دواین هەواڵ

عێراق‌

 03/02/2023

لەپەرلەمانی عێراقەوە داوای دەستلەکارکێشانەوە له سودانی دەکرێت

هەرێم نیوز

بزووتنەوەى ئیمتیداد، 10 تێبینى لەسەر ئەداى حکومەتى ئێستاى عێراق بڵاودەکاتەوە و وەک یەکەم فراکسیۆنی نێو پەرلەمان داوا لە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆک وەزیران دەکات دەست لەکار بکێشێتەوە.

بزووتنەوەى ئیمتیداد لە ڕاگەیەنراوێکدا 10 تێبینى لەسەر ئەداى حکومەتى عێراق بڵاوکردەوە لە ماوەى 100 رۆژدا، تێیدا ئاماژەى بەوە داوە کە لەو ماوەیەدا بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ ژمارەى پێوانەیی دابەزیوە و رێژەى هەڵاوسان زیادیکردووە، پرۆسەى بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوە بەردەوامە و بەشێوەیەکى باش مامەڵە لەگەڵ دۆسیەى "دزى سەدە" نەکراوە کە بەمەست لێى بردنى 3.7 ترلیۆن دینارە لە هەژمارى سپاردەى دارایی دەستەى گشتیى باج لە بانکى رافیدەین.

بزووتنەوەى ئیمتیداد لە تێبینیەکانیدا ئاماژەى بەوە داوە، بۆ جارێکى دیکە پایەکانى "دەوڵەتى قووڵ" گەڕێندراوەتەوە و پۆستەکان بە وەکالەت پڕکراونەتەوە و پڕۆژە راگیراوەکانیش دەستیان پێنەکراونەتەوە.

ئەوە یەکەمجارە پارتێکى سیاسیی کە فراکسیۆنى لە پەرلەمانى عێراق هەیە، داواى دەست لەکار کێشانەوە لە محەممەد شیاع سوودانى بکات، کە لە 27ى تشرینى یەکەمى 2022، کابینەى حکومەتەکەى لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا.

بزووتنەوەى ئیمتیداد خاوەنى 11 کورسی پەرلەمانى عێراقە، بە یەکێک لە نوێنەرانى خۆپێشاندانى تشرینییەکان دادەنرێت کە ساڵى 2019 دەستیپێکرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP