دواین هەواڵ

ئێران ; وەک جەمسەرێکی گرنگی کەنداو

‌عەلی حەمە

02/02/2023

کەنداوی عەرەبی بەشێکی گرنگی ستراتیجی ئەمەریکا پێک دەهێنێت و چارەنوسی زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکەش بەستراوەتەوە بەم ستراتیجەوە .

*~ ئەهوازی عەرەبی لە بەرامبەر سلێمانیدا :

لە رێکەوتنی ئەرزەرومی دوەمی ئایاری ١٨٤٧ نێوان سەفەوی و عوسمانیەکان ، ئێرانیە سەفەویەکان دەستیان لە داخوازی دەسەڵاتدارێتی ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری هەڵگرت و وازیان لەسلێمانی هێنا بۆ عوسمانیەکان ، لەبەرامبەردا عوسمانیەکان رازی بون بەشێک لە ئاوی شەطی عەرەب و خاکی ناوچەکە تا شاری ئەهوازی عەرەبی ( پایتەختی هەرێمی خوزستان ) بخەنە ژێر رکێفی دەسەڵاتدارێتی سەفەویەکان بە نێوەندگیری هەردوو زلهێزی ناوچەکە لە بەریتانی و روسەکان .

*~ ئێران لەسەردەمی محمد رەزا شا پەهلەوی وەک پۆلیسی ناوچەکە وابو بۆ ئەمەریکا بەتایبەتی لە گەرمەی شەڕی ساردا لەبەرامبەر هەوڵەکانی یەکێتی سۆڤیەت بۆ گەیشتنی بە ئاوە گەرمەکان .
ئێران کۆڵەیەکی پتەوی سەرچاوەی وزە و پێگەیەکی جیوپۆلیتکی گرنگ بو بۆ ئەمەریکا دەستەبەر کردبو کە بەوهۆیەشەوە لەلێوارەکانی یەکێتی سۆڤیەت نزیک ببوە و بەئاسانی دەیتوانی لە ئاسیای ناوەڕاستدا هەڵسوڕێ .

محمد رەزا شا لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوەوە گەرچی لەناوخۆ هەندێ چاکسازی ئەنجام دەدا بەڵام بە پێچەوانەی خواست و ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەجوڵایەوە و بەتایبەتی لەرێگەی ئۆپیکەوە لەهەوڵی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت دابو ، جگە لەوەش بایی نزیکەی ٥ پێنج ملیار دۆلار فرۆکەی جەنگی و کەشتی و دەبابە و رۆکێت و چەکی جۆراوجۆری لە ئەمەریکی و رۆژئاواییەکان کڕی بو کەئەوە زۆر لە پێداویستیە بەرگریەکانی خۆی زیاتر بوو ، وەلە پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراودا لە ٣٠ -١١ - ١٩٧١ دا هێرشی کردە سەر هەر سێ دورگەی ( طنبی گەورە و طنبی بچوک و ابو موسی ) ی وڵاتی ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی و داگیریکردن .

*~ کوردەکان لەبەرامبەر شط العرب دا ؛

ناوچەی سنوری شط العرب و چۆنیەتی کەشتیوانی تیایدا و تاگەیشتن بە کەنداوی عەرەبی ناوچەیەکی جێ ناکۆک و بەردەوام جێگەی مشتومڕی ئێران و عێراق بوە ، دوای هەوڵی ساڵی ١٩١١ و هێناوە سەرمێزی گفتۆگۆ لەساڵی ١٩٣٧ و دواتر لەساڵی ١٩٦٩ و رێککەوتنی ٦ی ئازاری ساڵی ١٩٧٥ ئەم کێشەیە بەچارەسەرنەکراوی مایەوە و بەردەوام ئێران و ئەمەریکاو سعودیە و اسرائیل هانی شۆڕش و یاخی بونی کوردەکانی کوردستانی عێراقیان داوە دژ بە دەسەڵاتی حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق و حکومەتی عێراقیش بەتایبەتی بەعسیەکان هان و ختوکەی هەستی نەتەوەیی عەرەبی خەڵکی ئەحوازی عەرەبیان داوە و زۆر جار ئاڵۆزی و راپەڕینی گەورەیان لەهەرێمەکە لەدژی دەسەڵاتی محمد رەزا شا ئەنجام داوە ، بۆیە رێکەوتنامەی جەزائیر لەسەر کێشانی وێنەیەکی تازەی سنوری و دەست بەرداربونی هاوکاری و پشتیوانیەکانی شۆڕشی کورد و خەڵکی ئەحوازی لێکەوتەوە کە ئەوە سەقامگیری زۆری بۆ عێراق و کۆمپانیا وەبەرهێنەرە روسیەکان دابین کرد و پانتاییەکی ئابوری فراوان و پەیوەندی بازرگانی جۆراوجۆری کاڵا و چەکی روسی لێکەوتەوە .

رێککەوتنامەی جەزائیری ٦ی ئازاری ١٩٧٥ کەلەنێوان محمد رەزا شا و سەدام حسێنی جێگری سەرۆکی عێراق و بە نێوەند گیری هواری بومدینی سەرۆکی ئەوسای جەزائیر ئیمزا کرا ، هیچ کام لە ئەمەریکی و دەوڵەتانی کەنداو بەتایبەتی کوێت و سعودیە خۆشحاڵ نەبون و بەپێچەوانەوە ، ئەمەریکاو اسرائیل پێیان وابو محمد رەزا شا کەوتۆتە ژێر کاریگەری بریژینیفی سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت و هەڕەشەکانی لە ئێران کە لەگەڵ عێراق رێک بکەوێت و چیتر بەهۆی چەکدارە کوردەکانەوە سەقامگیری و ئارامی عێراق نەشێوێنێ ، کوێتی و سعودیەکانیش لە وەدەترسان کە عێراقی لەمەودوا دەستواڵاتر دەبێت بۆ سەر ئەوان ، بەڵام جارێکی ئەم رێککەوتنە لەسەردەستی سەدام حسێن دا کۆتایی پێ دەهێنرێت و لە ئەیلولی ١٩٨٠ تا ئابی ١٩٨٨ شەڕێکی خوێناوی لێ کەوتەوە و هەوڵی دوژمنکارانەی عێراقی بەرامبەر دەوڵەتانی کەنداو و بەتایبەتی کوێت دواخست .!

*~ ئەم کارانەی محمد رەزا شا دودڵی و دڵەڕاوکێی و نارەزایەتیەکی زۆری لەناوەندە دپلۆماسی و سەربازی و سیاسیەکانی ئەمەریکا لێکەوتەوەو بەتایبەتی لەو مەترسی و هەڕاشانەی کە کاریگەری زۆریان لەسەر سەرچاوەکانی وزەی کەنداو و رێرەوە ئاویەکانی کەنداو دروست دەکرد چونکە وزەی کەنداو لە ٦٠ ٪ وزەی یەدەگی جیهان پێک دەهێنێت و رێگەی سەرەکی گواستنەوەی وزەی کەنداوە بۆ بەحری عەرەبی و دەریای هیندی و هەمو جیهان ، کە پێویست بو ئەو سەقامگیری جوگرافی و ئابوری و ئاسایشە بپارێزرێ و مەترسی لەسەر ئەو هاوسەنگیە گشتیە دروست نەکات .
*~ رێککەوتنامەی ئاشتی کامپ دێڤید ١٩٧٨ ؛

رێککەوتنانەی کامپ دێڤیدی ئەیلولی ١٩٧٨ نێوان ئەنوەر سادات و مناحم بێگن بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەمەریکا جیمی کارتەر ، کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیە بەردەوامەکانی وڵاتی میسر و اسرائیل هێناو سەردەمێکی تازە و قۆناغێکی نوێی لە پەیوەندی نێوان میسر بەتایبەتی و پرۆسەی ئاشتی عەرەب - اسرائیلی هێنایە ئاراوە و وردە وردە بەستەڵەکی نێوان عەرەب و اسرئیل بەرەو توانەوە دەچوو ، ئەمەش لە مانا سیاسیە گشتیەکەدا ،اسرائیلی لەبازنەی گۆشەگیری و دابڕان دەهێنایە دەرەو چیتر نەی دەتوانی دوژمنی وەهمی بۆ دروست بکات و ئەمەریکاش بیانویەکی وا نەدەما کە کۆمەک و هاوکاری بەردەوام بدا بە اسرائیل و هەمیشە پشگیری بکات .

*~ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی شا :

ئێران لەسەردەمی شادا لە ٨٥٪ داهاتەکەی لەرێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بو ، جگە لەوە پێویستی بەوەبو بەردەوام نرخی نەوت بەرزبکاتەوە تاهیچ نەبێ کورتهێنانی میزانیە و بەشێک لە پلانی ٥ساڵیەکەی بباتە پێش بۆیە نرخی بەرمیلێک نەوتی لە ٥،١١ بۆ ١١،٦٠ دۆلار بەرزکردەوە کەئەمە زیانێکی گەورەی لە ئابوری ئەمەریکا و رێژەی هەڵاوسانی زۆرێک لە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێرانی بەرزکردەوە .

لە ٧ی کانونی یەکەمی ١٩٧٦ جیراڵد فۆرد سەرۆکی ئەمەریکا پێشوازی لە سەفیری ئێران کرد و داوای لێکرد چیتر ئێران نرخی نەوت بەرزنەکاتەوە ، بەڵام سەفیری ئێران بە بیانوی کورتهێنان لە میزانیەی دەوڵەت و کەمی دراو لە بانقەکاندا رەتی کردەوە کە نرخی نەوت بەرزتر نەکەنەوە ، بۆیە لەساڵی ١٩٧٧ دا ئێران بەدوو قۆناغ نرخی بەرمیلێک نەوتی لە ١٢،٧٠ بۆ ١٧،٤٠ حەڤدە دۆلارو چل سەنت بەرزکردەوە بەڵام لەگەڵ هەمو هەنگاوێکی ئێراندا لە بەرزکردنەوەی نرخی نەوتدا ، سعودیە رێژەیەکی زیاتری نەوتی بەرهەم دەهێناو دەیخستە بازاڕەوە کە ئەمە بوە هۆئ ئەوەی پیشە سازی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بەرێژەی لە ٥٠ ٪ کەم بکات و ئاستی هەڵاوسان لە ئێران بگاتە نزیکەی ٣٥ ٪ ئەم ئەنجامەش بە سەرەتای قۆناغی کۆتایی هاتنی ئیمپراتۆری شای ئێران دادەنرێت .
بەپێی زۆرێک لەسەرچاوە و لێکۆڵینەوەکان روخانی دەسەڵاتی (محمد رەزا شا )ی ئێران بۆ چەند خاڵێکی گرنگ و بنچینەیی دەگێڕنەوە لەوانە :

١- خۆپڕچەککردنی بەردەوام و کڕینی چەک و پێداویستی زیاد لە قەبارەی پێویستیە بەرگری و سەربازیەکانی ئێران کەئەمە گومانی زۆری بۆ ئەمەریکیەکان دروست کردبو .
٢- بەرزکردنەوەی بەردەوامی نرخی نەوت و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندیە ئابوریەکانی ئەمەریکاو رۆژئاواییەکانی هاوپەیمانی .
٣- بەشداری چەند پرۆسەیەکی گوماناوی و نهێنی کردبو لەوانە گەیاندنی ٥٠ فڕۆکەی شەڕکەری ڤێتنامی بۆ سایغۆن کە ئەمەریکا هەزاران سەربازی لەوشەڕەدا لەدەست دابو ، هەروەها بەنهێنی یارمەتی پاکستانی داوە دژی هند ،
٤- لەهەوڵی ئەوەدابوە ئێران بکات بە هێزێکی ناوچەیی گەورەو دواتر وەک هێز و جەمسەرێکی جیهانی خۆی نمایش بکات کە دوور نەبو مەترسی و هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی کەنداو دروست نەکات لەکاتێکا سەقامگیری و ئارامی رێرەوی ئاوی و سەرچاوەکانی وزەی کەنداو بەشێکی گرنگی ستراتیجی ئەمەریکایە و نابێ مەترسی و هەڕەشەیان بۆ دروست بکرێ .
*~ شۆڕشی گەلانی ئێران و ساغ بونەوە لەسەر خومەینی .

لەئەنجامی زیادبونی گەندەڵی ئیداری و دارایی بەشێوەیەی فراوان و رێژەی هەڵاوسانێکی دارایی بەرز و نەبونی ئازادی و رای ئازاد و سەرکوتکردنی بەردەوامی خەڵک لەلایەن دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکان و فراوانبونی ریزەکانی خەڵکی خۆپیشاندەرو راپەڕیو لەدەسەڵات ، محمد رەزا شا پەهلەوی لە بەرواری ١٦ی کانونی دووەمی ١٩٧٩ هەڵات بۆ وڵاتی میسر ، بەمەش کۆتایی یەکجارەکی بە دەسەڵاتی سیاسی بنەماڵەی پەهلویەکان لە ئێران هات .

دوای ١٣ رۆژ لە هەڵاتنی شا و لە ١ی شوباطی ١٩٧٩ خومەینی لە فەرەنساوە گەیشەوە ئێران و لەلایەن ملێۆنان لەخەڵکی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا .

لە ١ی نیسانی هەمان ساڵ راپرسیەکی گشتیان رێکخست و بڵاویان کردەوە کە لە ٩٨ ٪ خەڵک دەنگی بە کۆماری ئیسلامی داوە .

دواتر بەپێی مەرسومێکی خومەینی لە ٥ی ئایاری ١٩٧٩ فەرمانی پێکهێنانی پاسەوانی شۆڕشی دەرکرد لە رێکخستنە چەکدارەکان بۆ پاراستنی شۆڕش .

*~ ئەمەریکاو رۆژ ئاوا بۆ رێگرنەبون لەوەی کە خومەینی دەسەڵاتی ئێران بگرێتە دەست .

١- ئێران بەئایدیۆلۆژیای ئاینیەوە دەبێتە یەکێک لە دەوڵەتانی کەوانەی پشتێنەی بەردەم یەکێتی سۆڤیەت بۆ گەیشتن بەئاوە گەرمەکان .

٢- دوای رێککەوتنامەی کامپ دێڤیدی ئاشتی نێوان ( میسر - اسرائیل ) ی ١٩٧٨ ، پێویست بو دوژمنێکی وەهمی بۆ اسرائیل دروست بکەن بۆئەوەی ئەمەریکا بتوانێ بەردەوام کۆمەک و هاوکاری خۆی بدات بە اسرائیل ، بۆیە ئێران لە ئایندەدا ئەڵتەرناتیڤی میسر وڵاتانی تری عەرەبی دەبێت چونکە چیتر میسر ناتوانێ هەستی نەتەوەیی و ئایینی عەرەب و فەلەستینیەکان بجوڵێنێ و درێژە بەململانێ ( عەرەب - اسرائیل ) بدات .

٣- شۆڕشی خەڵکی ئێران پەیام و ناوەڕۆکێکی دیموکراسی و بنەماکانی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی هەڵگرتبو ، وە بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێرانەی راستەقینەی مەدەنی گەلانی ئێران بو کە داهاتویەکی گەشی لێ چاوەڕوان دەکرا ، بەڵام بڕیار دان بە هێنانەوەی خومەینی بەفرۆکەیەکی تایبەتی فەرەنسی پرۆسەیەکی رێکخراوی پێشوەختە بوو بۆ لەبار بردن و کۆنترۆڵکردن و دزینی شۆڕشەکە لە گەلانی ئێران و زوو جڵەو کردنی و رەواندنەوەی مەترسی ئەوەی بکەوێتە بەرەی سۆشیالیتیەوە کە یەکێتی سۆڤیەت رابەرایەتی دەکرد .

٤- رێکخستەوە و کەوتنەسەرخۆی ئێرانی تازە کات و دەرفەتێکی بە ئەمەریکا بەخشی کە رێککەوتنە ئەمنی و سەربازی و ئابوریەکانی و پرسی فرۆشتنی چەک و پێداویستیە جەنگیەکانی لەگەڵ شانشینی سعودیە تەواو بکات کە بڕی ٦ شەش ملیارد دۆلار بو ،

*~ ئێران لە ئێستادا لەنێوان ئەگەرەکانی روخان و مانەوەدا ؛

١- زۆربەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارە سیاسیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە رێگەی کودێتای سەربازی ئەنجامدراون وەک کۆدیتای سەربازی ساڵی ١٩٥٣ دژی د.محمد مصدق لەئێران و کودێتای ساڵی ١٩٦٧ دژی احمد سۆکارنۆ لە ئەندۆنیسیا و کودێتای ساڵی ١٩٦٣ی عبدالسلام عارف و بەعسیەکان دژی زەعیم عبدالکریم قاسم .. هەمو ئەم کودێتا سەربازیانە راستەوخۆ لە رێگەی جەنەراڵەکانی سوپاو بە سەرپەرشتی و پیلانی ئەمەریکاو بەریتانی و فەرەنسیەکان ئەنجام دراون .

راستە لە ئێستا راپەڕین و یاخی بونێکی جەماوەری گەورە لە ئێرانا سەری هەڵداوە بەڵام هێشتا هیچ پشتیوانیەکی جدی لە دنیای دەرەوە لێ نەکراوە و نایەنەوێت لەم کاتەدا ئاڵۆزیەکان و پەشێوەکان بەرفراوانتر ببن و پرسی داگیرکاری ئۆکرانیا لە سەر مێزی کێشە نێودەوڵەتی و سزاکانی سەر روسیا پەراوێز بخرێن و دنیا سەرقاڵی ئێران و کێشەکانی ئارامی و رێرەوی گواستنەوە و سەرچاوەکانی وزەی کەنداو بێت ، کەئەمە دەستکراوەیی زیاتر بۆ روسیاش دەرەخسێنێ .

لەسەرێکی تریشەوە لەناو پێکهاتەی سوپای ئێراندا بواری دەستێوەردانی سەربازی زۆر کەمە یا لە بواری مەحاڵدایە چونکە هێزی دەوری سەرۆک و کاریگەر ، سوپای پاسداران و پارێزەرانی بەناو شۆرشی ئیسلامی ئێرانە کە ئەم هێزانە هەر لە بنچینەدا لە هێزە چەکدارە توند رەو و لایەنگرە سەرسەختەکانی ئیمام خومەینی و ولایەتی فقهی ئێرانن .

جگەلەوەش ئەمەریکا و رۆژئاواش کاری خۆیان بە ئەگەر و رۆژگاری نادیار ناسپێرن ، تائێستا هیچ گرەنتی و ئەڵتەرناتیڤێکی دیاری دوای روخانی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا بەرجەستە نەبوە و ناشیانەوێ بەشێوەیەکی خۆبەخۆی جەماوەری و دروستکردنی پەشێوی گەورە دەسەڵاتی سیاسی ئێستای ئێرانیەکان بڕوخێنن و ئەوان رۆڵیان لە سەرکردایەتی و جڵەوی دەسەڵاتی ئایندەی ئەو وڵاتەدا نەبێت کە بەشێکی گرنگی ستراتیجی ئەمەریکا و رۆژئاواییەکان گرێدراوە بە رۆژهەڵاتی ناوچەی کەنداو و ئاسایشی سەرچاوە و گواستنەوەی وزە بۆ دەریای هندی .

*~ بۆیە دەسەڵاتی سیاسی ئێران لە نێوان ئەگەرەکانی هەژموونی شۆڕشی خەڵکی ئێران و کاریگەریەکانی و ئامادەسازیەکانی ئەمەریکا و رۆژئاواییەکان دا دەمێنێتەوە و هەردوو کایەی ناوخۆ و دەرەوە لە نێو بازنەی ئەو ململانێ دا دەخولێنەوە بەئاراستەی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات بەڵام بەدوو بیرکردنەوە و بۆچونی جیاواز !

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP