هەرێم نیوز
کۆمپانیای دانە غاز دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی کۆرمۆر رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم و عیراق رێوشوێنە ئەمنییەکانیان لە دەوروبەری کێڵگەکە توندوتۆڵتر کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەنراوێكی كۆمپانیای دانەغازدا هاتووە، لە دوای هێرشەكەی رۆژی چوارشەمی رابردوو 26-11-2025، ئێستە ئاستی بەرهەمهێنان ئاسایی بووەتەوە.
دانەغاز باس لەوە دەكات، دوای توندكردنی رێوشوێنە تەناهییەكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتە فیدراڵییەكان، بەرهەمهێنانی غازیان دەستی پێ كردووەتەوە.
باس لەوەش دەكات، لەگەڵ هاوبەشەكانیان پابەندن بە سەلامەتیی كارمەندانیان و دابینكردنی كارەبا و غازی ئێڵ پی جی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق.
هێرشەكەی رۆژی چوارشەمی رابردووی سەر كۆرمۆر، بووە هۆی ئاگركەوتنەوە لە كۆگەیەكی سەرەكی و راوەستانی بەرهەمهێنانی غاز، ئەمەیش بووە هۆی لەدەستدانی نزیكەی 80%ی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان.