دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 31/01/2023

ئێران ئەو وڵاتەی دۆش داماوە بەدیار هێرشەکانی ئیسرائیلەوە

بەبێ ئەوەی حساب بۆ جیهان بکات، هەرکات بیەوێت هێرش دەکاتەسەر ئێران و تاج و تەختی دامودەزگاکانی تێکدەشکێنێت.
بانگەشەی ئەوەش دەکات سیخوڕی لەناو شوێنە هەستیارەکانی ئێراندا هەیە و هەرچی زانیاری هەیە لەدەستیدایە، بەڵێ ئەو وڵاتەش ئیسرائیلە.

ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل دوژمنە سەرەکی و بێ چەندو چونەکانى ئێران بن، ئەوا (بە پێوەرى ئێرانیەکان) سێبەر و دەستە دووەکانى ئەو دوو وڵاتەش هیچیان لەوان کەمتر نیەو بگرە لە خودی ئەو دوو وڵاتەش تاوانبارترن ، جاران هەرکە ئێران پێدەگیرا دوو موشەکی دەنا بە هەولێرەوە و تۆمەتی بوونى بنکەو بارەگاکانى ئیسرائیلى دەکردە بیانوو، بەڵام پێدەچێت ئەم جارەیان هاوکێشەکە فراوانتر بووبێت و هاوپەیمانیەکی نوێ بارودۆخەکەى گۆڕیبێت، ئەگەر ئێران و روسیا لەبەرەیەک بن و پێکەوە پرۆژەى موشەکی سەروو دەنگ بەرهەم بهێنن، بۆچى بەدوور بزانرێت ئۆکرانیاو ئیسرائیلیش لەبەرەیەکی تردا بن و ئەمریکاش لە پشتى هەموو دۆخەکانەوە وەک رێنماییکارێکی پشتى پەردەوە ڕاپەڕێنەرى ئەرکەکان ڕانەپەڕێنێت؟

بەرپرسانى ئەمریکی بە رۆژنامەى - وۆڵ ستریت جۆرناڵ-یان ڕاگەیاندووە کە ئەنجامدەری هێرشەکانى سەر ئەسفەهان لە لایەن ئیسرائیلیەکانەوە بووە، ئەم لێدوانە ڕاست بێت یان نە، ئەو ڕاستییەمان وەبیردەهێنێتەوە کە لە هزری هەموو تاکێکی ئێرانیدا ئەوە سەلمێنراوە کە لە پشتى هەموو هێرشێکی سەر ئەو وڵاتەدا ئیسرائیل بوونى هەیە، ئەوەش کاریگەرییەکانى هێزی نەرمی ئیسرائیل پیشان دەدات لەو وڵاتەدا، بەمەرجێک ئێران لە ئەوەڵ رۆژی هاتنە سەرکارییەوەو لە هەموو کاتێکدا دروشمی سەرەکییان (مەرگ بۆ ئەمریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل)بووە، بەڵام ئێستا و لەدواى ئەو هەموو ساڵە ئیسرائیل بە هێواشی خەریکە ئاو دەکاتە ژێر بەرپرسانى ئەو وڵاتە و سێبەرى دەسەڵاتیان لەناوخۆی وڵاتدا خەو و خۆراسی لێهەڵگرتوون.

بەرپرسانى ئەمەریکی بە بێ ئەوەى رۆژنامەکە ناویانبهێنێت باسیان لەوە کردووە هێرشەکانى سەر دامەزراوە سەربازیی و ئەتۆمییەکانى ئەسفەهان لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە گفتوگۆی ئەوەدان چۆن بتوانن گەمارۆکانى سەر ئەو وڵاتە توندتر بکەنەوە و لە یەکێک لە هەوڵەکانیشیان قەناعەت پێهێنانی پەرلەمانى ئەوروپا بوو کە سوپاى پاسدارانی ئێرانیان خستە لیستى تیرۆرەوە و بەوەش یەکێکی تر لە هەنگاوەکانى قەتیسکردنى ئێران خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە لایەکی تریشەوە رۆژنامەى –یەدعۆا ئەحرونوت- ی ئیسرائیلی بڵاویکردوەتەوە ئەو ئامانجانەى هێرشیان کراوەتە سەر تایبەت بوون بە بوارى سەربازیی و تیایدا پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان (ئێران و روسیا)بوە بۆ پەرەپێدانى جۆرە موشەکێک کە چەند بەرامبەرى دەنگ خێراترە و پەیامنێریى پێگەى ئەکسیۆسی ئەمریکیش ڕایگەیاندووە هێرشەکان ئاراستەى چوار پێگەى سەربازیی کراون و ئامانجیشیان پێکاوە، لە لایەکی تریشەوە پینتاگۆن ڕایگەیاندووە لە دوور و نزیکەوە ئەمریکا دەستێوەردانى لەو هێرشانەدا نەبووە کە لە ڕێگەی 3 فڕۆکەى درۆنی خۆکوژییەوە ئەنجام دراوە و وەزارەتی بەرگریی ئێران و سوپاى پاسدارانیش نەیانتوانیوە ڕێگریی لە ئەنجامدانى هێرشەکە بکەن، بەڵام ئەوەى کە ئێرانیەکانى نیگەرانتر کردووە ئەوەیە دەستنیشانکردنى ئەو پێگە هەستیارانە کە مەگەر هەر بەرپرسە باڵاکانى خۆیان شوێن و کارەکانیان بزانن چۆن دەگاتە لاى ئیسرائیلیەکان و لەو ڕێگەیەشەوە گومانیان بۆ ژمارەیەک لە بەرپرسانى تر دروست بووە هەروەک چۆن مانگی پێشوو جێگری وەزیری بەرگریی پێشووى وڵاتەکەى خۆیان بەتاوانى سیخوڕیی بۆ بەریتانیەکان لەسێدارە دا.

هەروەها لەناوچەى قائیمی نێوان عێراق و سوریا ژمارەیەک ئۆتۆمبێلى بارهەڵگریی ئێرانى کەوتنە بەر هێرشى فرۆکەکانى ئەمریکاو هەموویان لەنێوبران و ئەوەش هەندێک گومان و دوو دڵی زیاتری لە نێو ئێرانیەکاندا دروستکردوەو لە لایەکی تریشەوە ئەمریکیەکانى لەبەرامبەر عێراقیەکاندا دردۆنگ کردووە کە چۆن ڕێگە دراوە ئەو کاروانە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە ئێرانییە لەژێردەستى ئەوانەوە ویستویەتى بپەڕێتەوە سوریا ، کە میدیاکان بەدوویان نەزانیوە پێداویستى سەربازییان هەڵگرتبێت.

هەرچەندە ئێرانیەکان رایانگەیاندووە لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە و یەکێک لە درۆنەکانیان خستوەتە خوارەوە و دوانەکەى تریش بەسەربانى دامەزراوەکەدا تەقیونەتەوە، بەڵام وێنەکان شتێکی دیکە دەڵێن، هەروەها ڕایانگەیاندووە ئەو هێرشە کوێرانانە ئێران لە کاروانى پێشکەوتن و بەرەوپێشەوە چوون ناوەستێنێت.

لە لایەکی ترەوە ئێرانیەکان گومانی ئەوەیان لادروست بووە کە لە نێوان ئیسرائیل و ئۆکرانیادا پەیوەندییەکی ژێربەژێر هەبێت بۆ لێدان لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى روسیاو ئێران و ئەم هێرشەش بەشێک بێت لە کاری هاوبەشى هەردوولا، ئەوە لە کاتێکدا مانگی پێشوو حکومەتى ئۆکرانیا ڕایگەیاند زیاتر لە 60 درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکەیاندا خستوەتە خوارەوە و > Shankar Abdulla: ئەوەش کارى هاوبەشی نێوان ئێران و روسیا پشتڕاست دەکاتەوە، هەر بۆیە گومانى شەراکەتى نێوان ئۆکرانیا و ئیسرائیل تۆختر دەکاتەوە، هەر بۆیە یەکێک لە پێگە فەرمییەکانى ئێران ڕایانگەیاندووە، ئەگەر کێێف خۆی یەکلایی نەکاتەوەو پاکانە نەکات و جاڕی خۆی پاک نەکاتەوە چاوەڕوانى هێرشە جەرگبڕەکانى ئێران بکات و باجەکەشى قورس دەبێت.

وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاندووە، کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئۆکرانیایان بانگکردوە تا ڕونکردنەوەیان لەو بارەیەوە پێبدات و هەڵوێستى وڵاتەکەیان بەفەرمی پێ رابگەیەنێت، راوێژکارى باڵیۆزخانەى ئۆکرانیا لە تاران پێی ڕاگەیاندوون بژاردەو مەنتیقی جەنگ مەرگ هێنەرەو هەڵگیرسێنەرانى دەبێت بە قورسی باجەکەى بدەن، بەڵام ئەم لێدوانەى بەرپرسە ئۆکرانیەکە ئاوى دڵی بەرپرسانى ئێرانى نەداوەو هێشتا داواى ڕونکردنەوەى فەرمی ئۆکرانیا دەکەن و ئەو لێدوانەشیان بە گوماناوی ناوبردوەو بەکاریانهێناوە بۆ پاڵپشتى کردنى بۆچونەکەى خۆیان کە ئۆکۆانیەکان لەگەڵ ئیسرائیلیەکان رێککەوتنی ستراتیژییان لە بەرامبەر دوژمنە هاوبەشەکانیاندا کردووە.

سەبارەت بە زیانەکانى ئەو هێرشەى سەر ئەسفەهان رادیۆو تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاندووە، کە هیچ زیانێکی مادى و گیانى ئەوتۆی لێنەکەوتوەتەوە، بەڵام ئەو وێنەو گرتە ڤیدێۆییانەى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانى قورس بەر دامەزراوە سەربازییەکە کەوتوەو بونى ئەو ئاگرە گەورەیەو دەنگی ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە زیانى گیانى و مادی زۆریان خستەوەتەوە، بەڵام ئێران ڕایگەیاندووە ئەو ئاگرەى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە پەیوەندی بە هێرشەکەوە نییەو ئاگرەکە لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانى رۆنی ئۆتۆمبێل کەوتوەتەوە و دواتر کۆنترۆڵ کراوە.

هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئەسفەهان لە ماوەى ڕابوردودا و کوشتنى زانا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە ئەو ڕاستییە دووپات دەکەنەوە کە ئێران لە بوارى خۆپارێزی و بەرگریدا ئیفلیج بوەو ناتوانێت چیتر بەرگریی لە خۆی بکات، هەرچەندە ڕایانگەیاندووە کە توانیویانە بگەنە 61% ى پیتاندنى یۆرنیۆم و ئەگەر ئەو هەواڵەش ڕاست بێـت ئەوا ئێران لە بەرهەمهێنانى وزەى ئەتۆم نزیک بوەتەوە و لە هەردوو حاڵەتەکەشدا مەترسی بۆ سەر ناوچەکەو بگرە جیهانیش دروست دەکات، بۆیە هەرچی کراوە دەبێـت ڕێگری لە دەستکەوتنى ئەتۆم بکرێت، ئەگینا دواتر تەقاندنەوەشى هیچی کەمتر نابێت لەو مەترسییەى کە چەکێکی ئەتۆم لەدەستى مەلاکانى ئێران و سوپایەکی تیرۆرستیدا بێـت.

ناسری کەنعانى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێرانیش ڕایگەیاندووە، ئەوان بەمافی خۆیانى دەزانن وەڵامیان بۆ ئەو هێرشانە هەبێـت و هەرکەس و لایەنێک تێوەگلاین بە توندی باجەکەى بدەن و بە هیچ شێوەیەک لە مافی خۆی خۆشنابێت.

پرسیارە جدییەکە ئەوەیە: ئایا ئەمجارەیان ئێران بۆیلەرەکانى ئاڕاستەى کوێ دەکات و پایتەختى کام وڵات دەکاتە ئامانج؟ یان بەردەوام دەبێـت لەسەر ئەو بۆچونەى کە لە پەندێکی کوردیدا بەجەستە بووە کەدەڵێت: دز یەکێکەو گومان هەزار.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP