دواین هەواڵ

عێراق‌

 03/02/2023

ئەحمەد سەحاف : بەغدا هەوڵدەدات بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن بەهای دینار بەرزبکاتەوە

هەرێم نیوز

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانی سێشەممەی شاندی حکومەتی عێراق بۆ ئەمریکا، گەییشتنە بە رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن بۆ ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بگەڕێتەوە بۆ پێش بەرزبوونەوەی ئەم دواییانە.

سەردانەکە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا بەهۆی سپیکردنەوەی پارە و ناردنی دۆلار بۆ ئێران لە لایەن چەند بانکێکی بازرگانیی عێراقەوە، ناردنی دراوەکەی بۆ عێراق کەمکردەوە، لە ئەنجامدا دیناری عێراقی سەرووی 15٪ـی بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستدا و ئەوەش نیگەرانیی گەورەی لە نێو هاووڵاتیاندا دروستکردووە. 

ئەمڕۆ هەینی، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق پشتڕاستیکردەوە کە 7ـی ئەم مانگە شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران بە بەشداریی نوێنەرانی باڵای کەرتی دارایی و بانکیی عێراق سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ "بەرپرسانی باڵای ئەمریکا" لەوانەش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبنەوە و لەسەر بنەمای چوارچێوەی ستراتیجیی نێوانیان، دانوستاندن لەسەر چەند میکانزمێک دەکەن بۆ پێکەوەکارکردن لە کەرتەکانی دارایی و بانکییدا. 

ئەمڕۆ لە بازاڕی گشتیدا 100 دۆلار بە سەروو 170 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە کرا، دوای ئەوەی کە دوێنێ 178 هەزاری تێپەڕاند. 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتیشی : "ئامانجی حکومەتی عێراق لەم سەردانە دانانی سنوورێکە بۆ کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی کۆنترۆڵنەکراوی ئاڵۆگۆڕی بەهای دۆلار لە بازاڕی گشتیدا لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان."

بەهای فەرمیی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق بە هەزار و 460 دینار دیاریکراوە، واتە هەر 100 دۆلار بە 146 هەزار دینارە. 

هەر رێککەوتنێک لە سەردانی شاندی عێراقییەوە لە واشنتن بەدەستبێت، تەنیا کاریگەری لەسەر بەهای دۆلار لە بازاڕی گشتیدا دەبێت و هیچ گۆڕانێک لەو بەهایەدا دروستناکات کە بانکی ناوەندی دەستنیشانیکردووە، ئەمە وەک سەحاف ئاماژەی پێکرد. 

دابەزینی بەهای دینار کابینە تەمەن سێ مانگەکەی سەرۆکوەزیران محەممەد شياع سوودانی خستووەتە بەردەم ئەزموونەوە. 

لە کاتێکدا کە خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا داوای بەرزکردنەوەی بەهای دیناریان بەرامبەر دۆلار دەکرد، ئەحمەد سەحاف بە ئەوەشی ڕاگەیاند: "حکومەت بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی بەهای ئاڵۆگۆڕی دراو لەسەر بنەمای جێگیریی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و بەردەوامیشە لە فرۆشتن و پشتیوانیکردنی هاوردە دەرەکییەکان لەسەر بنەمای گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و بەپێی رێکارە بازرگانییە دروستەکان. لە هەمان کاتیشدا رێکاری حکومی هەن بۆ دانانی سنوورێک بۆ بەقاچاخبردنی پارەی عێراق یانیش قۆستنەوەی سامانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی لایەنەکانی دیکە."

سەحاف جەختیکردەوە کە "حکومەت رێکاری نێوخۆیی جیاوازی گرتووەتەبەر. بۆ رێکاری دەرەکیش، وەزیری دەرەوە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گفتوگۆ دەکات بۆ دۆزینەوەی روانگەی هاوبەش لەم بوارەدا."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP