دواین هەواڵ

جیهان‌

 01/08/2021

تورکیا، سەرەڕای چڕکردنەوەی هەوڵەکان هێشتا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵنەکراوە

ئێستا لە کۆی 107 شوێن لە 26 پارێزگای تورکیا توانراوە لە 98 شوێن ئاگر کۆنتڕۆڵ بکرێت

هەرێم نیوز
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە هێلیکۆپتەر سەردانی ئەو شوێنانەی کرد، کە بەهۆی ئاگرەکەی شارۆچکەی ماناڤگات-ی سەر بە پارێزگای ئانتاڵیا زیانیان بەرکەوتووە و ئاشکرای کرد "جگە لە فڕۆکەکان 80 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە گەیشتوونەتە شوێنی رووداو".

گوتیشی "ژمارەی فڕۆکەکانمان بە وەرگرتنی پشتیوانی لە وڵاتانی جیا، زیادکرد. بەو فڕۆکانەی کە لە وڵاتانی رووسیا، ئێران و ئۆکراینا ھاتوون، ژمارەی فڕۆکەکانمان گەیشتنە 16 فڕۆکە. هەروەها 45 ھێلیکۆپتەرمان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن. نۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش بەکاردەهێنرێن".

ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەتی تەندروستیی بە 38 ئامبوڵانس و 175 کارمەندەوە ھاوکاری ھاووڵاتییانمان دەبن.

بەکر پاکدەمیرلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا کە یاوەری ئەردۆغان بوو، رایگەیاند "ئەو ئاگرەی لە چەند رۆژی رابردوو لە دارستانەکانمان کەوتەوە، توانرا بە هەوڵی کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە لە زەوی و ئاسمانەوە لە زۆربەی شوێن ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە".

 وەزیری کشتوکاڵ و دارستەکانی تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد "ئێستا لە کۆی 107 شوێن لە 26 پارێزگای تورکیا توانراوە لە 98 شوێن ئاگر کۆنتڕۆڵ بکرێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP