هەرێم نیوز
لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی چەواشەكارییەكانی مەڵبەندی سێی یەكێتی دەداتەوە و دەڵێت "بەرد مەگرنە ماڵی کەس، چونکە ماڵتان لە شووشەیە".
لە بەیاننامەكەی لقی دووی پارتیدا هاتووە:"مەڵبەندی هەولێری یەكێتی لە ڕێگەی نووسیینە پڕ لە قین و دوژمنكارانەكەیان دەیانەوێت شکستییان لە دوایین هەڵبژاردن لە هەولێر بە ناوهێنانی پارتی و دامەزراوەکانی حکوومەت لە بیر خەڵک ببەنەوە".
دەقی بەیاننامەكەی لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مەڵبەندی سێی یەكێتی:-
بەرد مەگرنە ماڵی کەس، چونکە ماڵتان لە شووشەیە
ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووی دا لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە بووە وەستانی کارەبا بۆ چەند ڕۆژێک و پاشان پەلاماردانی پاڵاوگەی لاناز، هەوڵێکی دوژمنکارانەیە لۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی بۆ ئەوەی ببێتە فشار لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زیان بە خەڵکی کوردستان و دامەزراوەکان بگەیەنن لە پێناوی تاکە ئافەرینێکی هاوئاواز و هاوپەیمانەکانیان کە ئامانجیان نەمانی کوردستان و تێکدانی سەقامگیرییەکەیەتی.
ئەوڕۆ بەداخەوە نووسینێک بە دەست و خەتێکی پڕ لە قین و دوژمنکارانە لەلایەن مەڵبەندی هەولێری یەکێتی بڵاوکرایەوە و وەک ئەوەی هەنگوینییان لە دار دۆزیبێتەوە و دەیانەوێت شکستییان لە دوایین هەڵبژاردن لە هەولێر بە ناوهێنانی پارتی و دامەزراوەکانی حکوومەت لە بیر خەڵک ببەنەوە، دیارە وەک قوباد تاڵەبانی گوتەنی هێشتا (لە جەوی هەڵبژاردن ماون)، بەڵام مەڵبەندی یەکێتی دەبێت ئەوەی لەبیر بێت کاتێک بە بڕیاری سەرۆکی حزبەکەی دەبابە و کۆپتەر و چەکی قوڕس لە شەقامەکانی شاری ئازیزی سلێمانی خرانە بەرژەوەندی کەسی و یەکلاییکردنەوەی هەژموونی دوو ئامۆزا ئەوەشیان ئازادی بوو؟!
ئەی کاتێک گەنجانی خێرلەخۆنەدیوی حزبەکەی خۆیان خەڵتانی خوێن کرد و قەتلوعامیان لە لالەزار بەرپا کرد ئەو کات ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ بوو؟!
ئەی ئێستا کە سێ سەرۆکی حزبی ئۆپۆزیسیۆنتان لە زیندانەکانی سلێمانی ئاخنیوە، ئەوەیان ناوی چی لێ دەنێن، ئەی ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی کەناڵەکانتان دەیکەن بۆ نەمانی کارەبا و تەقاندنەوەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری هەرێمەکەمان چ مانایەکی هەیە ئەو دڵخۆشیەتان لەپای چی؟!
بۆیە واباشترە ئیتر مەڵبەندی یەکێتی و کەناڵ و سێبەر و دەست و پێوەندەکانیان بێ دەنگ بن و دڵنیابن ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی هەردوو برا سەرکردەکانتان دەیکەن جگە لە نەمانی متمانە لای خەڵکی کوردستان هیچ سوودێکی تری نییە و مێژوو شاهێدە و چەند ڕۆژێکە ئەنجامی هەڵبژاردنتان بینیوە و خەڵکی کوردستان هۆشیارە، بۆیە وا باشترە کە ماڵتان لە شوشەیە، بەرد لە ماڵی کەسی تر نەگرن.
لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان
1ـی 12ـی 2025