دواین هەواڵ

دوای ئاگربەست... بەرەی ئەلیکترۆنی لە ململانێی ئێران و ئیسرائیل

‌شێرکۆ حەبیب

5 کاتژمێر پێش ئێستا

لە 1ی تەمموزی 2025، گروپێکی هاککردنی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە کە خۆیان بە "ڕۆبەرت" ناودەبەن، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی 100 گیگابایت ئیمەیڵیان کرد کە بانگەشەی ئەوە دەکەن لە یاریدەدەرانی خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان دزیون، لەنێویاندا سوزی وایڵز، سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی و ڕۆجەر ستۆن، ڕاوێژکار ماوەیەکی زۆرە. لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا ئەو پێشێلکارییەیان ئیدانە کرد و بە هەڵمەتێکی چەواشەکاری بە پاڵنەرێکی سیاسی وەسفیان کرد، کات و ئامانجەکانی ئاماژە بە پەرەسەندنێکی حیسابکراوی ئێران دەکەن. پێدەچێت ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێک بێت لە وەڵامدانەوەی تاران بۆ پاڵپشتیی و هەماهەنگی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە کاتی ئۆپەراسیۆنی شێر هەڵکشاودا، کە تیایدا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هەڵمەتی بۆ سەر خاکی ئێران و دواتر هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی دەستپێکرد.
لە ١٧ی حوزەیران گروپی هاککردنی (پریداتۆری سپارۆ) کە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە، بانکی سیپای دەوڵەتی ئێرانی هاکک کرد کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە هەیە. پاشان کۆمپانیای (نۆبیتێکسی) کردە ئامانج کە گەورەترین دەزگای ئاڵوگۆڕی دراوی وڵاتە لە هەوڵێکدا بۆ ئاشکراکردنی ڕۆڵی گوماناوی ئەو دەزگایە لە خۆدزینەوە لە سزاکان و پارەدارکردنی نایاسایی. ئەم ئامانجکردنە بووە هۆی لەدەستدانی ٩٠ ملیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانەکەی. تەنانەت لە کاتێکدا کە دوژمنایەتییە ڕاستەقینەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران کەم بووەتەوە، بەهۆی ئاگربەستێکی ناسکەوە، ئەم هێرشە دیجیتاڵیانە نیشان دەدەن کە سەنگەرە ئەلیکترۆنییەکان چالاک و فراوانبوون لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئەم ڕووداوانە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنێکە لە ململانێی ئەلیکترۆنی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە بۆ ماوەی دە ساڵە بەردەوامە. هەردوو وڵات مەودای دیجیتاڵی وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی ستراتیژییە ئەمنییەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، هەڵمەتە ئەلیکترۆنییەکان لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان و هەڵوێستی دیپلۆماسییان تێکەڵ دەکەن.
ئیسرائیل ستراتیژییەکی ورد و پێشکەوتووی ڕێگری ئەلیکترۆنی داڕشتووە، کە هێرشە ئەلیکترۆنییە وردەکانی لەگەڵ بەرگرییە نیشتمانییە بەهێزەکاندا تێکەڵ کردووە. هەڵمەتە ئەلیکترۆنییەکان لە ئاستی ئۆپەراسیۆنەکاندا لەلایەن دوو لایەنی ئیسرائیلییەوە سەرپەرشتی دەکرێن: بەڕێوەبەرایەتی ئەلیکترۆنی نیشتمانی ئیسرائیل و یەکەی ٨٢٠٠، کە یەکەیەکی هەواڵگری سیگناڵەکانی نوخبەی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیلە. ئەم یەکەیە کە بە ڕۆڵی خۆی لە ئۆپەراسیۆنی ستوکسنێت ورم (Stuxnet worm) ناسراوە- کە لە ساڵی ٢٠١٠دا زیانی بە سەنتەری ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاند- بەردەوامە لە سەرکردایەتیکردنی توانا ئەلیکترۆنییەکانی ئیسرائیل، چ لە ڕووی هێرشبەری یا لە رووی بەرگرییەوە.
