دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 02/08/2021

وڵاتی نەوت و شاخ وخورما تونێلی ھەڵبژاردن

هاورێ‌ تۆفیق

موقتەدا محمەد محمەد سادق ئەلسەدر ی تەمەن٤٧ ساڵ بە کشانەوەی ڕەوتەکەی لە ھەڵبژاردن دەرگای دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی کردەوە. ھەرچەندە پێشوتر چالاکوانە دڵشکاوەکانی خۆپیشاندانەکان ئەوانیش پێشوەخت لە ھەڵبژاردن کشانەوە، بەو پێیەی دەوڵەت توانای پاراستنی ژیان و بەدیھێنانی دادپەروەری ھەڵبژاردن ناکات و چەندینیان لێکوژرا. دواتریش میانرەوی عێراق ئەیاد عەلاویی کشایەوەو لەگەڵیدا ھەردوو حزبی شیوعی عێراق و ساڵح موتڵەگی سونەش ھاوکات بەھەمان شێوە کشانەوە.

بۆچی ئەم لایەنانە کشانەوە؟ چ پاڵنەرو پاساوێکیان بۆ کشانەوە ھەبوو؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە چەند گریمانەیەکی لۆژیکی ھەن ، ئەوانیش؛
یەکەم؛ ئەو لایەنانە ئەترسن لە دابەزینی دەنگەکانیان، بە تایبەتی رەوتی سەدر کە سەرەتا گرەوی بردنەوەی سەرۆک وەزیرانی ئەکرد. ھەمان لێکدانەوە بۆ لایەنەکانی تریش راستن، جگە لە گروپی تشرینە خۆپیشاندەرەکان.

دووەم؛ ھەوڵێکن بۆ پشکنین و تاقیکردنەوەی پەرچەکرداری دەنگدەران، بزانن خەڵکی چۆن پێشوازی لەم ھەڵوێستە ئەکەن،خۆ ئەگەر بە گڕو تینەوە پێشوازی کراو بوو بە باسوخواسی خەڵکیی ئەوا لە چوارچێوەیەی سینارۆیەکدا پاشگەزببنەوە، بەڵام  ئەوەی ئاشکرایە ھاوڵاتیانی دەنگدەر ھیچ گرنگی و بایەخێکیان بۆ ئەم مەسەلەیە نەبوو، ئەمەش وەکو ئاماژەیەکی تری لاواز بوونی پێگەی جەماوەریی ئەو لایەنانە بە گشتی و رەتی سەدر بە تایبەتی، ئەژمار دەکرێ. 

سێیەم؛ 
لە رووی قانونیەوە مەسەلەی کشانەوە لە ھەڵبژاردن بۆشاییەکی گەورەی قانونیەو لە قانونی ھەڵبژاردن ئەم بابەتە باس نەکراوە، لەلایەن ئەنجومەنی کۆمیسۆنەوە لیستی پاڵێوراون بۆ پەرلەمان سەرجەم رێککارەکانی بریوەو پەسەندکراون، تەنانەت ناوی کاندیدەکان بە ئەو قەوارانەی کە کشاویشنەتەوە لەسەر کاغەزی دەنگدان دانراون و دیزاینکراوە، جگە لەمانەش لەرووی قانونیەوە چارەسەری مەسەلەی پەسەندکردنی کشانەوە نەکراوە.بەو مانایەی کێ خاوەنی دەسەڵاتی قانونی قبوڵکردنی کشانەوەیە.کەواتە ھێشتاک مەلەفی کشانەوە لەرووی قانونیەوە پلەی بنەبریی نەبریوەو دەرگای گەرانەوە کراوەیە.

ھاوڵاتیانی باشور، پایتەختی خورماو نەوت لەوپەڕی ھەژاری و خراپی ئاستی خزمەتگوزاری گشتیدا ئەژین، لە خۆپیشاندانەکانی تشرین دەرکەوت، خەونی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشورییەکان بە تەواوی گۆراون ، لە خەونی پرۆژەیەکی سیاسی تایفیی ئاینییەوە بۆ خەونی دەوڵەتی ھاوڵاتیبوون ، سوتاندنی بارەگای حزبەکان و پەلاماردانی سمبولە تایفییەکان بەڵگەی ئەو راستیەن.بەڵام ئەم خەونە سیاسیە ھێشتا لە چوارچێوەی رێکخراوێکی سیاسی کاریگەردا نەچەسپاوە. بایکۆتی ھەڵبژاردن لەلای باشورییەکان ھاوتای ئەو بایکۆتەیە کە باکورییەکانی خۆرھەڵات لە ساڵانێ ٢٠٠٥ بەدواوە گرتیانە بەر. 

ئەوەندەی پەیوەندی بە ناوچە سونیەکانەوە ھەیە، ئەوان لە نێوان فۆبیای گەرانەوەی داعش و بەردەوامی  بەرێوەبەردنی مەلەفی ئەمنی شارەکانیان لەلایەن حەشدەوە. دۆش داماون ، راستر ئەم پێکھاتەیە بەھۆی ئەو زەبرە گەورەیە سیاسی لە دوای رووخانی دیکتاتۆر سەددامەوە بەریان کەوتوە، بونەتە پێکھاتەیەکی قەدەریی و چاوەریی بریاری ئەوانی ترن.

کورد جگە لە بەدەستھێنانی بودجە ھیچ ئومێدێکی تری لەسەر پایتەختی فیدراڵ ھەڵنەچنیوە. بە ئەزمون بۆ کورد سەلمێنرا بونی چەند پۆستێک لە بەغدا و ژمارەیەک نوێنەر لە پەرلەمان ناتوانن ببن بە کۆڵەکەی پارێزەریی مافی نەتەوەیی و دەستوریی گەلی کوردستان . ستراتیژی کورد لە ئێستایا بەکارھێنانی پایتەختی فیدراڵە بۆ بەھێزکردنی ھەرێم،  نەک وەکو  پایتەختێک کە   قوڵایی ستراتیژیی بۆ کوردستان ھەبێت. لەلایەکی تر لە کوردستان ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەھێزو کاریگەر نەماوە، تارادەیەک ئەنجامی ھەڵبژاردن روونەو، تەنھا گریمانەیەک ھەبێت لەسەر دەنگەکانی یەکێتییە. لەم روەوە یەکێتیش ھەموو وزەو توانای خۆی خەرج ئەکات ، لە ئەزمونەکانی رابردوو سەلمێنرا، یەکێتی رەگێکی مێژوویی ھەیەو توانای راوەستاون و رووبەروبونەوەی بەھێزە. ھەر بۆیە خەڵکی کوردستان ھیچ گرنگیەکان بۆ ھەڵبژاردنەکان نیە، لەگەڵ ئەوەی کامپینی ھەڵبژاردن بە رەسمی دەستی پێکردوە بەڵام ھیچ کەشوھەوایەکی بانگەشەی ھەڵبژاردن نابینرێ،  لە بازاڕی ھەڵبژاردن >

ئەنجام و پێشبینی
یەکەم؛ ئەگەر ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیا لە ٢٠٢١/١٠/١٠ ئەنجام بدرێ ، ئەوا بۆیاخێکی ئەمەریکی ،کەم تا زۆر پێوە ئەبێت. ئەمەش بۆ سەرۆک وەزیرانی ئێستا زۆر باشە. بە پێچەوانەوە، ئەگەر دوابخرێ ،کەواتە ئەکەوێتەوە زەمەنی نەمانی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا، یان راستر وایە بڵێین ئەکەوێتە زەمەنی حەشدی شەعبی، کە بە حەوشەی پشتەوەی ئێران ئەزانرێن ، لەم دۆخەدا لێکەوتەکانی ھەڵبژاردن، لەسەر ھەریەکە لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران بەھێز ئەبێت ، وەکو ئەڵێن چێشتەکە لە چێشتخانەکەی ئێران ئەکوڵێت!. 

دووەم؛ ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە کاتی خۆیدا بکرێت ، بەبێ بەشداری ئەو لایەنانەی کە بایکۆتیان کردوە، لەم دۆخەدا دوو راستی سەلمێنراوی پێشوەخت دەردەکەون، ئەوانیش رێژەی بەشداری دەنگدەران زۆر کەم ئەبێت و ڕەوایەتی ھەڵبژاردنەکە لە رووەکانی سیاسی و مەعنەوی، نەک دەستوریی ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، دووەم سەلمێنراو  ئەو راستیەیە کە بایکۆتکردن لە جەوھەرا فۆرمێکی تری نارەزاییە، ئەمەش بۆمبێکی چێنراو ئەبێت و ھەموو وەختێک ئامادەیە بۆ تەقینەوە.

بە کورتی، ئەم ھەڵبژاردنە لەگەڵ بونی بایکۆتیشدا ،ئەگەر ھەر بکرێ، ئەوا ئامانجێکی گرنگ و سەرەکی لەدەست ئەدات،کە ئەویش یەکریزیی و ئارامی سیاسیە. دەرگا بەرووی سینارۆی تازە ئەکاتەوە کە کۆی سیستەمی سیاسی و دەستوری ھەڵبگێڕێتەوە!



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP