ئەوەی کە ژنێک ئەندامی نێرینەی هاوژینەکەی ببڕێت، رووداوێکی ئاسایی نییە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی پێکەنین نییە. ئەم بابەتە لە پلەی یەکەمدا، هەواڵێکە پەیوەستە بە توندوتیژیی خێزانی و پێشێلکردنی ماف و سەلامەتیی تاکەکانەوە. ئەم جۆرە هەواڵانە بۆ ئەو کەسانەی (بەتایبەتی میدیاکاران) کە هەست بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی دەکەن، نابێت ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی، بەڵکو دەبێت پێش بڵاوکردنەوەی بە چەندین فیلتەری ئەخلاقی و پیشەییدا تێپەڕێت، بۆ ئەوەی نەخرێتە بەردەم بینەر و بیسەر بە شێوەیەکی سووک و بێبایەخ.
کارەساتە گەورەکە لەوەدایە کە نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئێمە لە گرنگیی دامەزراوەیەک بەناوی خێزان تێناگەن. ڕاستییەکەی ئەمڕۆ خێزان تەنها یەکەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نیشتمانی. خێزانی پتەو و ئارام، واتای ئاسایشێکی نیشتمانیی باشتر و کۆمەڵگەیەکی سەقامگیرترە. خێزان ئەو دامەزراوە سەرەکییەیە کە مرۆڤ فێری ئەخلاق و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکات و قورساییە گەورەکەی پەروەردەی لەسەر شانە.
لەم چوارچێوەیەدا، دەکرێت ئاماژە بە تێزەکەی یوری برۆنفێنبرێنەر (Urie Bronfenbrenner) بکرێت کە لە تیۆریی سیستەمە ژینگەییەکانیدا (Ecological Systems Theory) جەختی لەسەر دەکاتەوە: خێزان وەک یەکەیەکی بچووک (مایکرۆسیستەم) بە شێوەیەکی قووڵ پەیوەستە بە سیستەمە گەورەترەکانی وەک کۆمەڵگە و دەوڵەت. برۆنفێنبرێنەر پێمان دەڵێت کە ئارامیی خێزان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستیی دەروونی و کۆمەڵایەتیی تاکەکان هەیە، کە ئەمەش بە نۆرەی خۆی کاریگەری لەسەر سەقامگیریی گشتیی نیشتمان دروست دەکات. بە واتایەکی تر، ئارامیی وڵاتەکەمان ڕەنگدانەوەی ئارامیی خێزانەکانمانە.
بەداخەوە، نوخبەی نامەسئول لە چەندین دەیەی ڕابردوودا دۆخێکی دروستکردووە کە گاڵتە بە هەموو شتێک دێت و هیچ شتێکی وەک بابەتی جددی نەهێشتووەتەوە. ئەم نوخبەیە وای لە خەڵکی گەیاندووە کە نیشتمان تەنها “فشەیە” و تەنها پێڵاو مرۆڤ بە نیشتمانەوە دەبەستێتەوە. هەمان ئەو نوخبەیەیە کە شەو و ڕۆژ خەریکی لێدانە لە خێزان وەک دامەزراوە و پەیوەندییە خێزانییەکان، بەمەش بنەماکانی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی دەشێوێنێت.
لەم نێوەندەدا، ئەو گرووپەی کە بە “ڕەهەند” ناسرابوون، ڕۆڵێکی زۆر خراپیان گێڕا. ئەوان فەوزا و پشێوییان وەک دەستکەوت بە خەڵک دەفرۆشتەوە و سیستەم و دامەزراوەشیان وەک کۆت و بەند پێناساندین. ئەوەی لەدەستیان هات بۆ نەهێشتنی ڕێز و بەها کۆمەڵایەتییەکان کردیان. ئەم شێوازە لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە، بووەتە هۆی ئەوەی هەموو شتێک ببێتە جێگەی گاڵتەپێکردن و نوکتە.
نموونەیەکی دیکەی ئەم نامەسئولییەتە، کاتی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو. لە کاتێکدا کە ئەرکی سەرەکیی میدیا و نوخبەی کوردی دەبوو ساڕێژکردنی برینەکە و دەستنیشانکردنی کێشەکان بێت، ئەوان هاتبوون کابرایەکی ئەلکهولیکیان کردبووە بابەتی سەرەکی کە هەموو قسەی بریتیبوو لەوەی “ماقوڵ چییە مەشروب دەستناکەوێت”. ئەمە ختووکەدانی خەڵکی بوو بۆ پێکەنینی ساختە و دەستکرد، لە کاتێکدا کە پێویست بوو بە جددییەتەوە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکەدا بکرێت.