دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20/06/2021

پارتی داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەکات چاودێری هەڵبژاردنەکان بکات

دەزگای هەڵبژاردنی pdk داوادەکات تیمێکی سەر بە UN بە کارمەندانی زیادەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بە رووماڵکردنێکی فراوانی جوگرافی چاودێری پرۆسەکە بکەن

هەرێم نیوز

دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوادەکات تیمێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە کارمەندانی زیادەوە لە رۆژی هەڵبژاردن بە رووماڵکردنێکی فراوانی جوگرافی چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن و راپۆرتێک سەبارەت هەڵبژاردن پێشکەشی ئەمینداری نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.

هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە 10-10-2021 بەڕێوەدەچێت، نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ژمارە 2576 دەیەوێت چاودێریی هەڵبژاردن بکات ئەوەش بە مەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی "پاک و ئازاد".

دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، پێشوازی لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن و رایدەگەیەنێت: خۆشحاڵن بۆ هەوڵ و ئامادەکاری و پلاندانانی "هەڵبژاردنی پێشوەختی پاک و ئازادانە  کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەنگاوی بۆ هاویژراوە و لەلایەن خودی عێراقییەکانەوە رێبەرایەتی دەکرێ و بەشێوەیەکی گشتگیر و راستگۆیانە رێکار و هاوبەشیی کردەیی و بە ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی بە ئاکام دەگات".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کوردستان هەمیشە بۆ بانگهێشت و ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی دەستپێشخەر بووە، چونکە بڕوای پارتی وابووە کە ئامادەبوونی ئەوان متمانە بۆ ئەنجامەکان دروستدەکات و گومان لە خاوێنی پرۆسەکە دووردەخاتەوە.   

هەفتەی رابردوو گرووپی حەوت کە لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا و ژاپۆن پێکدێت لە راگەیەندراوێکدا پشتیوانی هەوڵەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردنێکی "خاوێن" لە عێراق. ناوەندی هەڵبژاردنی پارتیش لە راگەیێندراوەکەدا ئەو هەڵوێستەی گرووپی حەوت بە "ئەرێنی" باسدەکات.

دەقی راگەیەندراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان:


لە چوارچێوەی پرەنسیپی نەگۆڕ و پتەوی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەکو بڕوامان بە جێگیرکردنی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقی فیدراڵ، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1946 داوای دەکات و خەباتی بۆ دەکات، ئەمەش لە پێناوی هاتنەدی سیستەمی دیموکراسی و یەکسانی لە نێوان هەموو پێکهاتە و ڕۆڵەکانی عێراقدا. هەر لەم سۆنگەوە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری ژمارە (2576)ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە لەم دواییەدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خۆشحاڵی بۆ هەوڵ و ئامادەکاری و پلاندانانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پاک و ئازادانە  لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە هەنگاوی بۆ هاویژراوە و لەلایەن خودی عێراقییەکانەوە ڕابەرایەتی دەکرێ و بەشێوەیەکی گشتگیر و ڕاستگۆیانە ڕێکار و هاوبەشیی کردەیی و بە ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی بە ئاکام دەگات. 

ئاشکراشە کە لە ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کوردستان هەمیشە بۆ بانگهێشت و ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی دەستپێشخەر بووە. چونکە بڕوای پارتی وابووە کە ئامادەبوونی ئەوان متمانە بۆ ئەنجامەکان درووستدەکات و گومان لە خاوێنی پرۆسەکە دووردەخاتەوە.   

لەبەرئەوە ڕایدەگەیەنین دەزگای هەڵبژاردنی pdk داوادەکات تیمێکی سەر بە UN بە کارمەندانی زیادەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بە رووماڵکردنێکی فراوانی جوگرافی چاودێری پرۆسەکە بکەن و بە ڕاپۆرتێک سەبارەت ڕەوتی هەڵبژاردن پێشکەش بە ئەمینداری گشتی UN بکەن. هەر لەم بارەیەوە دەزگامان پێشوازی لە هەڵوێستی ئەرێنیی ( گرووپی 7 ) دەکات کە لە کۆبوونەوەی لووتکەیاندا لەم ڕۆژانە لە برۆکسل بەسترا و پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ بڕیارەکەی UN دەربڕی و تیایدا داوای ئەوەیان کردووە کە چاودێری نێودەوڵەتی بە ئامانجی هاوکاریکردن بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و ئازادانە ئامادەییان لە پرۆسەکەدا لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 هەبێ و داواشیان کردبوو کە هەموو عێراقییەکان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.       

دەزگای ناوەندی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان    



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP