هەرێم نیوز
کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆڕە جیهانییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئەمنی و ستراتیژییەکان، کە تێیدا سەرکردەکانی وڵاتان و بڕیاردەران کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ئاستەنگە ئەمنییانەی ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، بۆ ئەمساڵێش ناونیشانی کۆنفراسەکە فرە-جەمسەربوون- بوو، ناوەڕۆکەکەی پوختەی جێبەجێکردن و ٩ بەشى لەخۆدەگرت. لەبەشی یەکەمەوە بە ئەمەریکاوە دەستپێکردو چین، یەکێتی ئەوڕوپا، یابان، رووسیا، هیندستان، بەڕازیل و باشووری ئەفریقیا. تەوەری گفتوگۆکان بوون، ئەوەی کە گرنگە بۆ کورد بەشداریکردنى سەرۆکی هەرێمی کوردستانە وەک نوێنەرى کورد و کۆبوونەوە تایبەتەکانییەتى.
بەشداری سەرۆک نێچیرڤان بارڕانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەم تەوقیتەدا کە کۆبوونەوەکان بۆ باسکردنی کێشەکانی ئاسایشی جیهانییە، دەرفەتێکی گرنگە کە ڕۆڵی ئاشتیانەو سەقامگیرانەی ھەرێمی کوردستان، دەخرێتە سەرمێزی جیھانی، کە ئەم کۆبوونەوە نێودەوڵەتیانە دەبنە بڕیار بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە ، هەربۆیەدەبێت لە چەند خاڵێکدا ئاماژەیان پێبکەین.
ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە سەقامگیری رۆژھەڵاتی ناویندا روونە، تێروانینیان لە بابەت رووداوەکانی سوریاو غەززە ، لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، پرسی ئێران بۆ نەخشەڕێکای چارەسەر و گفتوگۆ، گرنگەو لە نزیکەوە بە بەشدارانى رایگەیاندووە.
دیپلۆماسیەتی کوردیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و بەشداریکردنى لە کۆنفرانسە جیهانییەکاندا و بەتایبەتى کۆنفراسی ساڵانەى میوشن، پێگەى هەرێمی کوردستان و بونیادەکەى زیاتر دەکاتە ئەمری واقع، ڕۆڵی گرینگی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا نیشان دەدات کە دەورێکی کاریگەرە بۆ سەقامگیریی، بەتایبەتى کە دەکەوێتە نێوان سێکوچکەى وڵاتانى ئێران تورکیا و عێراق و بگرە سوریاو ئەوەش لە سایەى ئەو متمانە نێوخۆیی و جیهانییەى کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیەتى.
سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکانیش رۆڵی میانڕەوی سەرۆکی هەرێم لە چارەسەرکردنی کێشە هەرێمییەکان و گرنگی تێگەیشتنی ھەموو لایەک، لەم کۆنفرانسەی میونشن زیاتر دەرفەت و تێگەیشتن دروستدەکات لەنێوان لایەنە بەشداربووەکان لەسەر کۆی رووداوەکانی ناوچەکە.
یەکێک لە ئامانجەکانى کۆنفراسى میوشم گرنگیدانە بە دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان سەرکردەکانی جیهان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لە نێویاندا رۆڵی نێچیرڤان بارزانی بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی کێشەکانی ناوچەکە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھەوڵەکانی بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە دیارو لەبەرچاوە.
ئەم جۆرە پەیوەندیی و بەشدارییانە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە دیاریکردنى چارەنووسى کوردستان و کاریگەریی دەبێت لەسەر دروستکردنی راى گشتى و بەدەستهێنانى پشتیوانى نێودەوڵەتى، لەبەر ئەوەى رۆڵی سەرەکی هەیەلە کەمکردنەوەى گرژییەکان و بۆشاییەکانى نێوان لانە ناکۆک و ناتەباکان.