دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22/01/2023

کورد وەک بەشداربویەکی چالاک لە کۆنگرەى 53 هەمین دا

ئێوارەى دووشەمە 16 کانونى دووەمى 2023 کۆنگرەى ئابورى داڤۆس 53 کە لە سویسرا ساڵانە بۆ سیاسەتمەدار، سەرمایەدار، بازرگان و ئابوریناسان ڕێکدەخرێت دەستى بەکارەکانى کرد، لە کوردستانەوە (سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان و لە عێراقیشەوە سەرۆک کۆمارى عێراق) بەشدارییان تێدا کردووە، پرسیارەکە ئەوەیە کورد لە کوێی کۆنگرەى داڤۆس دایە؟ ئایا دەکرێت دڵی پێخۆش بکرێت و بگوترێت گۆرانکارییەک لە سیاسەت و ئابوری کوردستاندا بێنێتە ئاراوە؟

کۆنگرەکە لە 16 ى مانگی کانونی دووەم تا 20 مانگی خایاند و 2700 کەس لە 130 وڵاتى جیهانەوە لە ڕێوڕەسمێکی تەواو فەرمی و ئەمنیدا بەڕێوەچو و پێکهاتەکانى کۆنگرەکەش بەم شێوەیەیە بوو: 370 بەشداربویان کەسایەتى گشتى و حکومین، 1500 یان بازرگان و خاوەن کارەکانن، 90 کەسیان داهێنەرن، 56 کەسیان وەزیری دارایی و 19 یان سەرۆکی بانکی ناوەندی وڵاتەکانن و 30  کەسیشیان وەزیری بازرگانى و 35 کەسی تریشیان لە وەزیرانى دەرەوەى وڵاتە بەشدارەکانن.

کۆنگرەی ئابووریی جیهانی کە لە ساڵی 1971ز دامەزراوە ڕێکخراوێکی نا حکومییە، بە بەشداربوونی 1000 کۆمپانیای فرەڕەگەز  دامەزراوە کە کار لەسەر هەڵگرتنی بەربەستەکان دەکات بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان، ئەم کۆنگرەیە ساڵانە میواندارییەکانی دەستپێدەکات لە کانونی دووەمی هەموو ساڵێکدا لە داڤۆس، کە کۆمەڵگایەکی شاخاوییە لە گرابۆندن لە لای ڕۆژهەڵاتی چیاکانی ئەڵپەوە لە سویسرا، ئەم کۆبوونەوەیە ساڵانە نزیکەی 2500 سەرکردەی ئابووری و بزنس و سیاسیی نێودەوڵەتی کۆدەکاتەوە لەگەڵ خاوەن ناوبانگ و ڕۆژنامەوانەکان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ،

ئەمەش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنە بازرگانییەکان. ڕێکخراوەکە ساڵانە نزیکەی شەش بۆ هەشت کۆبوونەوە گرێدەدات لەسەر ئاستی ناوچەکانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکای لاتین، لەگەڵ دوو کۆبوونەوەی ساڵانە لە چین و هیندستان و ئیماراتی عەرەبی، پێشتر زۆر کۆنگرەی نێودەوڵەتی دیکە هەبوون ناویان لێدەنرا داڤۆس، بەڵام کۆنگرەی ئابووری جیهانی ڕێگری لەم بەکارهێنانە کرد بۆ ناوەکەیان لە هەر کۆنگرەیەکدا کە لە لایەن ئەوانەوە ڕێک نەخرابێت، ئەم بەیاننامەیەش لە 21ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 دەرچوو لە پێش کردنەوەی ''دەستپێشخەری وەبەرهێنان بۆ داهاتوو'' لە ساڵی 2018 کە ناوی لێنرابوو داڤۆس لە بیابان کە لە لایەن سندوقی وەبەرهێنانی گشتی لە شانشینی عەرەبی سعودی ڕێکخرابوو.

تەوەرە سەرەکییەکانى ئەم کۆنگرەیە لەسەر کۆمەڵێک تەوەر ڕادەوستێت ، لەوانەش پشتگیریی کردنى وزەى جیهانى، ئاسایشی خۆراک، ئاسایش بەشێوەیەکی گشتى بۆ هەمو جیهان و بەتایبەتى بۆ ئەوروپا، لەبەر ئەوەى کێشە پێشووەکانى کۆرۆنا و جەنگی ئۆکرانیا و روسیا گەورەترین کاریگەرییان لەسەر هەموو جیهان بەجێهێشتوەو چاوەڕێش دەکرێت ئەمساڵە بەتەواوى بگرێتەوە.

بەرپرسانى باڵای کۆنگرەى ساڵانەى داڤۆس تایبەت بە ئابورى لە سویسرا باس لەوە دەکەن دواى سەرهەڵدانی کۆرۆناو هەڵگیرسانى جەنگی روسیا ئۆکرانیا، ئابورى جیهان شڵۆق بوەو تەنانەت کێشە بۆ بەرنامە خۆراکییەکانى نەتەوە یەکگرتوەکانیش هاتوەتە پێشەوە و ئەوروپاش بەو هەموو پێشکەوتوویی و پێشەنگییەى لە بوارى ئابورى و پیشەسازییدا کەوتۆتە ژێر فشارێکی گەورە و ئەوەى چاوەڕێ نەدەکرا ڕویدا،

هەرچەندە چین کۆتایی کۆرۆناشی ڕاگەیاندوە، بەڵام وڵاتێکى وەک بەریتانیا و وڵاتانى یۆرۆ لە سایەى جەنگی روسیا و ئۆکرانیادا گەورەترین زیان بەر ئابورییەکەیان کەوتووە، بەڵام کرانەوەى چین بەڕوى جیهاندا ئومێدێک بە جیهان دەبەخشێتەوەو پەنجەرەیەکی ئومێد دەکاتەوە بەڕووی ئابوری جیهاندا و بەشێک لە ئابوری ناسانى بەشدار بووى کۆنگرەکەش پێیان وایە تا کۆتایی ئەمساڵ چین دەگەڕێتەوە سەر سکەى خۆی و تا ئەو کاتەش یەدەگى گەنجینەکان کۆتاییان نایەت و ئەمەش وەک مژدەیەک و پێشبینیەکی ئابورییانە سەیری دەکرێت و بە کۆتایی هاتنى ئەمساڵ ئەگەر پێشهاتى بەهێزی تر نەیەتە پێشەوە ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی بوژانەوەى ئابورى کە لە ئێستادا دواى تەواوبوونى کۆرۆنا لە هەندێک لە وڵاتانى ئاسیا دەستى پێکردووە.

یەکێک لەو تەوەرە گرنگانەى کە لە کۆنگرەى داڤۆس دا جەختى دەکرێتە سەر بابەتى وزەیە کە لە ئەنجامی بڕینى گازی سروشتى روسیا لە ئەوروپا، ئاریشەى گەورەى ئابوری هێناوەتە ئاراوە، بەبڕواى توێژەران یەکێک لە ئەرکەکانى ئەم کۆنگرەیە گەڕانە بەداوى جێگرەوە و پرکردنەوەى پێداویستیەکانى گازى سروشتیدا، یەکێک لە جێگرەوەکان کە پێشتر چاوەڕێ دەکرا کاریگەرییەکان کەم بکاتەوە دروستکردنى ئۆتۆمبێلى کارەبایی بوو، تا لەو ڕێگەیەوە بەکاربردنى سوتەمەنى کەمبکرێـتەوەو سوتەمەنى دۆستى ژینگە جێگەى بگرێتەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان لە ساڵی 2019 دا 3% ى ئۆتۆمبێلەکان فرۆشراون کە ئەوەش ڕێژەیەکی دڵخۆشکەر نەبووە، بەڵام لەساڵی 2023 دا ڕێژەکە بەرزبوەتەوە بۆ 13% .

ھەرێمی کوردستان، ئەگەرچی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و لە چوارچێوەی عێراقدایە، بەڵام بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە جیھان و ناوچەکە و بەدیاریکراوی ڕۆڵی مەسرور بارزانی، لە ڕووی سیاسی - ئابووری و یەکلاییکردنەوەی گرفت و چەقی گفتوگۆ و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان و زەمینەڕەخساندن بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر، هۆکارن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی سەرەکی و کارای کۆڕبەندەکە بێت.

لە كۆڕبەندی داڤۆسی ئەمساڵدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی سەرەتادا کۆمەڵێک دیداری بایەخداری دیپلۆماسی ئەنجام دا، لەگەڵ (ئەلیکساندەر دیکرو) سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، (داڕێڵ عیسا) کۆنگرێسمانی ئەمریکی، (تۆنی بلێر) سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، (فیلیپ) شای بەلجیکا و (ماتیل) شاژنی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی باڵای بەلجیکا، (لەتیف ڕەشید) سەرکۆماری عێراق، (عەبدوڵا بن عادل فەخرۆ) وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی بەحرەین و هتد..

ئەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە، مەسرور بارزانی گەیاندوویەتییە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی گەنگەشەی بابەت و پرسە ھەنووکییەکانی ئێستای جیھان بوون، وەک:

١- پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیھان.

٢- گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی.

٣- زیاترکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتان، بەتایبەت لە بواری بارزگانی و ھەناردەی بەروبوومی کشتوكاڵی.

٤- ڕووبەڕوونەوەی داعش و پێگەی ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی پاشماوەكانی داعش.

٥- ھەنگاوەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری گرفتەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی لۆژیک و ڕاستییەکان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

٦- ھاوئاھەنگی بۆ بەرەنگاریی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوھەوا.

٧- چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەمەجۆرکردنی ئابووری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوازییە گشتییەکان.

٨- خستنەڕووی نیازپاکیی حكوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی یاسای نەوت و غاز، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی (ڕۆیتەرز).

٩- پابەندیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە دانەوەی ئەو قەرزانەی کە لە کۆمپانیا بیانییەکان وەرگیراوە.

١٠- مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لۆژیکییانە چەندان بابەتی بۆ نوێنەر و کاربەدەستی دەوڵەتانی جیهان ڕوون کردەوە.

هەر بۆیە دوای تەواوبونى کۆڕبەندەکە چاوەڕێ دەکرێت پێگەى هەرێمی کوردستان هێندەی تر بایەخ پەیدا بکات و ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر پێگەى هەرێمی کوردستان لەنێو وڵاتانى ئابوری جیهاندا و لەنێو کۆمپانیا و سەرمایەدارانیش دا ناوبانگێکی دیکەى دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP