دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 02/02/2023

ڕێگاى وشکانى و ئاسمانى بەقاچاخبردنى دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران کراوەیە

هەرێم نیوز

ئەو کۆت و بەندانەى، یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا هەوڵیدا بیسەپێنێت بەسەر مامەڵەکردن بە دۆلار لە عێراقدا شکستی هێنا و بانکی ڕافیدەین دەستیکردەوە بەخستنەڕوى دۆلار بۆ ناو بازاڕەکان و ڕادەستکردنی بە لقى ئەو بانکانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن.

ماڵپەڕى ئەلعەرەب، لە ڕاپۆرتێکدا چەندین زانیارى خستۆتەڕو، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بە گوتەى چاودێران: ئەو سنووردارکردنانەی کە بۆ کەمکردنەوەى گواستنەوەى نەختینەی دۆلار لە چوارچێوەى بازرگانى و دابینکردنى پێداویستییە ناوخۆییەکانى عێراقدا گیرایەبەر، شکستى هێنا و نەیتوانیەوە ڕێگرى لە قاچاخچێتى دۆلار و ناردنى دۆلار بۆ ئێران بکات، چونکە ئێران بە ئەنقەست، گواستنەوەى غازى بۆ عێراق ڕاگرت بۆ ئەوەى حکومەتى عێراق ناچار بکات کە خەرجىییەکانیى بە دۆلارى کاش بدات.

لە لایەکى دیکەوە، بانکی ناوەندى عێراق هەستاوە بە خستنەڕو و پێدانى زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا بەو بانکانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن و ئەو کۆمپانیایانەش کە کاڵا لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن. هەروەها جیاوازى لە خستنەڕوى دۆلار لە بازاڕدا، ئەویش بەپێى بڕى ئەو دۆلارە کاشەى کە لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق.

بۆ نمونە بانکی ناوەندی عێراق لە پانزەی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٢١٩ ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە، ڕۆژی دواتر زیاتر لە ٧٣ ملیۆن دۆلاری خستەڕو، ڕۆژێکی دوای ئەوە ٦١ ملیۆن دۆلاری خستەڕو، بەڵام دواتر گەڕایەوە بە خستنەڕوى نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژانی دواتردا. کاتێک حەواڵەکردن لە ئەمریکاوە جێگیر بوو.

ئەگەرچى بانکى ناوەندى دۆلاری بە نزیکەی 1450 دینار فرۆشتووە، بەڵام نرخی دۆلار لە نێوان بانکەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا 1650 دیناری تێپەڕاندووە.

داهاتی نەوتی عێراق لە یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا تۆمارکراوە و زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ئەودا ئاسانکاری بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەمەریکا دڵنیابێت لەوەی هیچ گواستنەوەیەکی فەرمی نەگاتە ئێران یان سوریا، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو سزایانەی کە سەپێنراون بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا، بەڵام زۆرێک لە بانکە ناوخۆییەکان لە عێراق , کە دۆلارى کاش، لە بانکی ناوەندی دەکڕێت، پاشان بە کاش دەیانگوازێتەوە بۆ ئێران، کە ئەمەش کردەوەیەکی قاچاخچێتی و سپیکردنەوەی پارەیە.

بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتەکەى محەمەد شیاع سودانى، هەوڵدەدات بە شێوازی هەمەجۆر مامەڵە لەگەڵ کۆتوبەندەکانى ئەمریکا بکات لەوەی تا ئێستا هەبووە، لەوانە مامەلەى نەقدیى، واتە کڕینى دۆلاربە نەقد و دواتر فرشتنەوەى ئەویش بەرامبەر بە ئاڵوگۆڕە نەقدییەکان.

هەروەها جێبەجێکردنی گرێبەستی فرۆشتنی نەوت، بەرامبەر بە پارەى نەقد، یان فرۆشتنى نەوت لە ڕێگەى قاچاخەوە لە پێناو بەدەستهێنانى پارەى نەقد، وەک ئەوەى ئێران دەیکات.

لە چوارچێوەى فشارەکانى سەر ئێران، کە بووە هۆی داڕمانی بەهای ڕیالی ئێرانی بۆ نزمترین ئاست لە بەرامبەر دۆلاردا، لە ئێستادا بەدەستهێنانی دۆلار بووەتە بەشێک لە شەڕی “دژی لوتبەرزیى جیهانی” لە ڕوانگەی لایەنگرانی گروپە ئێرانییەکانى نێو عێراق کە زاڵن بەسەر حکومەتی سودانیدا.

Thumbnail

 

حەشدى شەعبى بە ئاشکرا دژى هەنگاوەکانى ئەمریکایە

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق ، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە دووپاتیان کردەوە، "پشتیوانی لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت دەکەین لە هاتنی دۆلار لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانیەوە بۆ ئێران، بەرامبەر وەستانى ئێران لەبەردەم خۆبەزلزانینی جیهانیی، ئەمریکا”.

لە ڕاگەیەنراوى کۆبوونەوەکەى عامرى و خەزعەلیدا هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابورییەکان کراوە، هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سەرکەوتنی بەرنامەى حکومەت و پشتیوانی لە پڕۆژەی بەرخۆدان و بەردەوامی ڕۆیشتنی دۆلار بۆ ئێران لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە بۆ پشتگیریکردن لە بەرەنگاربوونەوە دژی شەیتانی گەورە، ئەمریکا.”

هێزەکانى حەشدى شەعبى بانکی تایبەت بە خۆیان هەیە. پارەی فەرمی حکومەت وەردەگرن بۆ دابینکردنی مووچە و چەک و پێداویستى ئەندامەکانی، هەروەها مامەڵە دەکەن لەگەڵ ئێراندا. بەشێک لەو پارەیە دەگۆڕن بۆ دۆلار بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ ئێران، یان بۆ ئەکاونتەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، یان بۆ هەژمارە کەسییەکانی سەرکردەکانی میلیشیاکان.

ئێران کۆنترۆڵی هەموو جومگەکانی بازاڕەکانی عێراق دەکات و بازرگانی ناوخۆیى یەکێکە لەگرنگترین ئامرازەکانی بەقاچاخبردنی دۆلار

بانکی ناوەندی ژمارەی لقى  بانکەکانی بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی لە 10 بانکەوە بۆ 20 بانک زیاتر کرد، بۆ پڕکردنەوەی خواستی دۆلار، کە ئەمەش بە پلەى یەکەم لە سەر داواکارى ئێران بووە.

بازرگانی نێوخۆیى یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی قاچاخی دۆلارە بۆ ناو ئێران. ئەو کۆمپانیایانەی لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاکاندان زۆربەی ئەو کاڵایانە لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن کە لە بازاڕەکانی عێراقدا دەخرێنەڕو، بەجۆرێک لە کۆتاییدا داهاتەکانیان بۆ ئێران دەگوازرێتەوە. ئەم کارانە لە ڕوانگەی یاساییەوە "شەرعی" دەردەکەون، بەڵام ئامانجی سەرەکییان دۆزینەوەی ڕێگاکانی دارایی ئێرانە.

قەبارەی هەناردەی کاڵای نانەوتیی ئێران بۆ عێراق ساڵانە دەگاتە ٨.٩ میلیارد دولار، و بە وتەی محەممەد ڕەزوانى فەر بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ئێران، کە پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، هەناردەی کاڵای نانەوتیی ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆى کە ئەویش ٤٥.٣ ملیار دۆلارە لە ماوەی تەنها ١٠ مانگدا.

ئێران غاز لە عێراق دەبڕێت

ئەو فشارەی بانکی ناوەندى لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا لەسەر گواستنەوەی پارەی نەختینەیی خستیە سەر ئێران، ئێران ڕازى نەبوو، دەزانێت کە عێراق لە ڕاستیدا ناتوانێت پارەی غاز بدات، بۆیە بڕیاریدا بە تەواوەتی گواستنەوەى غاز بۆ عێراق ببڕێت، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەڕێژەی حەوت هەزار و ٥٠٠ مێگاوات، کە ٤٥٠٠ مێگاوات لە بەغدایە، ئەمەش لە کۆی گشتی ٢٤ مێگاوات کە عێراق بەکاری دەهێنێت.

حکومەتی عێراق هەوڵدەدات بە شێوازی هەمەچەشنتر مامەڵە لەگەڵ کۆت و بەندەکانی ئەمریکا بکات لەوەی کە تا ئێستا هەبووە.

ئێران بانگەشەى بۆ کاری چاککردنەوەى بۆرییەکانى غاز کردووە، هەروەک چۆن ڕوسیاش کاتێک بڕیاریدا کە گواستنەوەى غاز بۆ ئەوروپا ببڕێت لە نێوان سزاکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر شەڕی ئۆکرانیا.

زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاند، "دانوستانەکان لەگەڵ سعودیە، ئوردن، تورکیا و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو هەنگاوی پێشکەوتوویان ناوە بۆ گەیشتن بە پەیوەندیی دوولایەنەی وزەی کارەبا". بەڵام ئێران نیگەرانی ئەم لایەنە نییە چونکە کاریگەری لەسەر حکومەتی عێراق هەیە، ڕێگە بە میلیشیاکانی دەدات، لە هەر کاتێکدا، کارەبای هاوردەکراو لە دەرەوە ببڕن بۆ ئەوەى عێراق  پشت بە غازی ئێرانی ببەستێت.

چاودێران دەڵێن: یەدەگی فیدراڵی ئێستا دەبێـ بزانێت کە شەڕێکی دۆڕاوی کردووە، چونکە ئێران هەموو لایەنەکانی بازاڕی عێراقی کۆنترۆڵ کردووە، ئەمەش وا دەکات هەوڵەکانی شکست بهێنن بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم بازاڕە ئیفلیج دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی گەورەتر لە دابەزینى نرخی دینار بەرامبەر دۆلار.

ئەم میلیشیایانە جگە لەو بانکانەی کە بۆ ئێران دەجوڵێنن، دەتوانن بە ئاسانى حکومەتى عێراق پەلکێش بکەن بۆ بەشدارى لە شەرى “دژبە لوتبەرزیى جیهانی”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP