دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 20/06/2021

کامیل مەحمود: دەستور هەمیشە زامنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری وڵاتە

پرسی نوسینه‌وه‌ی‌ پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان ئێستا یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ گه‌رمه‌كانی ناوەندە سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانییەكان و شه‌قامی سیاسی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە،به‌وپێیه‌ی‌ دەستور خۆی په‌یوه‌ندیداره‌ بە سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ئایینده‌ی‌ نه‌وه‌كانی،راوبۆچونی جیاوازیش هه‌یه‌ له‌سه‌ر نوسینه‌وه‌ی‌ ماده‌كانی و رۆڵی شاره‌زایان و رۆشنبیران و نوسەران له‌م پرسەدا گرنگی تایبەتی هەیە، (هه‌رێم نیوز) له‌ ته‌وه‌رێكدا له‌باره‌ی‌هەوڵەكان بۆ نوسنەوەی پرۆژەی دەستوری هەریم و بۆچونه‌كان له‌سه‌ر ئەم پرسە ، راو بۆچونی رۆشنبیران و نوسەران وەردەگرێت.

لەشەشەم بەشی تەوەرەكەی هەرێم نیوز،" کامیل مەحمود شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی" بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە:

هەرێم نیوز: پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری ھەرێم یەکێکە لەو بابەتانەی کە چەندین ساڵە بۆتە گرێکوێرەیەک لە نێوان لایەنە سیاسیەکان، بەبڕوای ئێوە ناکۆکی و جیاوازییەکان لە چییەوە سەرچاوەیان گرتوە؟

 کامیل مەحمود: بەداخەوە دوای سی ساڵ لەدەسەڵاتی خۆماڵی و بوونی قەوارەیەکی دانپیانراو، هەرێم نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی دەستورێک کە دامەزراوە فەرمییەکانی خۆی لەسەر دابمەزرێنێ، هۆکاریش دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی حزبی نێوان پارتی و یەکێتی و پێشخستنی بەرژەوەندی حزبی و دابەشبوونی وڵات و درێژەدان بەو ئیدارە حزبیەی بووەتە چوارچێوەو زەمانەتی مانەوەی نادیموکراسیانەی هەردوو حزب لەدەسەڵات و هەریەکەیان لەزۆن و کانتۆنی خۆیدا، هەروەها هەژموونی عەقڵی خێڵەکیانە لەسیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی وڵاتدا کەدرێژکراوەی ململانێی میرایەتی و عەقڵی خێڵەکیانەی بەگ و میرنشینەکانی کۆنی کوردە، هەموو ئەمانە بوون و زەرورەتی دەستووری نەکردووەتە قەناعەت بۆ دەسەڵاتدارانی کورد، لەگەڵ ئەوانەشدا بوونی گەلێکی ناهۆشیار کە قبوڵی دۆخێکی درێژخایەنی وای کردووە.

هەرێم نیوز: بە ڕای شارەزایانی ناو خۆیی و بیانی دەستورێک بۆ ھەرێم دەبێتە بنەماو مەرجەعێک بۆ کۆی ھێزە سیاسیەکان و پێکھاتە ئیتنیەکانی ھەرێمی کوردستان ، بەڵام ھەرێم نزیک بە ٣٠ ساڵە بێدەستورە ! دەمەوێت بپرسم زیانەکانی نەبونی دەستوری ھەرێم چیبوون؟ .....

 کامیل مەحمود: ئاشکرایە کە دەستور هەمیشە زامنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری وڵاتەو لەغیابی دەستوریشدا هەموو ئەو کایەو سێکتەرانەی ژیانی کۆمەڵگە دووچاری گرفت و تەنگەژە دەبن. لەغیابی دەستووردا هیچ پرانسپ و دیسپلینێک بۆ جۆری پەیوەندی نێوان گەل و دەسەڵات دیار نابێت و دابڕان دروست دەبێت، دەزگاو دامەزراوەی فەرمی و دەستووری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بوونی نابێت، بگرە دەسەڵاتەکان هەمووی دەچێتەوە سەر ویست و خواستی کەسێکی باڵادەست یان حیزب و گروپ و بنەماڵەیەکی سیاسی، لێرەوە زەمینەش بۆ ئیستیبداد و حوکمی دکتاتۆری خۆش دەبێت. لەغیابی دەستوردا یاساکان لەرزۆک و لاواز دەبن و بنەمایەکی دەستووری بۆ جێبەجێکردنیان نییە، مەرجەعێکی یاسایی بۆ ئیدارەی ململانێی سیاسی و پۆرالیزم وجودی نابێت، هەندێ جار ئەمانە سەر دەکێشێت بۆ نائارامی و جەنگی ناوخۆ.

لەگەڵ بوونی دەستووردا گەلێکی هۆشیاری ڕێکخراو لەچوارچێوەی کۆمەڵێک حزب و ڕێکخراوی مەدەنیدا پێویستە

هەرێم نیوز: بۆچونێک ھەیە لەناو ناوەندەکانی میدیاو تەنانەت شەقامی کوردستانیشدا باس لەوە دەکات بونی دەستور ھیچ لە دۆخەکان ناگۆرێت، نمونەی دەستوری عێراق دەھێننەوە و دەڵێن دەستوری عێراق تەنھا مەرەکەبی سەر کاغەزە و لایەنە باڵا دەستەکانی عێراق تەنھا ئەو بڕگانە جێبەجێ دەکەن کە لەبەرژەوەندی خۆيانە .... پرسیارەکەی من بەدیاری کراوی ئەوەیە چ مکانیزم و ئالیەتێک لەناو دەستوری ھەرێمی کوردستان پێویستە کە گرەنتی جێبە جێکردنی بەندەکانی دەستور بکات؟ .

کامیل مەحمود: ڕاستە دەستوور هەموو شتێک نییە وڵاتی پێ بکرێ بەشامی شەریف، بەڵکو دەستوور بۆ گەلێکە پێویستی بەدەستوور بێت و عەقڵی خۆی و ئاییندەی نەوەکانی نەدابێتە دەست حزب و نوخبەیەکی باڵادەست، لەگەڵ بوونی دەستووردا گەلێکی هۆشیاری ڕێکخراو لەچوارچێوەی کۆمەڵێک حزب و ڕێکخراوی مەدەنیدا پێویستە، ئەو گەلەی خۆی ڕێکنەخستبێت و لەدۆخێکی تایبەتیدا جڵەوی کاری کەوتبێتە دەست، دەستوور هیچی بۆ ناکات و باڵادەستەکان خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان دەبنە دەستوور بۆیان با دەستوورێکی نووسراویش وجودی هەبێت. دەبێت لەناو ئەو قەوارەیەدا کەدەستووری بۆ دادەنرێت کۆمەڵێک هێزی فشارو چاودێر بوونی هەبێت کەبوار نەهێڵنەوە بۆ خۆدزینەوەی دەسەڵات لە ناوەرۆکی ئەو دەستوورە، ئەو هێزو خاوەن فشارانەش بریتین لەحزبەکان و سەندیکاو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد.

ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی کۆمەڵگەی ئێمە بارگاویە بەئایین و کلتووری ئیسلامی، ئادابی گشتی و بەهاکانی ناو ئەم کۆمەڵگەیە لەئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە،

هەرێم نیوز: یەکێک لەو خاڵانەی کەزۆر بۆتە جێگای گفتوگۆ جیاوازی دروستكردووە بابەتی شەریعەتی ئیسلامی و ئازادی پێکھاتە دینی وئاینە جیاوازەكانە بەبروای ئێوە بۆ پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتەو ئاینە جیاوا زەکان پێویستە ئەو بابەتە چۆن چارەسەر بکرێت؟

کامیل مەحمود: بابەتی دەستوور لەهەر وڵاتێکدا بۆ خەڵک و ئیدارەدانی وڵاتە بەپێی یاساو پرانسیپە گشتی و تایبەتییەکان کەداواجار هەموویان گوزارشت لەژینگەی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیە بکات، ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی کۆمەڵگەی ئێمە بارگاویە بەئایین و کلتووری ئیسلامی، ئادابی گشتی و بەهاکانی ناو ئەم کۆمەڵگەیە لەئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە، تەنانەت ئەوانەشیان پابەندنین بە ئایینەوە هەر لەو چوارچێوەیەدا مومارەسەی ژیانی تایبەتی و خانەوادەیی خۆیان دەکەن، تەنانەت ئەم ئاداب و ڕۆشنبیریە کۆمەڵایەتییە کاریگەری لەسەر بوارەکانی ژیانی پێکهاتە ئایینییەکانیتریش هەیە، بۆ نمونە ئاداب و کلتووری مەسیحییەکی کوردستان و مەسیحییەکی یۆنانی وەک یەک نین کەهەردووکیان سەر بەکەنیسەی شەرقین، ئەوەی کوردستان نزیکە لەکلتووری ئیسلامییەوەو بەژیانی کۆمەڵایەتی ئەوەوە دیارە.

بۆیە لەدەستووری کۆمەڵگەیەکی موسڵمانی وادا ئەگەر ڕەچاوی ئەم تایبەتمەندییە ئایینی و کلتوورییە نەکرێت دەستوور دەرەنجامی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوەو نابێتە مەرجەع بۆ خەڵک و کۆمەڵگە، لەباشووری کوردستاندا پابەندییەکی بەرچاوی ئایینی و حاڵەتێکی ویژدانی بەهێزی مێژووی هەیە لەناو ژیانی کوردەواریدا، بۆیە ناکرێت دەستوورێک دابنرێت ڕەچاوی ئەم تایبەتمەندی و فەزا ئایینییە گشتییەی کۆمەڵگە نەکرێت و وەک وڵاتانیتری ئیسلامی ئیسلام نەکرێتە ئایینی فەرمی و سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان، یان ناکرێت یاساو بڕیارێک دەربچێت پێچەوانەی شەریعەت و بنەما چەسپاوەکانی ئیسلام بێت،

لەبەرامبەریشدا هەر خودی ئەم ئایینە ئەوەی کردووەتە ئەرکێک لەسەر دەوڵەت و دەسەڵات و تەنانەت تاکی کۆمەڵگەی موسڵمانیش مافە ئینسانی و ئایینی و کلتوورییەکانی خاوەن ئایینەکانیتریش پێشێل نەکات، دەبێت لەناو ئەو دەستوورەدا تایبەتمەندییەکانیان پارێزراوبێت، بۆ نموونە بەپێی ئایین و کلتووری خۆیان یاساکانی باری کەسیەتی و خانەوادەییان(قوانین الٱحوال الشخصیە) بەسەردا جێبەجێ بکرێت نەک یاساکانی باری کەسیەتی ئیسلامی، دەبێت لەو دەستوورەدا دان بەبوونیان وەک هاوڵاتی و پێکهاتەیەکی ئایینیدا بنرێت، بەمەرجێک پێکهاتەی ڕەسەنی خاوەن مێژووبن لەوڵاتەکەداو خاوەنی یاساو ڕێسای کەسی و خانەوادەیی خۆیان بن کە لەوانیتر جیایان بکاتەوە، نەک گروپێکی سیاسی خاوەن مەرام و ئەجێندای گوماناوی بن و لەبەرگی ئایینێکی جیاوازدا خۆیان نمایش بکەن وەک هەندێ بەناو پێکهاتە کە لەم ماوەیەدا هەڵتۆقیون و ڕابروویەکیان نیەو باب و باپیرانیان موسڵمانەو ئەمانە بەم شێوەیە گوزارشت لەڕەتکردنەوەی ئیسلام دەکەن، ئەوەی بوونی حەقیقی هەیە لەم وڵاتەدا وەک ئایینی جیاواز زیاتر مەسیحی و یەزیدییە، یەزیدییەکانیش زیاتر کەوتووەنەتە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان.

 لەغیابی دەستوریشدا هەموو ئەو کایەو سێکتەرانەی ژیانی کۆمەڵگە دووچاری گرفت و تەنگەژە دەبن. لەغیابی دەستووردا هیچ پرانسپ و دیسپلینێک بۆ جۆری پەیوەندی نێوان گەل و دەسەڵات دیار نابێت

هەرێم نیوز: لەماوەی رابردوو دا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەشی زۆری لایەنە سیاسیەکانی کرد بۆنزیک کردنەوە بۆچونەکان و گەیشتن بە سازانێک لەسەر دەستوری ھەرێم بەبڕوای ئێوە ئەم ھەو ڵانە تاچەند نزیکامان دەکاتەوە لەگەیشتن بەرێککەو تنێک لەسەر پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری ھەرێم؟ .

کامیل مەحمود: ئەو کۆبوونەوە فەرمی و نافەرمیانەو تەنانەت دیبەیت و کۆنفراس و گردبوونەوە نوخبەویەکانیش دەربارەی ئەم پرسە کارگەلێکی پۆزەتیڤن و بەرەژانی لەدایکبوون و بەرهەمهێنانی دەستوورێکن کە لەعەقڵی جەماعی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەمەرجێک لەدواهەنگاوی پرۆسەکەدا ویستی لایەنێکی ناوخۆیی یان هەرێمایەتی خۆی نەسەپێنێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP