دواین هەواڵ

کوردستان‌

 31/07/2021

بافڵ تاڵەبانی ناوەڕۆكی كۆبونەوەیان لەگەڵ عەلی بابیر ئاشكرا دەكات

هەرێم نیوز

بافڵ تاڵەبانی،هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبارەگای مەكتەبی سیاسی حیزبەكی لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان كۆبۆوە و ڕایگەیاند، درێژە بە ھەمان سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدرێت و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان بونیاد دەنێنەوە.

ئەمرۆشەممە 31ی تەمموزی 2021. بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ  عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان کۆبۆوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا بافڵ تاڵەبانی، ناوەڕۆكی كۆبونەوەی یەكێتی شاندی كۆمەڵی دادگەری،دەخاتە ڕوو ڕایگەیاند،" ھەردوولا لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی. ھاوڕابوون کە ئەم قۆناغە وادەخوازێت ماڵی کورد رێکبخرێتەوە و دوای ھەڵبژاردنەکانیش زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ کاری پێکەوەیی.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشوازی لە مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و وەفدێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق کرا و هەردوولا بۆچوونی خۆیان لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستەڕوو.

ھەردوولا بەگرنگییەوە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانییان کردەوە بە ئاڕاستەی لێکنزیکردنەوەی زیاتر و ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی. ھاوڕابوون کە ئەم قۆناغە وادەخوازێت ماڵی کورد رێکبخرێتەوە و دوای ھەڵبژاردنەکانیش زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ کاری پێکەوەیی تاوەکو ھەموو لایەنەکانی کورد لەچوارچێوەی بەرەیەکی نیشتمانی لەبەغدا پێکەوە یەک پەیامی کوردستانی بگەیەننە عێراق و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان بکرێت.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی باس لە سیاسەتی نوێی یەکێتی کرا و بافڵ تاڵەبانی وەفدی میوانی دەربارەی گۆڕانکارییەکان بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، رێڕەوی حیزبیی یەکێتی لەسەر شاڕێیەکی تەندروستی رێکخراوەییە و درێژە بە ھەمان سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدرێت و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستەکانمان بونیاد دەنێنەوە. بە گیانی لێبوردەییەوە لەگەڵ ھەمووان پێکەوە درێژە بەخەبات دەدەین لەپێناو کوردستانێکی بەھێزتر و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان. جەختی لەوەش کردەوە گۆڕانکارییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و رزگاربوون بووە لە دەستەگەری و بەرژەوەندی شەخسی. بەم ھەنگاوانەش یەکێتییەکەی مام و شەھیدان و تێکۆشەرانمان لە ھەڵدێر پاراست.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP