دواین هەواڵ

ئۆجەلان پارتێكی تازە دروست دەكات؟

‌كارزان گلی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئۆجەلان پارتێكی تازە دروست دەكات؟

بۆچی دەمیرتاش لاواز دەكات؟

كارزان گلی

میدیاكانی توركیا دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردووەتەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، لە زیندانەوە پارتێكی تازە دادەمەزرێنێت، بەمەش كۆتاش بە دەم پارتی دێت.

بەگویرەی دەستووریی توركیا، هەر كەسێك سزای زیندانی زیاتر لە ساڵێك بەسەردا سەپێنرابێت، بۆی نییە سیاسەت بكات و هەروەها بۆی نییە ببێتە سەرۆكی هیچ حیزبێت.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، دوای ئەوەی زیندانی كرا و سزای زیاتر لە ساڵێك زیندانی بەسەر سەپێنرا، لە هاوسەرۆكی هەدەپە دوور خرایەوە، كەواتە بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، ئۆجەلان بۆی نییە پارت دروست بكات.

بەڵام ئەوەی باس دەكرێت و چەند سەرچاوەیەكی ناو دەم پارتیش باسیان لێوە كردووە، دەم پارتی لە مانگی ١١ی ئەمساڵ دەچێتە ناو كۆنگرە و گۆڕانكاری گەورە ئەنجام دەدات و ئۆجەلانیش رۆڵی گەورەی لەو كۆنگرەیەدا دەبێت.

دەم پارتی لە مانگی ١١ دەچێتە ناو كۆنگرە و لە كۆنگرەدا ناوی پارت دەگۆڕدرێت و هەروەها پەیڕەو و پروگرامی پارت گۆڕانی بەسەردا دێت و هاوسەرۆكانی ئێستاش گۆڕانیان بەسەردا دێت و ئۆجەلانیش رۆڵی گەورەی دەبێت لەو گۆڕانكارییەدا.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئۆجەلان رۆڵی گەورەی لەكۆنگرەی دەم پارتی دەبێت، بۆ خۆی كەسایەتییەكان بۆ سەركردایەتی دیاری دەكات و هەروەها بۆ خۆشی سەرۆكێك هەڵدەبژێرێت بۆ دەم پارتی، كە بڕیارە ناوی پارتەكە بگۆڕدرێت.

ئەوەی گرنگە و قسەی لەسەر دەكرێت، لە كۆنگرەی دەم پارتیدا سەلاحەدین دەمیرتاش هیچ رۆڵێكی نابێت، ئۆجەلان دەیەوێت رۆڵی دەمیرتاش لاواز بكات و ئیدی بەهیچ شێوەیەك وەكوو سەرۆك سەیری نەكرێت.

دوای ئەوەی لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ، شاندی ئیمیڕاڵی سەردانی ئۆجەلانیان كرد، ئۆجەلان گلەیی لە دەمیرتاش هەبووە و گوتویەتی هەڵەی كردووە دژی رەجەب تەییب ئەردۆغان وەستاوەتەوە و گوتویەتی ”ناتكەین بەسەرۆك“، چونكە ئەوە كێشەی ئەوان نییە كێ دەبێت بە سەرۆك، ئەوەی گرنگە  ئامانجی ئەوانە، جا كێ سەرۆكە كێشەی كورد نییە.

ناكۆكی نێوان ئۆجەلان و دەمیرتاش بۆ چەند ساڵێك بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەوكاتەی دەمیرتاش لە زیندانەوە لە دیمانەیەكدا گوتبووی ”پەشیمانم لەوەی گوتبووم لە ئامەد پەیكەرێك بۆ ئۆجەلان دروست دەكەم“ ئەم گوتەیەی ئۆجەلان سەركردایەتی پەكەكەی نیگەران كرد و لە میدیاكانەوە رەخنەی زۆریان لێگرت و تەنانەت بە كەسێكی خاین و نزیك لە ئەردۆغان ناویان هێنا.

ئەوەی گرنگە بیزانین، ئۆجەلان پارتێكی تازە دروست ناكات، تەنیا لەناو دەم پارتیدا گۆڕانكاری گەورە ئەنجام دەدات و ناوی دەم پارتیش بۆ ناوێكی تر دەگۆڕێت، رەنگە دوای كۆنگرە و هێنانی سەركردایەتییەكی تازە، ستراتیژی پارتەكەش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا دیاری بكەن، ئەگەر زۆرە بچنە ناو هاوپەیمانیی (كۆماریی)، كە لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە دروست بووە، ئەگەر ئەوەش روو نەدات، بەناڕاستەوخۆ لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، دەنگ بە ئەردۆغان بدەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی سەدات بۆزكورت، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، ئۆجەلان دەیەوێت پەروین بوڵدان بكاتە سەرۆكی ئەو پارتە تازەیەی دەیەوێت دایمەزرێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا پارتێكی تازە نییە، بەڵكوو هەر دەم پارتییە و ناوەكەی دەگۆڕێت و ئۆجەلانیش ناوێكی تازەی بۆ دادەنێت و بوڵدانیش بەهێزترین كەسە بۆ پۆستی سەرۆكی پارت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP