دواین هەواڵ

ئازادیەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی

‌هەڵوێست میرانی

16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئازادیەکەی کاک بافڵ هەمان ئەو ئازادیەیە کە نیکیتا خرۆشۆڤ بانگەشەی بۆ کردووه، کاتێ ڕەخنەیان لە خرۆشۆڤ گرت بەوەی لە یەكێتی سۆڤیەت ئازادی بیروڕا نیە، لە وەڵامدا گوتی بەڵێ ئازادی هەیە، ئەوە نیە لە بەردەم كۆشكی كرملین خەڵك ئازادانە جنێو بە سەرۆكی ئەمریكا دەدەن.!

كاك بافڵ و بەغبەغە.
كاك بافڵ سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە و پێگەی ئەو هەمان پێگەی خوالێخۆش بوو مام جەلال سكرتێری پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، بە كوردیەكەی كاك بافڵ ئێستا لە سەر كورسی باوكی خوالیخۆش بووی دانیشتووە و حاکمی ڕەهای زۆنی سەوزە.
بافڵ تاڵەبانی لە ڕووی جەستەیی و فكر و جوڵەی سیاسیەوە لە مام جەلالی باوکی ناچێ، مام جەلال پیاوێكی قەڵەو بوو و كاك بافڵ گوتەنی بەغبەغەشی هەبوو، لە بەرامبەردا بافڵ وەرزشوانە و خاوەن جەستەیەكی پتەو و ڕێكە، لەو تەمەنە كە سەرووی پەنجا ساڵە توانیویەتی پارێزگاری لە ڕێكی جەستەی خۆی بكات، مام جەلال سەرەڕای قەڵەوی و زۆری كێشی سیاسیەكی حەكیم و دوور بین بوو، بەردەوام ژیرانە بارودۆخی ناوچەكە و عێراقی دەخوێندەوە، وە لە خەمی قەوارەی هەرێمی كوردستان بوو، لە سەردەمی ئەو یەكێتی بە عەمەلی لە دەسەڵات بوو و خۆی بە خاوەنی باش و خراپیەكانی حوكمڕانی هەرێم دەزانی. بە كوردیەكەی ئەو یەكێتیە نەبوو بە ڕۆژ لە حكومەت بێ و شەوانیش ئۆپۆزسیۆن.!

هەولێر و درۆن.!
سەرۆكی یەكێتی ئەمڕۆ باسی لە درۆن كرد، گوتی با ئێمە دیفاع بكەین لە هەولێر، بزانن كەس دەوێرێ هەموو حەفتەیەك درۆنێك لە سلێمانی بدات.!
هەموو ئەو درۆن و كاتیوشایانەی لە ماوەی ڕابردوو بە ئاراستەی هەولێر هەڵدراون ڕوونە سەرچاوەكەی كێ یە و بە بڕیاری كامە لایەن هەڵدراون، ئەم درۆنانەی هەڵدراون پەیوەندی بەو فشارانەوە هەبووە كە لە ماوەی ڕابردوو لەو ڕێگایەوە حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان ناچار بە جێبەجێکردنی داواكاریەكانی بەرەی مقاوەمە بكرێن، ئەمەش لە لایەن حكومەتی هەرێم و پارتیەوە ڕەتكراونەتەوە، چونكە چونە ژێر باری داواكانی بەرەی مقاوەمە خزمەت بە دۆزی كورد و ئارامی هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵگەش بۆ ئەمە بارودۆخی ئەو شار و وڵاتانەیە كە دەستی بەرەی مقاوەمەی گەیشتۆتێ، شارەكان بە تەواوەتی وێران بوون و لە ڕووی خزمەتگوزاریشەوە بە تەواوەتی پشتگوێخراون، بە هۆی ئاشوبەوە خەڵكەكە لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن و برسی كراون، دەتوانم بڵێم جیاوازی نێوان هەولێر و سلێمانی یاخود بڵێین هەردوو زۆنەكە پەیوەندی بەم واقیعەشەوە هەیە، چونكە ئەو داهاتەی بۆ ئاوەدانی شارەكان كۆدەكرێتەوە ناخرێتە خزمەتی گەشانەوە و ئاوەدان كردنەوەی شار و ناوچەكان و خەڵكەكەشی سوود مەند نینە، بەڵكو دەخرێتە خزمەتی  گروپە چەكدارەكان و چاڵاكیەكانیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP