هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، ئارد و هێلکەی پاڵپشتیکراو لە لایەن حکومەتەوە دەخەنە بازاڕەکانەوە، لە داهاتووشدا نرخی مریشک بۆ نیوەی نرخی ئێستای دادەبەزێنن.
محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق کۆگاکانی ئامادەکردووە بۆ خستنە بازاڕی کەلوپەلە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەک هێلکە بە 4,750 دینار بۆ هەر تەبەقێک و ئارد بە 40 هەزار دینار بۆ هەر فەردەیەک و ئەم نرخانە جێگرین و لە سبەینەوە بەم نرخە دەدرێنە بریکارەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، بریکارەکان دەتوانن بەو نرخە دیاریکراوە هێلکە و ئارد لە کۆگاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بکڕن و ئامانج لەم بڕیارە بریتییە لە دابینکردنی کەلوپەل بە نرخی گونجاو.
باسی لەوەشکرد، لە هەنگاوەکانی دواتریاندا نرخی مریشک هەرزان دەکەن بە شێوەیەک نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ نیوەی نرخی ئێستا داببەزێت و هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ جێگیرکردنی نرخی خۆراکەکانی دیکە.