دواین هەواڵ

عێراق‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی ئاگره‌كه‌ی كوت و هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی دەرەنجامەکانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگای کوت و هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، 21ـی 7ی 2025، کاتژمێر 1ـی پاشنیوەڕۆ دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی دوو بابەتی گرنگ بکات.

کارنامەی دانیشتنەکە دوو تەوەرەی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
یەکەم: گفتوگۆیەکی گشتی سەبارەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت.
دووەم: گفتوگۆیەکی گشتی سەبارەت بە "هێرشە تیرۆرستییەکان بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان."

ئەمەش لەکاتێکدایە،، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بوونە ئامانجی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان، بەهۆی هێرشەکانیشەوە بەرهەمهێنان لە بەشێکی کێڵگەکان بەشێوەیەکی کاتی وەستا، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگانە و ژێرخانی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کرد.

رۆژی پێنجشەممە، 17ی 7ی 2025، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان؛ بڵاوکردەوە. 

لە ڕاگەیەنراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە "لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە."

فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ "تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکوومەت لەمبارەوە" دەکات، ئەمەش بە مەبەستی "بە‌‌هێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی وڵات و هاووڵاتییاندا." 

هاوکات فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کردووە "لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمان، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات هەڵبگرێت و هەنگاوی جیددی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت؛ هاوکات هێرشکارەکان ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی یاسایان بکاتەوە."
فراکسیۆنەکە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی" ناو دەبات و دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکان زیانێکی زۆر بە شادەماری ئابووریی عێراق دەگەیەنن. 

لەبارەی ئەوانەی کە لە پشت هێرشەکانیشەوەن، فراکسیۆنەکە باسی لەوە کردووە "زۆر بە ڕوونی دیارە، ئەو کەسانەی لە پشت هێرشەکانن، بە هیچ ڕەنگێک نیشتمانپەروەر نین، بەڵکوو کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا دەکەن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانیان دەگەیەنن لەسەر حیسابی گەلی عێراق و یەکڕیزییەکەی."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP