگۆوە ئاستەنگەکانی بەردەمی جڵەو دەکرێت و وە دواتر بڕیار لە دارشتنی دەستورێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدرێت.

هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێگومان جێی بایەخ و گرنگی پێدانە چونکە ئەو ئەرکی سەرەکیشی بریتییە لەوەی کە هەوڵی جۆرێک لە نێوەندگیری بدات لە نێوان هێزە سیاسیەکان و پێکهاتە کۆمەڵگەیەکاندا بۆ ئەوەی لەسەر داڕشتنێکی دیاریکراو بۆ دەستور وە رەشنوسی دەستور رێک بکەون 

هەرێم نیوز: یەکێک لەو خاڵانەی کەزۆر بۆتە جێگای گفتوگۆ جیاوازی دروستكردوە بابەتی شەریعەتی ئیسلامی و ئازادی پێکھاتە دینی وئاینە جیاوازەكانە بەبروای ئێوە بۆ پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتەو ئاینە جیاوازەکان پێویستە ئەو بابەتە چۆن چارەسەر بکرێت؟
عەدالەت عەبدوڵا:بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی مافی پێکهاتەکان لە کوردستاندا، بێگومان دابینکردنی ماف و ئەرکی هەموو کەمینەیەکی نەتەوایەتی یان هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری تایبەت بە هەرێم، بابەتێکی گرنگ و وە لە هەمان کاتدا ئاڵەنگاریەکیشە لەبەردەم ئەو بانگەوازانەی کە ئێمە لە 30 ساڵی رابردوو سەبارەت بە ئەزمونی دیموکراسی کوردستان دەیکەین، یەعنی هەرێمی کوردستان مەحکومە کە مافی پێکهاتەکان دابین بکات، لەماشدا میکانزم ئەوەیە کە سود لە ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتوی دونیا وەربگیرێت، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی لە رووی سۆسیلۆجییەوە پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندیان هەیە، وە کۆمەڵێک کەمینەیی نەتەوایەتی و تایەفیان هەیە، چاوکردن لە ئەزمونی ئەو نەتەوانە ئەشێت یارمەتیدەر بێت بۆ چۆنێتی دارشتنەوەی مافی ئەو پێکهاتانە، هاوکات دەبێت رەچاوی ئەوەش بکرێت کە ئێمە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەژین هەندێک لەو پێکهاتانە خۆیان گرێداوەتەوە بە هەندێ وڵاتی دەروبەری وڵاتانی ئیقلیمی. ئەبێت حیساب بۆ ئەوەش بکەین کە ئەمە ئەبێ رەچاوبکرێت بەو مانایەی کە نابێت دیاریکردنی هەر مافێک بۆ هەر پێکهاتەیەکی نەتەوەیی لەژێر فشاری هێزی ئیقلیمی و هێزی دەرەکیدا بێت. بەڵکو ئەبێت بە وەرگرتنی رەزامەندی کۆمەڵگاو رەزامەندی هێزە سیاسییەکان بێت.  

هەرێم نیوز: لەماوەی رابوردودا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەشی زۆری لایەنە سیاسیەکانی کرد بۆنزیک کردنەوە بۆچونەکان و گەیشتن بە سازانێک لەسەر دەستوری ھەرێم بەبڕوای ئێوە ئەم ھەو ڵانە تاچەند نزیکامان دەکاتەوە لە گەیشتن بەرێککەو تنێک لەسەر پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری ھەرێم؟
عەدالەت عەبدوڵا: سەبارەت بە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێگومان جێی بایەخ و گرنگی پێدانە چونکە ئەو ئەرکی سەرەکیشی بریتییە لەوەی کە هەوڵی جۆرێک لە نێوەندگیری بدات لە نێوان هێزە سیاسیەکان و پێکهاتە کۆمەڵگەیەکاندا بۆ ئەوەی لەسەر داڕشتنێکی دیاریکراو بۆ دەستور وە رەشنوسی دەستور رێک بکەون، ئەو هەوڵانە جێی ستایشن لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان ئاسان نییە کە لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیەدا هەموو هەنگاوەکان بەپێی تموح بچنە پێشەوە، سەرۆکی هەرێم چەند دیدارێکی رێکخستووە ئەو دیدارانە بێگومان سوود بەخشن بەڵام بێگومان لە هەمان کاتدا پێویستی بە خۆشترکردنی زەمینەی زیاتر هەیە وە گفتوگۆی دوو قۆڵی و گفتوگۆی تایبەتی تر هەیە بۆ ئەوەی لە کۆتایی لە رێگەی دروستکردنی جۆرێک لە کۆدەنگی بە تەواوەتی پرۆسەی کارکردنیش بۆ ئەم نوسینەوەی دەستور وە سبەینێ دەنگدان بۆ دەستور ئاسانتر بێت بۆ هەموو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان وە لە سەریشیانەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە وەک دامەزراوەیەکی رەسمی لە هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP