دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 23/08/2022

ئەو مادەیەی نرخی یەک گرامی بە 25 ملیار دۆلارە

هەرێم نیوز

ئا. کەمال عەزیز (قولەبەرزی)

کاتێک باس لە گرانترین ماددەکان دەکەین، راستەوخۆ (زێڕ و ئەڵماس ...هتد) بە خەیاڵماندا دێت، بەڵام ئەگەر بێتو نرخی زێڕ بەنموونە وەرگرین کە لە ئێستادا هەر گرامێکی 56 دۆلاری ئەمریکیە، 56 دۆلار بۆ یەک گرام دەکرێت بڵێین بڕە پارەیەکی زۆرە بەڵام لە زێڕ و مادە گرانبەهاکانی دیکە گرانتر بوونی هەیە ئەویش پێیدەڵێن دژەمادە.

دژە ماددە ( Antimatter) چییە؟

دژە ماددە، بەوە دەناسرێتەوە کە ھەڵگری دژە تایبەتمەندییەکانی ماددەیە و لەرووی باری ئەلیکتریکییەوە پێچەوانەی ماددەی ئاساییە، پرۆتۆن لە دژە ماددەدا باری نیگەتیڤی هەیە کە پێی دەڵێن دژەپرۆتۆن هەروەها ئەلیکترۆنەکانی باری پۆزەتیڤیان هەیە پێاندەڵێن پۆسیترۆن.

کاتێک ماددە و دژە ماددە بەریەک بکەون وزەیەکی ئیجگار گەورە بەرهەمدەهێنن کە 100% لە سەدا سەدی وەزە بەرەڵا دەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە بەهێزترین چەکی ئەتۆمی دەتوانێ تەنها 7 بۆ 10 لەسەدی بارستەی ئەلیکترۆن بگۆڕێت بۆ وزە.

بە نموونە، ئەگەر بێتو یەک گرام دژە مادە لە دەستدا بێت و بیکێشی بە زەویدا ئەوا لە ئەنجامدا تەقینەوەیەکی لێ دروست دەبێت لە هەردوو بۆمبە ئەتۆمیەکەی ناکازاکی و هیرۆشیما مەرگبارتر کە بە ئاسانی دەتوانێت شارێک لەگەڵ خاکدا یەکسان بکات، یاخود ئەگەر بێین یەک لەسەر ملیاری دژە مادە لە فیشەکێکدا بەکاربهێنین و بیتەقێنین ئەوا دەتوانێت خانویەک یاخود تانکێک یان هەر شتێک بە ئەندازەی ئەوانە لەناو ببات.

توێژینەوەکان دەریانخستووە، دەکرێت دژەمادە جگە لە بواری سەربازی بۆ زۆر بواری تریش بەکاربێت، بەشێوەیەک دژەپرۆتۆنەکان کە بەشێکی دژە ماددە پێکدەهێنن، بۆ چارەسەرکردنی هەندێک جۆری شێرپەنجە سودبەخشن.

زاناکان لەو باوەڕەدان بەسود وەرگرتن لە دژە مادە وەک سوتەمەنی مرۆڤ دەتوانێت دەستی بگات بە پەنجا لە سەدی خێرایی رووناکی.

دروستبوونی دژەماددە بەشێوەی سروشتی

کاتێک تیشکە گەردوونییەکان لەگەڵ بەرگەهەوای زەوی بەریەک دەکەون دەبنە هۆی دروستبوونی دژەمادە ، بەڵام بڕەکەی ئەوەندە کەمە، لەکاتی بەرکەوتنی لەگەڵ ماددەی ئاسایی لەناودەچێت، بۆیە زاناکان بیریان لەوە کردووەتەوە کە دژەمادە بەشێوەی دەستکرد بەهەمبهێنن.

لە هەوڵێکدا لەلایەن سەنتەری پێکداکێشەری گەورەی "هادرۆن" لە سویسرا کە لەلایەن رێکخراوی ئەوروپی بۆ تۆێژینەوەی ئەتۆمی (سێرن)ەوە بەڕێوەدەبرێت، هاوکات یەکێکە لە سەنتەرانەی کە خاوەنی گرانترین و پێشکەوتووترین ئامێر و کەرەستە تەکنەلۆژییەکانە لە جیهاندا، سەنتەرەکە لە توانایدایە لە خولەکێکدا 10 ملیۆن دژەپرۆتۆن بەرهەمبهێنێت! 10 ملیۆن دژە پرۆتۆن ژمارەیەکی گەورە دێتەپێشچاو، بەڵام لە راستیدا بڕێکی  زۆر لەوە کەمترە کە بتوانین بگەین بە ئەنجامێکی دڵخواز لە بەرهەمهێنانی دژە مادەدا.

ئەگەر بەم خێراییە لە بەرهەمهێنان کە 10 ملیۆن دژە ماددەیە لە خولەکێکدا بەردەوام بین، ئەوا  لانیکەم 100 ملیار ساڵمان پێویستە بۆ ئەوەی دەستمان بگات بە یەک گرام لە دژە ماددە. 

سەختی و گرانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی دژە ماددە یەکێکە لەو چەندان کێشەیەیەی بەردەم زانایان، لەکاتێکدا هێشتا کێشەی خێرایی بەرهەمهێنانەکەی چارەسەرنەکراوە کێشەیەکی دیکە دێتە پێشەوە ئەویش شێوازی هەڵگرتنی دژەمادەکەیە، چونکە پێشتر ئاماژەمان پێدا کە بەرکەوتنی دژەمادە لەگەڵ ماددەی ئاسایی دەبێتەهۆی ئازاد بوونی وزە، هەروەها دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئەم هەسارەیەی خۆمان لەسەری دەژین، لە ماددەی ئاسایی دروستبووە ئەمەش دیسانەوە ریسەکە دەکاتەوە بە خوری.

کەوایە ئەگەر بمانەوێ سەرکەوتوو بین لە بەدەستهێنانی بڕی پێویست، ئەوا دەبێت دژە ماددە بەشێوەیەک هەڵبگیرێت کە لە هەوادا بێت بە واتایەکی دیکە (بە موعەلەقی) و بەبێ ئەوەی بەریەککەوتنی هەبێت لەگەڵ مادەی ئاسایی.، ئەمەش لە کاتێکدا رێکخراوی سێرن توانیویەتی دژەماددەی بەرهەمهێنراو بۆماوەی تەنها 17 خولەک هەڵبگرێت، دوای ئەو کاتە دژە ماددەکە لەناودەچیت.

لە بڵاوکراوەیەکدا ناسا خەمڵاندنی نرخی بەرهەمهێنانی یەک گرام دژەمادەی بەرامبەر بە 25 ملیار دۆلار کردووە، ئەمە لەکاتێکدیە لە راپۆرتێکی پێشوتری هەمان دەزگادا نرخی یەک گرامی بە 62 تریلیۆن دۆلار خەمڵاندبوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP