دواین هەواڵ

ڕووماڵی لافاوەکە شکستی هێنا!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتی خۆی هەواڵێک بڵاوبووەوە کە گوایە لە سۆران تەقینەوەیەک ڕوویداوە و بیست کەس گیانیان لەدەستداوە. ڕۆژنامەنووسێک بەپەلە و بە ئومێدی وەرگرتنی موکافەئە دە هەزار دیناریەکەی، تەلەفۆنی بۆ بەرپرسی ئیدارەی سۆران کردبوو. بەرپرسەکەش لە وەڵامدا وتبووی: “نەوەڵا برا، هیچ شتێکی لەو شێوەیە ڕووینەداوە!” ڕۆژنامەنووسەکەش  دوای داخستنی تەلەفۆنەکە، بە مێزەکەیدا کێشابوو و وتبووی: “ئاخ، ڕاست نەبوو!”
بیهێننە پێش چاوی خۆتان، کابرا ئاواتی خواستبوو تەقینەوەیەک ڕووبدات و بیست کەس ببنە قوربانی، تەنها لە پێناو وەرگرتنی دە هەزار دینار پاداشت!
من ئەم چیرۆکەم بۆیە گێڕایەوە، تا بڵێم وەک هەندێک کەس نیم کە حەز بکەم لە شوێنێک کارەسات ڕووبدات، تەنها بۆ ئەوەی بڵێم: “ئەرێوەڵا، قەوما!” بەڵام مەبەستی سەرەکیم ئەوەیە کە ساڵانی ڕابردوو لەم کاتانەدا، خۆمان بۆ ڕووماڵکردنی لافاوی هەولێر، دهۆک و زاخۆ ئامادە دەکرد. کەچی ئەمساڵ، پۆند و بەنداوەکان ئەو ڕووماڵەیان هەڵوەشاندەوە و لەوەش سەیرتر، زوومی کامێراکانیان ئاڕاستەی چەمچەماڵ کرد!
لە ڕاستیدا، جیاوازیی نێوان هەولێر و زاخۆ لەگەڵ چەمچەماڵ، تەنها لە جیاوازیی عەقڵیەتی حوکمڕانیدایە. ئەوەی لە هەولێرە حوکمڕانی دەکات، بەڵام ئەوەی لە چەمچەماڵ و سلێمانییە تەنها ئیدارە دەدات.
“ئیدارەدان” و “حوکمڕانی” ئاسمان و ڕێسمانیان جیاوازە. ئیدارەدان زیاتر بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەیە، لە کاتێکدا حوکمڕانی کۆڵەکە سەرەکییەکانی بریتین لە ستراتیژ و وەڵامی خێرا بۆ کێشەکان. ئیدارەدان بەبێ حوکمڕانی، هەرگیز نابێتە کردەیەکی دەوڵەتی.
لەم سەردەمەدا، ئاستی هۆشیاریی هاونیشتمانییان لە ڕادەبەدەر بەرزبووەتەوە. ڕەنگە بتوانیت بۆ ماوەیەکی کاتی بە درووشم و هاوار سەرقاڵیان بکەیت، بەڵام ئەستەمە بتوانیت بۆ هەمیشە هەڵیانبخەڵەتێنیت. هەر سیاسەتوانێک یان حزبێکی سیاسی کە بیەوێت بمێنێتەوە، دەبێت خاوەنی دەستپێشخەری و کردەی دەوڵەتی بێت، نەک تەنها چاوەڕێی ڕووداوەکان بکات بۆ ئەوەی وەک پەرچەکردارێک ڕەتیان بکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP