هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستی هەرێم
رایگەیاند، "سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە کە
گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی
تایبەت، سەر لەبەری ناراستە و بۆ چەواشەکاری و موزایەدەیە".
روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستیەوە بۆ ڕایگشتی
سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا
بڵاوبوونەتەوە کە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و
دەدرێت بە كەرتی تایبەت، کە بەداخەوە بووەتەهۆی دەستکردن بە چەواشەکاری و
موزایەدەکردن.
بۆیە بە پێویستی دەزانین بە ڕایگشتی بگەیەنین کە
ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی نیە و دوورە لە ڕاستی، بەڵكو
بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە
هەرێمی کوردستان، تەواوی خزمەتکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حکومەتی هەرێمی
کوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان
بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستکردن و
فراوانکردن و دابینکردنی ئامێر و پێداوستییەکان لە بواری جێبەجێکردندان، ئەمە
وێڕای دابینکردنی دەرمان و چارەسەری تیشکیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە
جۆراوجۆرەکان کە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە.
بۆیە جارێکی تر وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم هەواڵ و
دەنگۆیانە و رەتکردنەوەی هەر بیرۆکە و هەوڵێکی لەو جۆرە کە بەداخەوە چەندین کەس و
لایەن دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە، لەهەمانکاتدا هاووڵاتیان و پزیشکان و
کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە دڵنیادەکەینەوە کە
بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر
کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی
پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبوون بە
ڕێنماییەکانی چاکسازی و هەموارکراو چارەسەر دەکرێت.
هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانکاریەک دەکەین بۆ
کۆمپانیاکانی دابینکەر بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو
بەردەوامبوونی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە
هەرێمی کوردستان.
د. ئاسۆ حەوێزی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
١٩ حوزەیران ٢٠٢١