دواین هەواڵ

جیهان‌

 31/01/2023

فینلاند: سووتاندنی قورئان تاوانە

هەرێم نیوز

پۆلیسی فینلاند، ڕەتیکردەوە ڕێگە بە سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان بدات، هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتانی سکاندیناڤیا ڕوویدا، کاتێک وێنەیەک لە قورئان سووتێنرا.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکانی فینلاند، ئەنجوومەنی پۆلیسی نیشتمانی فینلاند ڕایگەیاندووە: سووتاندنی قورئانی پیرۆز ڕێگە پێدراو نیەو سوتاندنی کتێبە پیرۆزەکانیش تاوانە و سزای لەسەرە.

ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتە لە زاری ڤیزا بیهاجۆکی بەرپرسی پۆلیسی فینلاندەوە بڵاویانکردووەتەوە: پۆلیس پێشوەختە ڕێکخەری خۆپیشاندانەکان یان ئەو کەسانەی دەیانەوێت کارێکی دژ بە رێساو یاساکان بکەن و کتێبە پیرۆزەکان بسووتێنن ئاگادار دەکاتەوە کە کارێکی لەو جۆرە ڕێگەپێدراو نییە.

ڕۆژنامەکان دەڵێن: بە پێچەوانەی وڵاتانی تری سکاندیناڤیاوە، یاسای فینلاندا پارێزگاری لە (ئاشتی ئایینی) دەکات و سزای هەر کەسێک دەدات کە پێشێلکاریی بکات.

ئەم هەنگاوەی پۆلیسی فینلاند دوای ئەوە هات کە لە سوید و دانیمارک و هۆڵەندا کتێبی پیرۆزی موسوڵمانان سووتێنراوە، کە دواین جار سیاسەتمەداری توندڕەوی دانیمارکی، ڕاسموس پالودان، ڕۆژی ٢١-١-٢٠٢٣، لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە سوید ، کۆپییەکی قورئانی سووتاند.

هەینی ڕابردووش، پالودان دوای کۆتایی هاتنی نوێژی هەینی لە ناوچەی دۆرتڤیگ لە کۆپنهاگن لەبەردەم مزگەوتێک دووبارە قورئانی سووتاند.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP