دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان: درۆنەكان یەك جۆربوون و یەك لایەن هێرشەكانی ئەنجامداوە

هەرێم نیوز

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕایدەگەیەنێت، به‌ وردی شوێنی هەڵدانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە ده‌ستنیشانكرا كه‌ ئاڕاسته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ده‌كران، سەلمێندرا كه‌ لە شوێنێکی دیاریکراو لە ناو خاکی عێراقەوە هه‌ڵدراوه‌، هه‌روه‌ها ئەو لایەنانەی کە بەشداربون لە ئەنجامدان و هەماهەنگیکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارانە، دۆزراونه‌ته‌وه‌.

سەرچاوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە هێرشەکاندا بەکارهێنراون دەستنیشانکراوە، دەرکەوتووە کە كڵاوەی جەنگی بە کێشی جیاواز هەڵگرتووەو لە دەرەوەی عێراق دروستکراون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وتی، “لەسەر ڕاسپاردەی محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە تایبەت بە بەئامانجگرتنی ڕادارە ئاسمانییەکانی سوپای عێراق لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە پێکهێندرا، دوای هەوڵێکی ئەمنی و هەواڵگریی ورد، لیژنەکە گەیشتە چەند ئەنجامێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوە”.

بە وتەی سەباح نوعمان، دیارترین ئەنجامەکانی لیژنە لێکۆڵینەوەکە ئەمانەن:

– دیاریکردنی شوێنی دروستکردنی ئەو درۆنانەی هێرشەکەیان پێکراوە، کە دەرکەوتووە هەڵگری تەقەمەنی بوون بە کێشی جیاواز و لە دەرەوەی عێراق دروستکرابوون.
– شوێنی هەڵدانی درۆنەکان بە وردی ئاشکرا کراوە و دەرکەوتووە کە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی خاکی عێراقەوە ئاڕاستە کراون.

– ئەو لایەنانە ئاشکرا کراون کە دەستیان لە جێبەجێکردن و هەماهەنگیکردن لەو ئۆپەراسیۆنە دووژمنکارییانەدا هەبووە.
– لێکۆڵینەوەی تەکنیکی گشتگیر کراوە لەو سیستم و پەیوەندییانەی لە ئاڕاستەکردنی درۆنەکاندا بەکارهێندراون.
– لیژنەی لێکۆڵینەوە پشتڕاستی کردەوە کە هەموو ئەو درۆنە بۆمبڕێژکراوانەی لە هێرشەکاندا بەکارهێنراون لە یەک جۆرن، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەنجامدەرەکە یەک لایەنە.

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، “سەرکردایەتی ئەمنی و سەربازی چاوپۆشی لە هیچ هەڕەشەیەک ناکات کە ئاسایش و سەلامەتی هێزە چەکدارەکانمان و تواناکانی دەوڵەتی عێراق بکاتە ئامانج. ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لەو هێرشانەدا تێوەگلاون و ڕاپێچی دادگا دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزاکانیان وەربگرن”.

وتەبێژەکەی سوودانی جەخت لەوە دەکاتەوە، “ئەم هێرشە ترسنۆکانە و شەڕەنگێزانە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری نیشتمانین و ڕێگە بە هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی نادرێت ئاسایش و سەقامگیری عێراق تێکبدات”.

ئەو ڕادارانەی کە لە هێرشەکەی مانگی ڕابردوودا بە ئامانج گیران، لە بنکەی تاجی بەغدا و سەربازگەی ئیمام عەلی لە ناسرییە بوون.

سەربازگەى تاجى دەکەوێتە سنوورى بەغداد و 27 کیلۆمەتر لە باکوورى ئەو شارەوە دوورە، سیستمی ڕاداری ئەمریکی تێدایە و سەر بە سوپاى عێراقە. بنکەی ئیمام عەلیش کە دەکەوێتە شاری ناسرییە، راداری ئەمریکی لە جۆری AN/TPS-77ـی تێدایە و ئەویش سەر بە سوپایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP