دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 24/01/2023

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سۆشیالیست: ئەو بارودۆخەی ئێستا ئەگەر وا بڕوات بەرەو ناسەقامگیریمان دەبات

محەمەد جەمال – هەولێر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە حزبەکەیان چاوەڕوانی یەکهەڵوێستی و یەک گوتاری سیاسی لە حزبەکانی تری کوردستان دەکات.

فارس ڕەحمان حاجی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان بۆ هەرێم نیوز دەڵێت، ئێمە وەک حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی یەکهەڵوێستی و یەک گوتاری سیاسی لە حزبەکانی کوردستان تری دەکەین بەرامبەر بە بەغدا، لەهەمان کات دا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش لەسەر هەموو پرسەکان هەمان ڕایان هەبێت، لەبەرئەوەی ئەو بارودۆخە ئەگەر وا بڕوات بەرەو ناسەقامگیریمان دەبات.

فارس ڕەحمان وتیشی، پارتی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان و بەتایبەت سەرۆکی پارتەکە، حەمەی حاجی مەحموود لەهەموو بارودۆخ و قەیرانە سیاسییەکان دا هەڵوێستی هەبووە و سەردانی حزبەکانی کردووە، لە ڕابردووشدا توانیویەتی هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە.

لەبارەی ئەو سەردانانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم سەردانی گوڵەخانەیان کردبوو، فارس ڕەحمان ڕوونی دەکاتەوە، سەردانەکان بۆ گوڵەخانە، تەنها بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بووە، بەتایبەت سەردانی شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ گوڵەخانە، بۆ نیگەرانی ئەو بارودۆخە بوو کە ئێستا لە هەرێم گوزەر دەکات.

فارس ڕەحمان ئاماژە بە سەردانەکانی سەرۆکی حزبەکەشی دەکات کە لە ماوەی ڕابردوو ئەنجامی داوە، بەتایبەت ئەو سەردانانەی کە بۆ لای سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ئەنجامی داوەو  دەشڵێت، حەمەی حاجی مەحموود لەگەڵ بافڵ تالەبانی بەردەوام لە پەیوەندی دا بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان، بۆیە ئەو بە بەردەوام لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان هەوڵ دەدات چارەسەری گرفتەکان بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP