هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی زنجیرە دیدارە فەرمییەکانیدا لە شاری بەغدا، لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە و ڕایگەیاند کە لەسەر پرسی خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵێنی تەواو و دڵنیاکەرەوەیان وەرگرتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ـی ٥ـی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژی دووەم لەسەر یەک لەسەر دیدار و کۆبوونەوە چڕەکانی لە بەغدای پایتەخت بەردەوامە. ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییە بە مەبەستی دروستکردنی هاوئاهەنگیی بەهێزتر، چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوە دەچێت، و بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران سەردانی ژمارەیەک لایەن و سەرکردەی دیکەی سیاسیی عێراق بکات.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، مەسرور بارزانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ڕایگەیاند، کە ڕێز و پێزانینی قووڵیان بۆ مێژووی خەباتی نووری مالیکی هەیە.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەم دیدارەدا کۆمەڵێک پرسی بنەڕەتیی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، هاوژین لەگەڵ دۆخی ئەمنیی گشتیی عێراق و ناوچەکە بە چڕی تاوتوێ کراون.
لە تەوەرێکی سەرەککی لێدوانەکەیدا، مەسرور بارزانی مژدەیەکی گرنگی بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا و بە فەرمی ڕایگەیاند، کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ نووری مالیکی هاتوونەتە سەر هێڵ لەسەر بابەتی شایستە داراییەکان، و بەڵێنی فەرمییان پێدراوە کە مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەبێ کێشە خەرج بکرێت، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو لایەن.