دواین هەواڵ

کاریگەریی جەنگی ئۆکرانیا لەسەر هەڵبژاردنی ئەمریکا

‌سۆزان حەمە تاتە

03/02/2023

دیمیتری بیسکیوف، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا دەڵێت: ئەمریکا توانای راوەستاندنی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکرانیای هەیە، چونکە تا ئەندازەیەکی زۆر هەژموونی بەسەر دەسەڵاتدارانی کیێف-ەوە هەیە و دەتوانێت کلیلەکە بەکاربهێنن  و دەرگای ئاشتی بکەنەوە، بەڵام نەک نایانەوێت ئەو کلیلە بەکاربهێنن، بەڵکو زیاتر هاوکاریی سەربازیی ئۆکرانیا دەکەن و جەنگەکە فراوانتر دەکەن.

چەند رۆژێک پێش ئەو لێدوانە، دۆناڵد ترەمپ لە وتاری دەستکردن بە بانگەشەی خۆ کاندیدکردنەوەدا بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی وەکو بەربژێری سەرۆکی ئەمریکا وتی: «ئەگەر ببمە سەرۆکی ئەمریکا، لەماوەی 24 سەعاتدا جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا کۆتایی پێدەهێنم»، ترەمپ وتیشی جۆ بایدن سەرۆکێکی لاوازە، بۆیە ئەو کارە ناکات.

ئەو دوو لێدوانە و کۆکبوونیان لەسەر ئەوەی ئەمریکا توانای راگرتنی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیای هەیە، بەڵام هۆکارەکە جۆ بایدنە و لاوازییەکەی وایکردووە ئەو کارە نەکات، پێناچێت هەر لەخۆوە و رێکەوت بێت، بەڵکو هۆکاری زۆری لە پشتەوە هەیە.

دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، قسەی زۆر لەسەر ئەوە دەکرا کە روسیا و بەتایبەتی ڤلادمێر پوتین دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە لە بەرژەوەندیی ترەمپ، تەنانەت تائێستا ئەو دۆسێیە بەتەوای دانەخراوە، بەڵکو هێشتا گومانەکان ماون لەسەر دەستوەردانی روسیا.

ئیستا کە دۆناڵد ترەمپ دەرکەوتەوە و دەیەوێت ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، بە قورسی و توندی فۆکسی خستۆتە سەر جۆ بایدن و رەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی و پیشاندانی وەکو سەرۆکێکی بێهێز، وەکو ئەوەی روسیا کۆکە لەسەری کە ئەمریکا کلیلی وەستاندنی شەڕەکەی لایە و خۆی نایەوێت بووەستێت.

لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، جەنگی روسیا و ئۆکرانیا یەکێک دەبێت لە دۆسێ گرنگەکان و کاریگەریی لەسەر ئەنجامی دیبەیت و دەرەنجامەکان دەبێت، تاکو ئێستا جۆ بایدن بەتوندی پشتیوانیی ئۆکرانیایە و بە پارە و چەک هاوکاریی دەکات، قەبارەی جەنگەکە گەورەیە و ئەمریکا دەیەوێت روسیا بووەستێنێت لە دروستکردنی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی، شەڕەکە بە نزیکبوونەوە لە جەنگی سێیەمی جیهانیی ناودەبرێت، روسیا و چین و ئێران و کۆریای باکوور و چەند وڵاتی دیکەش لە بەرەیەکن و ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتی دیکەش لە بەرەیەکی دیکەن.

جەنگی ئۆکرانیا کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر سەرکەوتنی هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی، بەتایبەتی دیموکراتەکان، چونکە جەنگەکە لەماوەی سەرۆکایەتی ئەواندا روویداوە، هەروەها سەرکەوتنی ئۆکرانیا و لاوازکردنی روسیاش دەرفەتێک دەبێت بۆیان، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر زۆرە دیموکراتەکان شكست بخۆن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP