هەرێم نیوز
سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی گوتەکانی قەیس خزعەلی دەداتەوە و دەڵێت: پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە.
لە دەقی وەڵامەكە هاتووە، قەیس خەزعەلی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ كەناڵەكەی خۆی "ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێزان كاك نێچیرڤان و كاك مەسروری هێناوە و بە مەرامی خۆی لێكدانەوەی بۆ پێشهات و هاوكێشە سیاسیەكان كردووە، ئێمە پێمان وایە ئەو قسانە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و چەواشەكارییە، پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك رەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە."
هەروەها هەموو لایەك ئەو راستیە باش دەزانن كە لە دوای رووخانی رژێم كەس بەقەدەر بارزانی هەوڵی بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی تازە نەداوە، سەرۆك بارزانی زیاتر لە هەموو كەسێك هەوڵی بۆ ئەوە داوە عێراقێكی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای دەستوور دابمەزرێت كە تێیدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن و ڕەچاوی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت.
باشیش بزانن نە ئێمە و نە خەڵكی عێراق لەگەڵ ئەو عێراقەدا نین كە تێیدا دەستوور پێشێل بكرێت و پشت لە بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت و مافیاكان حوكمی وڵات بكەن.