درێژکردنەوەى وادەى پەرلەمانى
کوردستان لەکاتى خۆیدا مشت و مڕی زۆری لێکەوتەوە، هەندێک خۆیان پێوە هەڵدەکێشا و
هەندێکی تریش پێیان وابوو کارێکی باش نیە، بەڵام هەمووان کۆک بوون لەسەر ئەوەى لە ماوەى
ئەو ساڵەدا یاسا تەواونەکراوەکان تەواوبکرێت و لەمپەرەکانى بەردەم پرۆسەى
هەڵبژاردنیش بەرتەرەف بکرێت، بەڵام ئەوا بەرەو کۆتاییەکانى ئەو وادەیەش دەچین و
پرسیارە جدییەکەش سەرهەڵدەداتەوە؛ ئایا لەکاتى خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانى
کوردستان ئەنجام دەدرێت؟
ئەو هێزانە کامانەن کە پشتیوانى
هەڵبژاردن دەکەن و جەخت دەکەنەوە لەکاتى خۆیدا ئەنجام بدرێت و ئەوانەى تریش
کامانەن هەر جارەى بە بیانویەک پیلان بۆ دواخستن و بگرە نەکردنى دادەڕێژن.
دواخستنى هەڵبژاردن و ئەنجامنەدانى
لەوادەى خۆیدا بۆ نوێنەرایەتى وڵاتانى خۆرئاوایی بەتایبەتى ئەوروپی و ئەمریکیەکان
جێگەى سەرنجە، هەربۆیە ئەوان بەردەوام جەختیان لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە نابێت
دوابخرێت و دەبێت لەوادەى خۆیدا ئەنجام بدرێت و لایەنەکانیش بە دەرئەنجامەکانى
ڕازی بن، وەک شارەزایان باسی دەکەن لە زۆرینەى کۆبونەوەکانیاندا لە گەڵ بەرپرسانى
حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتى هەرێمدا جەخت لەسەر دوانەخستنى پەرلەمان دەکەنەوە
وهێندەش بە پەرۆشی ئەنجامدانی پرۆسەکەن کە ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکارییەکیان هەیە
، بەتایبەتى لە ڕووی چاودێری و لۆجستییەوە کە ئەوان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لە
سەر شەرعیەت پێدانى هەر جۆرە هەڵبژاردنێک لە ناوەندە جیهانییەکاندا، هەربۆیە هەموو
جارێک نوێنەرانی پارتى چ لە نێو حیزب و چ لە نێو حکومەت و پەرلەمان ڕای خۆیان
نەشاردوەتەوە و لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەکەدا بوون.
تەنانەت مەکگۆرکیش کاتێک سەردانى
بارزانى و سەرۆکایەتیەکانى هەرێمی کرد جەختى لەسەر هەڵبژاردن کردوەتەوە و ئەوەش
دیدگای ئەمریکا بەرامبەر پرۆسەکە دەخاتە ڕوو لە هەمان کاتیشدا بۆچونى بارزانى و
حکومەتی هەرێمیان دەست کەوتووە.
سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستانیش لە
میانەى چاوپێکەوتنێکیدا لە پەراوێزی کۆنگرەى داڤۆسدا بە میدیاکانى گوت: من له سهرهتاوه
لهگهڵ ئهوه بووم، ههڵبژاردن لهكاتی خۆیدا بكرێت و درێژ نهكرێتهوه، به ههر
حاڵ دهبێت ئهمساڵ ههرچۆنێك بێت ئهو ههڵبژاردنه بكرێت، من خۆم به ههموو
توانای خۆم پشتیوانی ئهوهم ههڵبژاردن له كاتی خۆیدا بكرێت و هیچ رێگهش به
بیانوو نهدرێت بۆ ئهوهی ئهم ههڵبژاردنه چیتر دوابخرێت.
سەبارەت بە بیانووى هەندێک لایەنیش کە
دەڵێن حکومەت ئامادەکاریی نەکردوەو بودجەى بۆ تەرخان نەکردوە، مەسرور بارزانى بە
ئاشکرا گوتویەتى: ئهوهی لهسهر حكومهتیشه، دابینكردنی پێداویستییهكانه،
ئامادهین جێبهجێی بكهین، بهشێكیشی لایهنی یاساییه، هیوادارم ئهوانیش چارهسهر
بكرێن و ئیتر بهرهو ههڵبژاردنێكی سهركهوتوو و بێگهرد.
هەرچەندە کۆمیسۆینی باڵاى
هەڵبژارنەکان لە پێنج پارتى سەرەکی دروستکراوە، بەڵام تا ئێستا دوو لە پۆستەکانى
چۆڵن و نیسابی یاسایی تەواو ناکات، هێمن هەورامی بەناوى فراکسیۆنی پارتی دیموکراتى
کوردستانەوە ئامادەیی دەربڕیی کە ئەوان ئامادەن هەفتەى داهاتوو کۆبونەوە بکرێت و
ئەو دوو پۆستەش پڕبکرێتەوە و ئەو بیانووەش نەمێنێت، هەربۆیە ئەمە بەیەکێک لە
هەنگاوە ئەرێنییەکان و تێڕوانیینە ئەرێنیەکانى پارتى دێتە ئەژمار کەجەخت لەسەر
ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەکرێتەوە.
هەروەک چاودێران باسی دەکەن پارتى وەک
گەورەترین هێزی سیاسی و کوتلەى پەرلەمانى لەگەڵ هەڵبژادندایە لە وادەى خۆیدا و بەم
هەڵوێستانەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە نەک هەر ترسی لە هەڵبژاردن نییە بەڵکو تۆپەکەى خستوەتە
گۆڕەپانى لایەنەکانى دیکەوە کە چیتر دواى نەخەن و بیانووی لاواز نەهێننەوە بۆ
دواخستنى هەڵبژاردن، بەتایبەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و گۆڕان کە دوو
پێکهێنەرى سەرەکی و شەریکی ڕاستەقینەى کابینەى نۆیەمن، ئەوەى لەم بوارەدا
دەمێنێتەوە وەڵامى کرداریی ئەو بانگەوازەیەو هیچی تر.
خۆ ئەگەر ئەوان ئامادەنەبن ئەوا
تاوانەکە دەکەوێتە ئەستۆیان و دەبێت وەڵامی پارتى و خەڵکیش بدەنەوە، چون لەوە
زیاتر ناتوانن بانگەشەى خاوێنکردنەوەى لیستى دەنگدەران و دانیشتنى کۆمیسیۆن و
بیانوەکانى تر بدەن بەگوێی هاوڵاتیاندا و باشیش دەزانن کە خەڵک هوشیارە و باش
دەزانن کێ لەگەڵ هەڵبژاردنى پەرلەماندایەو کێی تریش لەگەڵیدا نییە. هەروەک هێمن
هەورامی ڕایگەیاندووە ئەوان چ لیستێکیان بەدڵە بۆ هەڵبژاردن پارتى لەگەڵیاندایە و
کێشەى نییە، ئەوەشی خستوەتە ڕوو کە ئەوان بایۆمەتری ساڵی 2021 بە باشترین بژاردە
دەزانن.
هەموو ئەو ڕاستییانە لەوەوە سەرچاوە
دەگرێت کە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چەندە پڕبایەخە چ بۆ بەڕێوەچوونى ئەو
پرۆسە دیموکراسییە سەردەمییانە و لە هەمان کاتیشدا دۆستەکانى کورد و چاودێرانى
پرۆسەى سیاسی لە ناوچەکەدا دەزانن چەندە دواخستن یان ئەنجامنەدانى زیان لە
ناوبانگی کوردستان و حکومەتى هەرێمی کوردستان دەدات.
لە ئێستە بەدواوە بەرپرسیارێتى یاسایی
و سیاسی لە ئەستۆی لایەنەکانى تردایە بەو پێیەى کە بەڕوونى تەنها پارتى دیموکراتى
کوردستان و نەوەى نوێ (کە خۆیان ناوناوە ئۆپۆزسیۆنى پەرلەمانى) ئامادەیی خۆیان بۆ
ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا دەربریوەو ئەوانى دیکەش لە چاوەڕوانى
هەڵوێستى ڕوون و ئاشکرا و بێ گرێ وگۆڵ و بێ پێچ و پەنادان و وەک پەندە عەرەبییەکەش
دەڵێت : بیانووی ئاگادارکراو پەسەند نییە.