دواین هەواڵ

ژوری بازرگانی ئەمریکا: لە نێوان وەبەرهێنان و پەیامی سیاسی

‌پیرۆت محەمەد ئەمین

7 کاتژمێر پێش ئێستا

ژووری بازرگانی ئەمریکا ڕۆڵی تەقلیدی خۆی وەک ڕێکخراوێکی بازرگانی تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی ئابووری و دیپلۆماسی کاریگەر، نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات لەسەر ئاستی جیهانی و بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکان کە پشتگیری لە بازاڕە ئازادەکان و پڕۆژە ئابوورییە کراوەکان دەکەن. هەرچەندە دامەزراوەیەکی حکومی نییە، بەڵام کارەکانی لە هەر وڵاتێک یان ناوچەیەکدا لەگەڵ ستراتیژی گشتی ئەمریکادا  هاوتەریبن، ئەمەش وایکردووە کە یاریزانێکی سەرەکی بێت لە داڕشتنی دیمەنی ئابووری نێودەوڵەتی.

لەکاتێکدا کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئاستەنگی ئاڵۆزی ئابووری و دارایی و ناکۆکی بەردەوامدایە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەم كاتەدا سەردانەکەی شاندى باڵای بازرگانی ئەمریکا، چەندین پرسیار دەوروژێنێت لەوانە : ئایا سەردانەکە تەنها وەبەرهێنانێکی ئابوورییە؟ یان هەڵگری ڕەهەندی سیاسی و ستراتیجی فراوانترە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی کێبڕکێی جیهانی نێوان ئەمریکا و چین؟

لە نێوان ساڵانی (2006 بۆ 2021 )،  998  پڕۆژەی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە، کە کۆی بەهای مۆڵەتپێدراو نزیکەی 59.1 ملیار دۆلار بووە. بەهای مۆڵەتەکان لە ساڵی 2021دا بازدانی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 6.3 ملیار دۆلار، بەهۆی وەبەرهێنانی چینییەوە بە بەهای 4.9 ملیار دۆلار، ئەمەش کاریگەری وەبەرهێنانی بەرچاوی  وڵاتی چین لەسەر ئاماری مۆڵەتدانی ناوخۆیی نیشان دەدات.

هاتنە ناوەوەی بەرفراوانی کۆمپانیا چینییەکان کاریگەرییەکی ئابووری بەرجەستەی بە پەکین بەخشیوە لە بوارە هەستیارەکانی وزە و ژێرخانی ئابووری. بۆیە شتێکی مەنتیقیە کە واشنتۆن لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەک ژووری بازرگانی ئەمریکاوە وەبەرهێنان لە زیادکردنی پشکی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییەکانی چین، جا چ لە ڕێگەی هاوبەشی بازرگانییەوە بێت یان لە ڕێگەی پەیامی سیاسییەوە کە پشتگیری لە ناوچەکە دەکەن.

خەمڵاندنەکان و سەرچاوەکانی میدیا ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە، بەڵام بە قەبارەیەکی زۆر بچووکتر لە کۆمپانیا چینییەکان. بۆ نموونە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 11 کۆمپانیای ئەمریکی لە کەرتی وزە لە ناوچەکەدا کاردەکەن و نزیکەی 7 پڕۆژەی ئەمریکی کە بەهای کۆی گشتییان ڕەنگە لە نیو ملیار دۆلار زیاتر نەبێت، لە وەبەرهێنانی تەرخانکراو لە ناوچەکەدا، لەبەرچاو دەگیرێن.

ئەمەریکا باش دەزانێت کە هەر بۆشایییەکی ئابووری یان سیاسی لە ناوچەکەدا دەتوانێت دەرفەتێک بۆ لایەنەکانی دیکە بخاتەڕوو، دیارترینیان وڵاتی چینە کە هەوڵی چەسپاندنی بوونی خۆی دەدات لە ڕێگەی گرێبەستی  ژێرخانی ئابووری و وزە هەروەها  ئێران کە لە ڕێگەی بەغداوە کاریگەریی تەقلیدی خۆی جێبەجێ دەکات. 

لەم چوارچێوەیەدا شاندی بازرگانی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا گرنگی بە چەندین ئامانجی سەرەکی دەدات، دیارترینیان کردنەوەی بازاڕی نوێ بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتەکانی وزە، تەکنەلۆژیا، تەندروستی و پیشەسازی و ژێرخانی ئابووری، هاوتەریب لەگەڵ فراوانبوونی جیهانی کەرتی تایبەتی ئەمریکا.

 هەروەها ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی ئەو کۆمپانیایانە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە کە دەروازەیەکی تاڕادەیەک سەلامەت پێکدەهێنێت بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراق. هاوکات ئامانجی واشنتۆن پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ئابووری و سیاسی هەرێمە، بەو پێیەی توخمێکی سەرەکییە لە پاراستنی هاوسەنگی لە چوارچێوەی عێراق و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ بەغدا.

لەسەر ئاستی ناوخۆ حکومەتی هەرێم  پابەندبوونی خۆی بە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و هەمەچەشنکردنی ئابووری دوور لە نەوت ڕاگەیاندووە. بەڵام سەرکەوتنی ئەو هەوڵانە پەیوەستە بە توانای هەرێم بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی یاسایی و ئیداری سەقامگیر و چارەسەرکردنی ئاستەنگە ناوخۆییەکانی وەک بیرۆکراسی و دابەشکارییە سیاسییە ناوخۆییەکان. لێرەدا وەبەرهێنانی ئەمریکی دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ توانای هەرێم بۆ وەرگێڕانی ئەم هاوبەشییانە بۆ دەستکەوتی بەرجەستە.

حکومەتی هەرێم بۆ دیدگای وەبەرهێنان، واژۆکردنی دوو ڕێککەوتنی وزەی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی لە ژووری بازرگانی ئەمریکا لە واشنتۆن ڕاگەیاند، کە بریتین لەكۆمپانیای وزەی هێکن و گروپی ئۆنیکس بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی غازی میران وە كۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس بۆ پەرەپێدانی ناوچەکانی تۆپخانە و کۆردەمیر. ئامانج لە ڕێککەوتنەکان پەرەپێدانی کەرتی نەوت و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانە، كە بغداد ناوی لێناوە "ڕێککەوتنە سیاسییەکان لە ژێر پەردەی ئابووریدا".

سەردانی شاندی بازرگانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان زیاترە لە تەنها چالاکیەکی ئابووری؛ بەشێکە لە یارییەکی سیاسی فراوانتر، وە ئەو پەیامە سیاسییانەی هەڵیگرتووە بە ڕوونترین شێوە ماونەتەوە: واشنتۆن بۆشایی لە کوردستاندا بەجێناهێڵێت و بەردەوامیش دەبێت لە هەژمارکردنی بە پایەی ستراتیژی خۆی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی دەرفەتێکی زێڕین دەکات بۆ حکومەتی هەرێم لە هەمەچەشنکردنی ئابوری و پتەوکردنی ژێرخانی خۆی، هاوکات بە وردی تەحەدای بەڕێوەبردنی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە بەردەم هەرێم ، وەدڵنیابوون لەوەی ئەو وەبەرهێنانانە نەبنە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی نێوان زلهێزەکان، بەڵکو ببنە لیڤەرێکی ڕاستەقینە بۆ گەشەپێدان و سەقامگیری. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP