دواین هەواڵ

کوردستان‌

 02/02/2023

پارتی: بڕیارەكەی دادگای هەولێر تایبەت بە لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی بە ئێمەوە نییە

هەرێم نیوز

بڵند ئیسماعیل ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی دادگای هەولێر لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هیچ پەیوەندیەكی بە پارتییەوە نییە و بڕیاری دادگایە.

بڵند ئیسماعیل بە میدیای حزبەكەی وتووە، پارتی دوای كۆنگرە پلانێكی پتەوی داناوە بۆ سەردانیكردن و گفتوگۆ كردن لەگەڵ لایەنەكان، بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، هەروەها ئەو كێشە و گرفتانەی لەنێوان لایەنەكان هەیە چارەسەر بكرێن.

لەبارەی دواخستنی وادەی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی كە بڕیاربوو رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەولێر ئەنجامبدرێت، وتویەتی، وادەی كۆبوونەوەكە لەلایەن برادەرانی یەكێتی بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، هیوادارن بڕیارێكی دادگای هەولێر نەبێتە هۆكار بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكان.

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر هیچ پەیوەندییەكی بە پارتییەوە نییە و بڕیارێكی دادگایە، هیواداین كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نەبنە هۆی ئەوەی پەرلەمانی كوردستان نەتوانێت دانیشتن بكات و گرفت بۆ حكومەت و كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP