دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 27/01/2023

لە مەحکەمەى سەورەوە تا دادگاى فیدراڵی

ئێران چ داواکارییەکی لەپارتی و حکومەتی هەرێم هەبووە و بۆچی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم هان دەدات؟

یەکەمجار نییە دادگاى فیدراڵی عێراق لە دژایەتى هەرێمی کوردستاندا بڕیاردەردەکات و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە شکۆی هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە، هەرجارەى بەجۆرێک و لەلایەکەوە پەلامارى کوردستان دەدات، بەجۆرێک هەر هەلێکی بۆ هەڵبکەوێت درێغی ناکات و لەمپەر لەبەردەم بەرەوپێشەوە چونیدا دادەنرێت، بەردەوام ئەو هەنگاوانەش کەم و زۆر کاریگەرییان هەبوەو دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد و لەبری چارەسەر درز دەخاتە نێوانەوە ، خۆ ئەگەر بەشێوەیەکی گشتى دەرئەنجامی بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵی وەربگرین لەوە تێدەگەین خواستێکی دوژمنکارانە، یان راستتر نیەتێکی شاراوەی ناباشیان لە پشتەوەیە.

وەک شارەزایان باسیدەکەن دادگای فیدراڵی بە بڕیارێكی نوێ (١٧٠/اتحادیة/٢٠٢٣) گورزێكی گەورەی لە رێككەوتنێكی سیاسی نێوان حكومەتی سوودانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان داوە ،چونكە دادگاكە رەوانەكردنی گوژمەپارەی وەك پێشینە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان بەیەكجاری و بەشێوەیەكی بنبڕ راگرتوە هەتا پەسەندکردنی بودجە.

ئەم بڕیارە كە هاوشێوە و پشتڕاستكەرەوەی بڕیاری دژ بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی كوردستانە کە لە(15ی شوباتی 2022)دا دەرکرا، بەڵام نەچووە بوارى جێبەجێکردنەوەو لەرزۆکی حکومەتەکەى کازمی نەیتوانى درێژە بە حوکمى خۆی بدات و هەروا ئەو بڕیارە بوە ژێر تەپ و تۆزی گۆڕانکارییەکان با هێزی یاسایشی مابێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەیەک دەرگای لەسەر چارەسەرە كاتییەكان بۆ كێشە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان داخست.

هەرێم نیوز بەپشت بەستن بەسەرچاوەیەکی ئاگادار لەبڕیاری سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێم زانیویەتی ئێران لەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانەوە داواکاری ئەوەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسانی حکومی پارتی کردووە کە حزبەکانی رۆژهەڵات بەتایبەتی کۆمەڵە و دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەربکەن، هاوشێوەی موجاهیدینی خەلق کە لە عێراق دەرکران.

سەرچاوەکە ئەوەشی وت، پارتی بەداواکارییەکەی ئێران رازی نەبووە و پێی وتوون راستە ئەو حزبانە جەماوەرییان زۆرە لەئێراندا بەڵام ئێوەش دەزانن ئەوان هیچ جۆرە چالاکییەکیان نەکردووە ئەوەی ئێوە دەیڵێن تەنیا بیانووە.

سەرچاوە ئاگەدارەکە جەختی لەوەشکردەوە ئەگەر ئێران سەد بڕیاری تری وەها بەدادگای فیدراڵی بدات دژی هەرێم، ئەوە نەپارتی و نە حکومەتی هەرێم ناچنە ژێرباری بڕیارەکانی ئێرانەوە.

هەرێم نیوز ئەوەشی زانیوە ساڵی 2017 فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا و چەند فراکسیۆنێکی تر کە فراکسیۆنی کوردیشی تێدابووە، ویستیان پرۆژە یاسای دەرکردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ببەنە پەرلەمان و بیکەن بەیاسا، بەڵام کاتێ ئەمریکییەکان بەو کارەیان زانی و فشارییان کرد، ئەوە پرۆژە یاساکە پێشکەشی پەرلەمان نەکرا و بەبێ دەنگی دایانخست.

سەرچاوەکەی هەرێم نیوز، ئەوەشی وتووە، پێشتریش تەواوی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی دژی کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان دەرچووە بەفیتی ئێران بووە و بۆ فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام حکومەتی هەرێم پێوەی پابەند نەبووە و بەردەوام بووە لەکاری خۆی.

سەرچاوەکە وەک پەیامێکیش بۆ ئێران ئەوەی وت، دەبێ ئێران بزانێت نەپارتی و نەحکومەتی هەرێم سازش لەسەر یەک قەترە نەوتی کوردستان ناکات و بەمافی هاوڵاتیانی هەرێمی دەزانێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەک تەسلیمی ئیرادەی لایەنە شیعەکان و ئێران نابێت، بەڵام ئامادەی هەموو جۆرە ڕێککەوتنێکە بۆ پاراستنی مافە دەستورییەکانی هاوڵاتیانی کوردستان.

دوا بریاری دادگاى فیدراڵی لەبارەى ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان کە لە ئەنجامی سکاڵای پەرلەمانتارێکی عەرەبی عێراقی هاتۆتە بەرباس، کاردنەوەى زۆری بەداوى خۆیدا هێناوە، لە کاردانەوەى بارزانیدا بۆ بریارەکە پەیامێک بوو کە ئاڕاستەى هەرێمی کوردستان کراوەو تیایدا هاتووە: جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەری گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگای فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.

هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە "بەپێی رێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی کابینەی نوێی عێراق، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا لە دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی عێراق، هەردوو پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵ و ئەنجوومەنی ئیتیحادی دەربچن، بەڵام هەنگاو و رەفتارەکانی ئێستای دادگای فیدراڵ(بەداخەوە) کێشە دروستکردنە لە بەردەم > Shankar Abdulla: گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەركردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

لە هەمان کاتیشدا لەبارەى بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵییەوە یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەڕێگەى وتەبێژەکەیەوە هەڵوێستى راگەیاندوە و گوتویەتى،" دەستوەردانى دادگا لە قوتى هاوڵاتیان بە هەموو شێوەیەک لەلایەن یەکێتییەوە رەتدەکرێتەوە و پاڵپشتى نابین". جەختیشى کردەوە کە ئەم بڕیارەى بڕیارێکى نەگونجاوە و پێویستە رێککەوتنەکان وەک خۆى جێبەجێ بکرێت و قوتى هاوڵاتیان نەبەسترێتەوە بەو بابەتەوە.

پەرلەمانی کوردستانیش وەک دامەزراوەیەکی شەرعی و مەدەنى رایگەیاند: بەداخەوە جارێکی دیکە دادگای فیدڕاڵیی عێراق، بڕیارێکی دیکەی لە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ئومێدی ڕێککەوتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی زۆر کەمکردەوە و بووە سەرەتای گرژکردنەوە ناکۆکییەکان. لەبارەی دادگای فیدڕالییەوە، پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: دادگای فیدڕاڵی، چەندین جارە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بڕیار لە دژی ماف و دەسکەوتەکانی دەدات. وێڕای ئەوەی کە گومان لەسەر دەستووریی بوونی کۆی دامەزراوەکەش هەیە و پێویستە بەپێی بنەماکانی دەستوور دابمەزرێندرێت و ڕێز لە مافەکانی تەواوی پێکهاتەکان بگرێت و دادپەروەری و (وەک یەکی) لەنێوان هەمووان بەدیبهێنیت.

ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی كۆتا بڕیاری دادگای فیدڕالی عێراق دژی هه‌رێمی كوردستان، دەڵێت، كه‌خوودی دادگای فیدڕالی ئێستای عێراق ناده‌ستوورییه‌.

دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان،لە په‌یامێكدا دەشڵێت "ئه‌م بڕیاره‌ هیچ خزمه‌ت به‌ سه‌قامگیری و ئارامی له‌ عێراقدا ناكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌دژی ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی رابردوو، عێراقی له‌ قه‌یرانێكی سه‌خت ده‌رباز كرد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و له‌كاتێكیشدایه‌ كه‌ پێشڤه‌چونێكی باش له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵیدا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانی رابردوو."

دەشڵێت: "ئێمه‌ پێشتریش بۆچوونی خۆمان راگه‌یاندووه‌ كه‌ دادگای فیدراڵی ئێستای عێراق ناده‌ستورییه‌و پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پێكهاته‌ی ئه‌و دادگایه‌دا بكرێت، ئه‌ویش به‌رێگه‌ی یاسایه‌كی نوێ كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ده‌ستور بێت به‌ تایبه‌ت حوكمه‌كانی ماده‌ی 92 كه‌ به‌ روونی باس له‌ میكانیزمه‌كانی دامه‌زراندنی دادگای فیدراڵی ده‌كات."

ئەوەشى خستۆتەڕو، "ناكرێت له‌ قۆناغێكی هه‌ستیاری وه‌ك ئێستای عێراقدا، دادگای باڵای فیدرالی به‌ چاوی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ بڕیار بدات و جیاوازی له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراقدا بكات به‌ تایبه‌ت بابه‌تی موچه‌و قوتی خه‌ڵك كه‌ ده‌بێت دوور بێت له‌ هه‌ر گوشارو ده‌ستێوه‌ردانێكی سیاسی یان به‌ناو یاسایی.

هاوکات ھەشت حزب و لایەنی تورکمانی دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە راگرتنی بودجەی ھەرێمی کوردستان دەوەستنەوە و رایدەگەیەنن، "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەوەی سەلماند کە دەستخراوەتە کاروبارەکانی ئەو دەسەڵاتەو چیتر خەڵک ناتوانن متمانە بەو دادگایە بکەن و سەروەری خۆی لە دەستداوەو جێگەی متمانەی هاووڵاتییان نییە ئاراستە دەکرێت"

هەرچەندە هەمیشە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی جێگەی مشتومڕن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەگوێرەی دەستوور بڕیار و حوكمەكانی دادگاكە قابیلی تێهەڵچوونەوە نییە، هەموو رەخنە و تانەكان هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕن و لەپاش دەرچوونی بڕیارەكەش پرسیاری سەرەكی لەڕووە سیاسییەكەیەوە چارەنووسی پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر بارودۆخی ناوخۆیی هاوپەیمانیی "ئیدارەی دەوڵەت"ـە كە بنكەی سیاسی حكومەتی محەممەد شیاع سودانی وراگرە پەرلەمانییەكەیەتی. ئەم هاوپەیمانییە جگە لە رەوتی سەدر سەرجەم لایەنە شیعە سەرەكییەكان و هەردوو هێزە كوردییە سەرەكییەكە (پارتی و یەكێتی) و هەردوو هاوپەیمانییە سوننەكە (سیادە و عەزم)ی تێدایە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم کە لایەنى پەیوەندیداری کێشە داراییەکانى لەسەر پشکی گۆڕان راگەیاندوە: بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی وەکو مینێك وایە بۆ تێکدانی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد، ئێمە رێککەوتنمان هەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەم جۆرە بڕیارانە کاریگەری خراپیان لەسەر ریککەوتنەکان دەبێت.

لە لایەکی تریشەوە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانى عێراق ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت پێشوازیی لە بڕیارىکە دەکەن لەبەر ئەوەى ئەركی سەرشانی هێزە حوكمڕانەكانی عێراقی ئاسان كردووە بۆ دەربازبوون لە هەر پابەندییەك كە لەكاتی تەنگانەی پێكهێنانی حكومەت و لە میانەی قۆڵ بادانی رەوتی سەدردا لەسەر خۆیان دانابوو.
لەم حاڵەتەشدا چاوەكان لەسەر ئەوەن كە پاش ئەوە هەنگاوی دووەمی هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟ ئایا دەگاتە ئەوەى بیر لە كشانەوە بکرێت یان چ ڕێکارێک دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەى لانی کەم بریارەکە نەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە؟ یان هەوڵ دەدرێت لە یاسای بودجە و یاسا چاوەڕوانكراوەكانی نەوت و دادگەی فیدراڵیدا، لێكەوتەی بڕیارەكان كاڵ بكرێنەوە.

ئەگەر ئێستا ئەم بڕیارەی دادگا، كورد بخاتە حاڵەتی كشانەوە لە هاوپەیمانییەكە، ئەوە هێندەی دیكە دۆخی شڵۆق و لەرزۆك دەبێت، لەكاتێكدا  ئاستی پشتیوانی دەنگدەران لە كۆی نوێنەرایەتی سیاسی و پەرلەمانی لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا زۆر زۆر نزمە.

لە بنەڕەتەوە و بەبێ هیچ كێشەیەكی ناوخۆیی، گرفت و لەمپەڕی زۆر دەوری بنكە سیاسییەكەی حكومەتی محەممەد شیاع سودانیان داوە، بەتایبەتى لەم هەفتانەى دواییدا گەورەترین قەیران کە دابەزینى بەهاى دینارە لەبەردەم دۆلاری ئەمریکادا، سودانی و حکومەتەکەى بەجۆرێک شپرزەکردووە کە سەرۆکی بانکی ناوەندی بگۆڕێت و چەندین بانک دابخات و هەنگاوی جۆراوجۆربگرێتە بەر و کەچى کاریگەرىی ئەوتۆیان لەسەر بەرزکردنەوەى بەهاى دینار نەبووە، ئەمەش سودانى خستوەتە نێوان دوو بەرداشى ئێران و ئەمریکاوە و لاکردنەوەى بۆ لای هەریەکێکیان زیانى گەورەى لێدەکان، هەربۆیە ئەم بڕیارەش جارێکی دیکە دەبێتەوە ئەو لوغمە دەست ئەنقەستەى کە وەزیری دارایی حکومەتى هەرێمی کوردستان ناوى بردوەو دادگاکەش هەمان ئەو مەحکەمە سەورەیەى سەردەمی سەداممان بیردەخاتەوە کە تەنها بەرژەوەندی هەندێکی لەبەرچاودەگرت و ئەوانى دیکەى بەفەرمۆشى دەسپارد، بۆیە دواجار بەو دەردە چوو کە هەموومان بینەرى بووین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP