دواین هەواڵ

ئابوری‌

 23/01/2023

هەرێمی کوردستان دەروازەیەکی بردنەدەرەوەی دۆلارە !؟

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە،  کوردستان دەروازەى  بردنەدەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ بێت و رایدەگەیەنێت، رێکاری توند لەلایەن دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر، بەمەبەستی رێگریکردن لە بردنەدەرەوەی دۆلار.

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە ماڵپەڕی (بغداد اليوم)ـی راگەیاندوە، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن کە گوایە بوەتە دەروازەیەک بۆ بردنەدەرەوەی دۆلار، تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەمان.

ئەوەشی خستوەتەڕو، "لەئێستادا چەندین رێکاری توند لەلایەن دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر، بەمەبەستی رێگریکردن لە بردنەدەرەوەی دۆلار و دراوەکانی دیکە، هەروەها هەرکەسێکیش بە بردنە دەرەوەی دراوی بیانی تۆمەتبار بکرێت، ئێمە بەگوێرەی رێنماییەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین".

ئەوەش لەکاتێکدا ئەمڕۆ دو پەرلەمانتاری عێراق و کوردستان ئەنجامی بەدواداچونێکی خۆیان لەبارەی دۆسیەی بردنەدەرەوەی دۆلار بڵاوکردەوە و ئاشکرایانکرد، لەماوەی 6 ساڵدا 78 ملیار دۆلار براوەتە دەرەوەی عێراق و لەو ژمارەیەش چوار بانکی هەرێم زیاتر لە 10 ملیار دۆلاریان بردوەتە دەرەوە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو کەسانە تۆمارکرابێت کە پارەکەیان ناردۆتە دەرەوەی عێراق.

هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ یەکێتی ژورە بازرگانییەکان کۆبوەوە و رایگەیاند، بەمەبەستی جێگیرکردنی دراو بڕیاردراوە دەروازەی نوێ بۆ فرۆشتنی دۆلار بە بازرگانان لە بانکی بازرگانی عێراق (TBI) بکرێتەوە و بانکی ناوەندی عێراقیش بەبەهای 500 مليۆن دۆلار پشتیوانی دارایی بۆ بانکەکە دابین دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP