دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

بەهۆی خۆڵبارینەوە 155 کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەكران

هەرێم نیوز

بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی شەوی ڕابردوو پارێزگای کەرکوکی گرتەوە، 155 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئەو شارە کراون و تەندروستی كەركوكیش داوا لە هاوڵاتییان دەكات، بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو پەیوەندییان پێوەبكەن.

لە ڕاگەیەندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک بڵاویكردەوە، بەهۆی خۆڵبارینی چڕەوە کە پارێزگاکەی گرتەوە، شەوی ڕابردو 155 کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردوە، تیمە تەندروستیەکانیش بەردەوام لەئەرکدان بۆ چارەسەری پێویستی سەرجەم ئەو کەسانە کە توشی تەنگەنەفەسی بون و بەشێکیشیان پێشتر نەخۆشی رەبۆیان هەبوە.

د.زیاد خەڵەف مەدید، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک لەوبارەیەوە دەڵێت: لەگەڵ دەستپێکردنی زریانی تۆز و شەپۆلی خۆڵبارین، پێویستە هاوڵاتیان ڕێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات، کە بەهۆی خۆڵبارینەوە توشی تەنگەنەفەسی یان هەر حاڵەتێکی دیکە بوون یاخود ئەوانەی بەدەست نەخۆشی درێژخایەنی کۆئەندامی هەناسەدانەوە دەناڵێنن و ناتوانن بگەنە نەخۆشخانەکان، پەیوەندی بە ژمارە 122ەوە بکەن و تیمەکانی فریاکەوتن سەردانی ماڵەکانیان دەکەن.

لە دوێنێ ئێوارەوە، شەپۆلێكی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بەوتەی شارەزایانی كەشناسی ئەمڕۆ كۆتایی بەو شەپۆلە خۆڵبارینە دێت و كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP