هەرێم نیوز
سهرۆكی پارتی بزوتنهوهی نهتهوهپهرستی توركیا (مهههپه) ڕایدەگەیەنێت، له داهاتودا پێشهاتی گرنگ له توركیا ڕودهدهن و وڵاتهكهی ناچاره خۆی لهگهڵ گۆڕانكاریهكان بگونجێنێت، دهشڵێت، "گرنگترین وتاردەر لە پڕۆسەی 'تورکیا بێ تیرۆر' ئیمڕاڵییە، چونی كۆمسیۆن بۆ ئیمڕاڵی و كۆبونهوهی لهگهڵ ئۆجهلان مێژوییە".
دەوڵەت باخچەلی سهرۆكی پارتی بزوتنهوهی نهتهوهپهرستی توركی، ئەمڕۆ سێشەممە، لە گوتارێكیدا لە بەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا، لەبارەی ڕووداوەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی ڕای گەیاند، كۆبوونەوەی لیژنەی پەرلەمانی توركیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، پێشهاتێكی مێژووییە، ئۆجەلانیش دەوری گرنگ لەم پرۆسەیەدا دەگێڕێت.
باخچەلی ئاماژەی بەوە دا، كاتێك دەرگا كرایەوە ئەو یەكەمین كەس بوو پەیامێكی مێژووی خۆی دا و هەموو شتێكی بۆ هەمووان روون كردەوە.
ئەم قسانەی باخچەلی لە كاتێكدابوو بەدرێژایی ئەو ساڵانەی ئۆجەلان لە گرتووخانە بووە، داوای لەسێدارەدانی كردووە و هەمیشە وەك سەركردەی تیرۆر ناوی بردووە.
سەرۆكی مەهەپە وتی، دنیا گۆڕانكاریی خێرای بەسەردا دێت و ناوچەكەش لە هەموو دنیا زیاتر دەگۆڕێت، "توركیا ناتوانێت ڕێڕەوی سەدەی نوێ دابڕێژێت بە كشانەوە بۆ ناو خۆی و خۆشاردنەوە لە توێكڵەكەیدا و لە كورسییەوە سەیری پێشهاتە جیهانی و ناوچەییەكان بكات".
دەوڵەت باخچەلی ئەوەشی گوت، بڕیاری زۆرینەی شایستەی كۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی بۆ چوون بۆ ئیمراڵی، كە هەریەكەیان پەرلەمانتارێك لە مەهەپە و ئاكەپە و دەم پارتی، بڕیارێكی مێژووییە".
ئەوەشیخستەڕوو، "خەباتی ئێمە خەباتێكی گەورەیە بۆ یەكڕیزی و یەكگرتوویی، سەنتەری نەتەوەكەمانە، خەباتێكی گەورەیە بۆ باوەشكردن و یەكگرتن، سەنتەری نیشتمانمانە، لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ زیاتر لە جاران ڕۆژی یەكگرتوویی و یەكڕیزییە، بێگومان لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگە جیاوازیمان هەبێت لە بۆچوونەكان، وەك پەنجەی دەستێك، كاتێك باس لە خۆشگوزەرانی وڵاتەكەمان دەكرێت، كاتێك باس لە توركیا دەكرێت، دەبێت هەموو دووبەرەكییەكان بخەینە لایەك و یەكگرتوویی بكەین كورد و تورك یەك دەنگ دەبین، یەك هەناسە دەبین".
نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دوێنێ بڵاوی كردەوە، بۆ یەكەمجار شاندێكی لیژنەی تایبەت بە داماڵینی چەكی پەكەكە لە پەرلەمانی توركیا سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گیراوی پەكەكەی لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی كرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، له 27ی شوباتی ئهمساڵهوه توركیا پێی ناوهته قۆناغێكی نوێوه و دانوستانی نێوان حكومهتی ئهنقهره و ئیمڕاڵی دهستیپێكردوه، دوای ئهوهی ئۆجهلان له پهیامێكدا داوای چهكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه)ی كرد و دواتریش قهندیل كۆنگرهی خۆههڵوهشاندنهوهی ئهنجامدا.