ئەم پێکهاتە فەرمیانەی حکومەت هەر چەندە فەرمی نی بەڵام بە گروپە لایەنگرەکانی ئیسرائیل تەواوی هەژمار دەکرێن. کۆمپانیای سیفیرمای هەواڵگری زیاتر لە بیست گروپی لەو جۆرەی دەستنیشانکردووە، لەوانە تیمی UCC Team، Anonymous Israel و Red Evils. ئەم گروپانە بە پلەی یەکەم خەریکی هێرشی ڕەتکردنەوەی خزمەتگوزاری دابەشکراو (DDoS)ن، کە سێرڤەر و ماڵپەڕەکان لەناو دەبات، هەروەها لە تێکدانی ماڵپەڕەکان، بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیامەکانی ئیسرائیل و بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە فەزای دیجیتاڵیدا.
لە بەرامبەردا ئێران توانا ئەلیکترۆنیەکانیشی بەرزکردۆتەوە. دوابەدوای هێرشەکانی مانگی حوزەیران، کۆمپانیای ڕادوێری ئاسایشی ئەلیکترۆنی ڕاپۆرتی دا کە چالاکییە ئەلیکترۆنیەکانی ئێران بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل بە ڕێژەی ٧٠٠% زیادی کردووە. ئەم هێرشانە بریتی بوون لە هێرشی دابەشکراوی ڕەتکردنەوەی خزمەتگوزاری، هەوڵدان بۆ هاککردنی سیستەمی ژێرخانی و تەنانەت هاککردنی کامێرای زیرەکی ئیسرائیل بۆ ئاسانکاریکردن لە ئامانجکردنی دەستبەجێ لەکاتی هێرشی موشەکیدا. ئەمەش نوێنەرایەتی پەرەسەندنێکی ڕوون دەکات لە چاودێری ئەلیکترۆنی نەرێنی بۆ تێکدانی چالاک و شەڕی دەروونی.
وەزارەتی ئیتلاعات و ئاسایشی ئێران و سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی سەرکردایەتی توانا ئەلیکترۆنیەکانی تاران دەکەن و لە لایەن کۆمەڵێک تیمی هەڕەشەی بەردەوامی پێشکەوتوو (APT) پاڵپشتی دەکرێن. APT34 (Oil Rig) و APT35 (Charming Kitten) و APT33 (Elfin) لە دیارترینی ئەم گروپانەن، کە بە چالاکییەکانیان لە بڵاوکردنەوەی بەرنامە زیانبەخشەکان و جێبەجێکردنی هەڵمەتەکانی تێکدانی ژێرخانی ناسراون. هەروەها ئەکتەرەکانی زانیاری ناڕاستی وەک ڤۆید مانتیکۆر تواناکانی کاریگەری ئێران فراوانتر دەکەن، زۆرجار گێڕانەوەی جیۆپۆلەتیکی کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تاران هاوتەریبن، گەورەتر دەکەن.
ئەم هەڕەشەیە بەهۆی پەرەسەندنی هاوپەیمانی دیجیتاڵی ئێران لەگەڵ ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور زیاتر دەبێت. ئەم هاوبەشانە تەکنەلۆژیای چاودێری و تاکتیکی زیرەکی دەستکرد و ئامرازەکانی کاریگەریی بەهێزکراوی AIیان بۆ دابین کرد، ئەمەش وای لێکرد کە هەڵمەتی ئاڵۆزتر و بەربڵاوتر لە ئاستی جیهانیدا دەستپێبکات.
کاریگەری دیجیتاڵی ئێران و لایەنگرانی لەناو ئەمریکادا زۆر ڕوون بووەتەوە. دوابەدوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە 22ی حوزەیران، گروپە لایەنگرەکانی ئێران هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیان بۆ سەر ژێرخانی ئەمەریکا و ئامانجە سیاسییەکان چڕتر کردەوە. جگە لە هاککردنی ئیمەیڵەکەی ترەمپ، هاکەرەکانی لایەنگری ئێران بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشی بەرنامەی فینوێری لە یەکەمی تەمموز لە دژی کۆمپانیای KVE Metals کە بنکەکەی لە ئەمریکایە و پچڕانی خزمەتگوزاری لە کۆمپانیای Truth Social لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا گرتە ئەستۆ. دامەزراوە داراییەکان، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و بەڵێندەرانی بەرگری ئامانجی ئەولەویەتێکی بەرزن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئیسرائیل لە هەندێک ژێرخانی گرینگی ئەمریکادا دەتوانێت چالاکییە ئەلیکترۆنییە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران ڕابکێشێت یان بتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی. جێگەی نیگەرانی تایبەت گرنگیدانی ئێرانە بە سیستەمی تەکنەلۆژیای کارپێکردن، ئەو لاوازییانە کە درێژخایەن و نەدۆزراوی بە زۆرێک لە کەرتەکان پێببەخشن.
پاشەکشەکانی ئەم دواییە لە حوکمڕانی ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا، ئەو لاوازییانەی کە ڕووبەڕووی دامەزراوە ئەمریکییەکان دەبنەوە، زیاتر خراپتر کردووە. دەرکردنی ژەنەڕاڵ تیمۆسی هۆ و کەمکردنەوەی بودجەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی فیدراڵی نیگەرانی جددی لێکەوتووەتەوە. لە کاتێکدا دەزگاکانی وەک وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ژێرخان داوای زیادکردنی وریایی لە کەرتەکانی وەک ئاو و وزە و گواستنەوەیان کردووە، کەرتی تایبەت هێشتا لە ژێر فشارێکی تونددایە و سەرچاوەی کەمی هەیە. بە کورتهێنانی هێزی کاری ئاسایشی ئەلیکترۆنی کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار پیشەگەرە، بەرگرییەکانی ئەمریکا لە ژێر فشارێکی تونددان. چارەسەرنەکردنی ئەم دۆخە دەتوانێت سیستەمی گرنگ بخاتە بەردەم هەڕەشەکانی نەیارانی تادێت ئاڵۆز و پارەدار و پاڵنەری ئایدیۆلۆژی.
بێ گومان کاریگەرییە ستراتیژییە فراوانەکانی ئەم پەرەسەندنە ئەلیکترۆنییە جێگەی نیگەرانییە.
یەکەم: چونکە سنوورە تەقلیدییەکانی جیاکردنەوەی ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان کاڵ دەبنەوە. نەخۆشخانە و بانک و دامەزراوە گشتییەکان بوونەتە ئامانجی ڕەوا لەم شەڕە ناهاوسەنگانەدا.
 دووەم: چونکە بڵاوبوونەوەی یەکە ئەلیکترۆنییە نیمچە سەربەخۆکان لە هەردوو لا ئەگەری پەرەسەندنی بەڕێکەوت یان حیساباتی هەڵە زیاد دەکات.
سێیەم: لەبەر ئەوەی ململانێی ناوچەیی تادێت سروشتی نێودەوڵەتییە، هاوپەیمانی ئەلیکترۆنی و چالاکییەکانی بە وەکالەت خەریکە ئەکتەرەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەکێشن.
بەڕێوەبردنی ئەم سەردەمە نوێیەی ململانێ ئەلیکترۆنییە زیاتر باشترکردنی بەرگری تەکنیکی دەوێت. پێویستی بە ڕوونی ستراتیژی و هەماهەنگی نێودەوڵەتی و سەرلەنوێ پێداچوونەوەی چەمکی ڕێگریکردن پێویستە. بۆ ئیسرائیل ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەلیکترۆنییانە ڕێگەیەک بۆ فشارخستنە سەر بەبێ پەنابردنە بەر شەڕێکی زەمینی تەواو دەڕەخسێنن. بۆ ئێران، ئامرازێکی کاریگەر لە ڕووی تێچوون و لە هەمان کاتدا زۆر کاریگەر بۆ بەرپەرچدانەوە و تاقیکردنەوەی تواناکانی نەیارێک دابین دەکات، بەڵام مەترسییەکانی حیساباتی هەڵەی ستراتیژی بۆ هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئێران لە گەشەکردندایە.
بەرەی دیجیتاڵی چیتر شانۆیەکی لاوەکی ململانێ نییە. ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان بوونەتە شتێکی بنەڕەتی بۆ ئەو ڕێگایانەی کە دەوڵەتەکان هەڵمەتی فشار لەسەر نەیارەکانیان ئەنجام دەدەن و چالاکییەکانیان تێکدەدەن و بەرگری لە سەروەت و سامانە ستراتیژییەکانیان دەکەن. لەگەڵ زیاتر پەیوەستبوونی کایەی دیجیتاڵی و فیزیکی بەیەکەوە، خۆڕاگری ئەلیکترۆنی دەبێت وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتی بەرگری نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک تەنها لە تەلئەبیب و تاران، بەڵکو لە واشنتۆن، ڕیاز، برۆکسل و پایتەختەکانی دیکەشدا.

(*)
نووسینی: أليس غاور
و/ شێرکۆ حەبیب

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP