لە ساڵی ١٩٦٣ لە دوای کوودەتا خوێناوییەکەی بەعس لە ٨ شوبات، یەکسەر ڕەشبگیری و تاوانە ترسناکەکانی ئەندامانی گاردی نەتەوەیی "الحرس القومی" دەستیان پێکرد. کوردێکی زۆر بە تۆمەتی کۆمۆنیستی و پارتێتی گیران و لە زیندان قایم کران. باوکم، کە هەمووی یەک دوو مانگێک بوو ئازاد کرابوو لەو تۆمەتەی گوایە چەکی دەکرێت بۆ پێشمەرگە، ئەمجارە بە تۆمەتی ئەوەی گوایە کۆمۆنیستە دەستگیر کرایەوە. چۆنێتی ساغکردنەوەی ئەو تۆمەتە بەسەریدا هەندێک سەیر بوو، نەک هاوڕێیەکی شیوعی دانی بەوەدا نابوو کە ئەو کۆمۆنیستە، بەڵکوو شێخ تالیب فەیزوڵا تاڵەبانی سێ پیاوی خۆی هێنا و هەر یەکەیان پێنج دیناری پێیاندا و ئەوانیش لە بەرامبەردا سوێندیان خوارد کە قادر غەفوورە زەن شیوعییە. بە سێ ساڵ زیندانی سزا درا و ئەو ساڵانەی لە داقووق، کەرکووک، بەغدا و ڕومادی بەسەر برد. کاتێک لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکی تر دەگوازرانەوە "ئاهەنگی پێشوازی"یان بۆ ڕێک دەخرا کە بریتی لەوەی ئەندامانی گاردی نەتەوەیی بە دوو ڕیز دەوەستان و دەبووایە زیندانییەکان بە نێویاندا تا ئەو سەر تێ بپەڕن و لە هەر دوو لاوە بە تێلا لێیان دەدان. توند و تیژی و ئەشکەنجەدان جۆربەجۆر بوون، بۆ نموونە کاتژمێر یەک و دووی شەو ئاویان دەکردە ژێریان و ناچاریان دەکردن هەموو جل و جێگەکانیان بخەنە سەر سەریان و بە سەعاتان بە پێوە ڕابوەستن، هەروەها دووپشکیان دەکردە نێو قاوشەکە و ناچاریان دەکردن نەخەون. جارێکی تر بە بیانووی ئەوەی مانیان گرتووە گاردی نەتەوەییان تێیان بەردەدان و تەقەیان لێ دەکردن. ئەمەی دواییان من بە چاوی خۆم لە زیندانی ناوەندی بەغدا بینیم، ئێمە وەک کەس و کاری زیندانییەکان لە دەرەوە وەستابووین و چاوەڕێی ئەوە بووین ڕێگەمان بدەنێ بچینە ژوورەوە، بوو بە تەقە و هەر یەکەمان بە کۆڵانێکدا ڕامان کرد.
یەکێک لەو چیرۆکە غەمگینانەی باوکم بۆی دەگێڕاینەوە ئەوە بوو، هاوڕێیەکی کاکەییان لەگەڵدا بوو کە ئێمە لە نزیکەوە دەمانناسی، لە یەکێک لە دێکانی کاکەیییەکانی داقووق نزیک ئاوایییەکەی ئێمە دەژیا، دواتریش لە کەرکووک دووکانەکەی نزیک دووکانەکەی ئێمە بوو لە لای گەراجی لەیلان لە مووسەڵا. ناوی ناهێنم چونکە ڕەنگبێ کەس و کار و نەوەکانی پێیان خۆش نەبێت، ڕۆژێک مرۆڤخۆرە بەعسییەکان وەک سووکایەتی لایەکی سمێڵی دەتاشن، ئەو پیاوەش بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ لەسەر دەم دەکەوێت و دونیای لەبەرچاو تاریک دەبێت. زیندانیانی هاوڕێی زۆر هەوڵی لەگەڵدا دەدەن و دڵی دەدەنەوە بۆ ئەوەی وای لێ بکەن نان بخوات و واز لەو مانگرتنە بهێنێت چونکە بەوە کێشەکە چارەسەر نابێت. تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووش دەمبینی و هەموو جارێک کە بەلای دووکانەکەیدا تێ دەپەڕیم چاک و چۆنیم لەگەڵدا دەکرد و کاتێک سەردانی دووکانم دەکرد یەکسەر دەهات و بەخێرهاتنی دەکردم. یادی ئەو کاکەیییە مرۆڤدۆستە بە خێر، نەفرەتیش لە فاشیستان و تیرۆریستان کە دوای ئەو هەموو ساڵە هەمان کردەوە و هەڵس و کەوت لەگەڵ پیاوێکی پیری دورزی بە ناوی شێخ مرهج شاهینی دانیشتووی گوندی "الثعلة" لە پارێزگای سوەیدای سووریا دەکەن کە وا باس دەکرێت کە دوای ئەوە یەکسەر کۆچی دوایی کردووە. تەنیا شت کە دورزییەکان لە مرۆڤخۆرەکانی دیمەشق دەپارێزێت هەڕەشەکانی ئیسرائیلە، ئەگەرنا ئەوەی بە کوردە ئێزیدییەکان کرا بە ئەوانیشیان دەکرد.