هەرێم نیوز
ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) له په‌یامێكدا له‌ڕێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X" ڕایگه‌یاندوه، "بۆ ئەوانەی بانگەشەی سازش لەسەر نەتەوەی تورکیا دەکەن، ئێمە لە سەدەی نوێ‌دا بەردەوام دەبین لە گێڕانەوەی داستانی نەتەوەی تورک، تاوەکو کۆتایی ڕوبەڕوی هەمو ئەوانە دەوەستینەوە کە قومار لەسەر تێکدانی برایەتیی کورد و تورک دەکەن''.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "با ئەوە لەبیر نەکرێت کە هێڵەکەی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی ڕونە، پرەنسیپەکانی ڕونە، ئایدیاڵەکانی گەورەن و میراتی ئەخلاقی و سیاسییەکەی وەک پۆڵا پتەو و تۆکمەیه و ئەمانە نەگۆڕاون".
سەرۆکی مەهەپە ده‌ڵێت، "لە بەرژەوەندی ڕێکخراوی پەیەدە و یەپەگە دەبێت کە بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی 27ی شوباتی ئیمڕاڵی هەنگاو بنێن، بەبێ ئەوەی بکەوێتە داوی زایۆنیستەکانەوە یان بە تەماحی ماکسیمالیستی فریو بدرێت".
په‌یوه‌ست به سوتاندنی چه‌ك له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، باخچه‌لی نوسیویه‌تی، "چەکدانانی سیمبولیی 30 گەریلای پەکەکە، پرۆسەکەی بردوەتە قۆناخێکی نوێ، لە 100 ساڵەی نوێی تورکیادا برایەتی و یه‌كیه‌تی رەگ دادەکوتێت".
سەرۆکی مەهەپە ئەو بانگەشانەی بە ''چەواشەکارییەکی نامرۆڤانە'' ناوبرد کە باس لەوە دەکەن، پەکەکە لە بەرامبەر بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، ''دەستکەوتی نوێی بەدەستهێناوە''.
له‌باره‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیله‌وه بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی نوێی سوریا، باخچه‌لی ڕونیكردوه‌ته‌وه، "ئەو هێرشانە بەربەست بۆ پڕۆسەی چارەسەری و سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکەن، دیارە کە ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی ئەو ناوچەیەی ناوی لێناوە رێڕەوی داود بگاتە کوێ، ئەو رێڕەوەی بڕیارە لە سوەیداوە بەرەو باکور بکرێتەوە، رێڕەوی شەیتانە دابەشبونی سوریایە؛ بە ئامانجگرتنی تورکیایە''.