دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18/01/2023

د. ڤیان سلێمان: پارتی هەمیشە دەرگای گفتوگۆی لەسەر پشتە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان

محەمەد جەمال - هەولێر

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ تەواوی پارتە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و دەڵێت، پارتی هەمیشە دەرگای گفتوگۆی لەسەر پشتە لەگەڵ تەواوی پارتە سیاسییەکان دا.

د. ڤیان سلێمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەرێم نیوز دەڵێت، یەکێک لە وتەکانی جەنابی سەرۆک لە کۆنگرەی ١٤ـی پارتەکەمان ئاماژەدان بوو بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی پارتی لەگەڵ تەواوی پارتە سیاسییەکانی ناوخۆی کوردستان.

دەشڵێت:" جەنابی سەرۆک لە کۆنگرە ئاماژەی بەوەدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ تەواوی پارتە سیاسییەکان کراوە دەبێت لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان."

د. ڤیان باس لە خاڵی هاوبەش و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی دەکات ودەڵێت، خاڵە ناکۆکەکان زۆر کەمن، بەڵام خاڵە هاوبەشەکان یەکجار زۆرن، بۆیە چارەسەرکردنیان ئاسانن، هەروەها بەدەستپێشخەری پارتی دیموکراتی کوردستان ئاسۆیەکی ڕوون دەبینرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان، چونکە پارتی وەک هەمیشە خۆی بە پارێزەری ئەو دەستکەوتانە دەزانێت و مێژووش شاهیدی ئەوەمان پێ دەدات کە پارتی لەهەموو قۆناغەکان دا دەرگای گفتۆگۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر پشت بووە.

لەسەر ئاستی عێراقیش ئەو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونی دەکاتەوە، لەبەرئەوەی پارتی بڕوای بە گفتوگۆ و دانووستان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا، بۆیە وەک دەبینرێت پارتی دیموکراتی کوردستان چ لەسەر ئاستی حزب و چ لەسەر ئاستی حکومەت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەت و لایەنە عێراقییەکان بەرەو پێشتر هەنگاو دەنێت، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە چارەسەری گونجاو دەبینێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP