دواین هەواڵ

کوردستان‌

 25/06/2022

وردەکاری کۆبوونەوەکەی قوباد تاڵەبانی لە کۆرمۆر

هەرێم نیوز

دوابەدوای زیادبوونی مەترسییەکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، قوباد تاڵەبانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەیاوەری وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت وبەرپرسانی دیکەی ئەمنی، شە‌وی 25ی 6ی 2022، سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردو لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای دانا غاز کۆبووەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکۆبوونەوەکەدا کە بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەی بوو، باس لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی حکومەت دڵنیایی بە بەرپرسان و کارمەندانی کێڵگەکە دا کە کار دەکەن لەپێناو پاراستنی ژیانی کارمەندانی ناو کێڵگەکە و ئەوان وەکو حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک رێگر نین لەبەردەم هاتووچۆی کارمەندان هەروەها لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر خەت دەبن بەمەبەستی رێگرتن لە ڕوودانەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.

هاوکات، لەکۆبوونەوەکە دڵنیایی درا سەبارەت بەوەی، ھێرشە‌كان هیچ کاریگەرییان نابێت لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و غازی شل و پێداویستی هاوڵاتییان پارێزراو دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ شەممە، بۆ جاری سێیەم بە موشه‌ك  هێرشكرایەوە سەر  كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، هەر دوێنێ قوباد تاڵەبانی لە میانی بەشداریكردنی لە پێشانگەی هەلی کاری ڤیم لە سلێمانی رایگەیاند، تائێستا نازانین بەئامانجكردنی كێڵگەی كۆرمۆر چ پەیامێكی لەپشتە، چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانین.

تاڵەبانی وتیشی، كۆمپانیا كانی نەوتی و غاز كە لەهەرێمی كوردستان كار دەكەن ورەیان لەوە بەهێزترە بەچەند مووشەكێك بڕوخێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP