دواین هەواڵ

کلتور‌

 26/08/2023

مەرگی کاراکتەر

هاشم ئەحمەدزادە

سەردەمانێک تێگەیشتن و دۆزینەوەی مەبەستی نووسەر کە لە بەرزاییەکانەوە دەیڕوانییە خوارەوە و پەیامەکەی هیچی لە کەلامی خواکان کەمتر نەبوو، پرسی سەرەکیی خوێندنەوە بوو. هەموو نووسینێک نوێنەرایەتیی ئامانج و مەبەستێکی دەکرد کە لەو دیو دێرەکانەوە لە زەینی نووسەرەکەیدا شاراوە بوو و دەبوایە خوێنەر کۆدەکەی بشکاندبایە و لێی تێ گەیشتبوایە.

لە ئاکامی زاڵبوونی گوتاری پۆزیتیڤیستی و زەقبوونەوەی پلەوپایەی زانست کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا گەیشتە دووندی خۆی، تای بەزانستیکردنی تێگەیشتن بواری نووسین و دەقی ئەدەبییشی گرتەوە. ئەوە بوو کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا فۆرمالیستە ڕووسەکان و کەم تا زۆرێکیش هاوکات لەگەڵ ئەوان، ڕەخنەی نوێی ئەمریکی، نێوەندییەتیی دەقی زەق کردەوە و پێوەری بەرهەست و دیاریکراوی بۆ هەڵسەنگاندن و پێوینی دەق دانا.

ڕووداوگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستناسانە لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی خۆیاندا پرسەی بۆ دەقیش دانا و بەرهەمهێانی مانای خستە سەر شانەکانی خوێنەر و ئایدیای کارکردی دەق و نووسەر و ڕەخنەکاری ئەوەندە بنکۆڵ کرد کە لە کەسایەتیی بارت و فووکۆی فەڕەنسیدا دەستەواژەی مەرگی نووسەر و دانەر بوو بە درووشمی باوی کۆڕ و کۆمەڵی لێکدانەوەی ئەدەبی لە دەیەکانی یەکەمی نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا.

ڕادیکالیزمی هەڵسوکەوت لەگەڵ سێگۆشە یا خود چوارگۆشەی نووسەر، دەق، خوێنەر و ڕەخنەکار هێدی هێدی گەیشتە ماڵاوایی لەگەڵ هەمووی ئەم پێکهاتانە و بوار بۆ کارتێکەریی هەندێک لەم تۆوانە لەسەر یەکتر بوو بە فاکتەری بڕیاردەری وەدیهاتنی مانا. ڕەوتی گەشە و گۆڕانی ناوەڕۆکی دەقی ئەدەبییش بە نۆرەی خۆی ئەم هاوکێشانەی ئاڵۆزتر دەکرد.

ئەگەر هەتا ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم، کاراکتەری کێشەداری سێرڤانتێس و ستاندال و فلەوبەر دەبوونە ڕەنگدانەوەی لیبرالیزمی ڕۆژاوایی، ئەوە بە هاتنە کایەی مۆنۆپۆلەکانی سەرمایەداری لە کۆتا دەیەکانی سەدەی نۆزدەهەم و دەستپێکی سەدەی بیستەم لە دونیای جۆیس و کافکا و فاکنەر و ساروتدا کاراکتەرەکان بەرە بەرە دەتوانەوە و دواجار لە درێژەی ڕەوتی بەرهەمهێنانی ئەدەبیدا و لە دونیای نووسەرانێکی لە چەشنی ئالێن ڕۆبگریەدا ئیتر کاراکتەرە تواوەکانیش نەدەمان و جێگەی خۆیان دەدا بە شتگەلی دەستکردی مرۆڤ.

ئەمە ئەگەر نەخشەی گشتیی گۆڕانکاریی بەسەرهاتی کاراکتەر بووبێت، بەو مانایە نییە کە مێژوویەکی هێڵیی ڕاستە و ڕاستی بەردەوام و بێ پسانەوە لە ئارادا بووە و کاراکتەرەی جۆری دیکە و لە هەمان شوێن و شوێنێکی دیکەدا دەر نەکەوتبێت و جیاوازیی خۆی دەر نەخستبێت. سەرنجدان بەو نەخشە گشتییە کە زیاتر لە چوارچێوەی بۆچوونی مارکسیستیدا جێگەی دەبووەوە و زۆریش بەکەڵک و هاندەر بوو، هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمی پێوەندیی دوولایەنەی دونیای دەرەوەی دەق و ئافرێندراوەکانی نێو دونیای دەقی گێڕانەوەییدا.

لە بۆچوونێکی تێمایی و ناوەڕۆکیانەدا و لە ڕۆژگاری ئێستادا چارەنووسی کاراکتەرەکانی گێڕانەوەیی کارتێکەرییەکی بەرچاویان هەیە لەسەر هەستونەستی هزریی و ناسنامەیی خوێنەرەکانیان. لە دەرەوەی ستریۆتایپی فەرهەنگیی مەرگ و ژینی کاراکتەرەکاندا، ئەوە مان و نەمانی ئەوانە کە دەتوانێ لە لایەکەوە ڕۆڵی ئیلهامبەخشی ژیان و بەردەوامی ببەخشێت و لە لایەکی دیکەشەوە تۆوی ناهۆمێدی و خەمۆکیی بە مەزرای خوێنەرانیدا بڵاو بکاتەوە.

نیگەرانی لە بەرتەسکبوونی گۆڕەپانی داهێنان لە ڕوانگەیەکی پێکهاتەخوازانەوە هەمیشە هەرەشەیە لەسەر نووسەرێک کە هەوڵی ئافراندنی دونیایەکی نوێی گێڕانەوە دەدات. دەکرێ مرۆڤ وا هەست بکات کە نووسەرانی پێشوو هیچیان بۆ گوتن نەهیشتووەتەوە. دەکرێ مرۆڤ هەر بە خەیاڵیشیدا نەیە کە بتوانێت دوای دۆستۆیێڤسکی و گانجارۆڤ و تۆلستۆی و ناباکۆڤ و جۆیس و کامو و ... دەست بۆ نووسین بەرێت و گێڕانەوەیەکی شیاو پێشکەشی مرۆڤایەتی بکات. بەڵام بەکردەوە وا نەبووە و وا نابێت. ئافراندن وەک ژیان ڕێچکەی خۆی هەرگیز بەر نەداوە و هەموو سەردەمێک داهێنان بووەتە ڕازێنەرەوەی ژین و هیوابەخشی بوون و هاندەری مان.

نووسەرێکی نموونەیی لە سەردەمی ئێمەدا لەم بارەوە ئەلیف شەفەکە کە لە ستراسبۆرگی فەڕەنسە لەدایک بووە، لە ئانکارا گەورە بووە، لە چوارقوڕنەی ئەم جیهانەدا ژیاوە، سپانی زمانی دووهەمێتی، بە ئینگلیسی ڕۆمان دەنووسێت و حەفتانە لە گاردیەندا وتار بڵاو دەکاتەوە، دکتۆرای لە زانستی سیاسەتدا هەیە، هەتا ئێستا یازدە ڕۆمانی بڵاو کردووەتەوە، لە هارڤارد و بۆستن و ئاکسفۆرد وانەی گوتووەتەوە، لە سەدان کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەییدا وتاری پێشکەش کردووە، ڕۆشنبیر و ئاخێوەر و چالاکێکی توانای بواری گشتییە لە ئاستی جیهانیدا، داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی هەموو کەمینەکانە، لەسەر داکۆکی لە جینوسایدی ئەرمەنییەکان دادگایی کراوە، لەسەر ناسنامەی جێندەریی خۆی هەڕەشەی لێ دەکرێت، داکۆکیکارێکی شێلگیری مافی کوردە، لەسەر کاراکتەرە ئەرمەنییەکەی کتێبی زۆڵەکەی ئیستامبول ناچار بووە سال و نیوێک بە یاوەریی بادیگاردێکەوە هاتوچۆ بکات. وەک خۆی دەڵێت دیمەنی داکۆکیکردنی پارێزەرەکەی لە دادگایەکی تورکیا لە کاراکتەرە خەیاڵییە ئەرمەنییەکەی ڕۆمانی زۆڵەکەی ئیستامبول لە سووژەیەکی سوررێئالیستی دەچوو. خەڵاتی بەناوبانگی شوالیەی ئەدەبیی وەرگرتووە. لە ٢٠١٧دا بە یەک لەو دوازدە کەسانە هەڵبژێردراوە کە دەتوانن دونیا باشتر بکەن. سەرەڕای ئەو هەمووە ناوبەدەرەوییە، بۆ تێگەیشتن لە کەسایەتیی ئەم خانمە سەرکەوتووەی جیهانی هزر و ئەدەب، هەر ئەوەندە بەسە جارێک گوێبیستی قسەکانی ببی و بزانی چەندە خاکەڕا و مرۆفدۆستە.

لە پێوەندیی لەگەڵ باسی مەرگی کاراکتەردا، حەز دەکەم بڵێم کە لە ڕۆمانی دە خولەک و سی و هەشت چرکە لەم دونیا سەیرەدا، ئەلیف شەفەک داهێنانی گەیاندووەتە لووتکە. لە دەرفەتێکدا بەبەرفراوانی باسی ئەم ڕۆمانە دەکەم. بەڵام ئەوەی ئێستا بە گرنگی دەزانم بیڵێم ئەوەیە کە کاراکتەری سەرەکیی ئەم ڕۆمانە هەر لە دێڕی یەکەمەوە مردووە. لەیلا کچێکی کوردی لەدایکبووی وانە کە ژەهری ژین دەیگەیەنێتە ئیستامبول و دەیخاتە ڕیزی لەشفرۆشانی قاحبەخانەیەکی ئەم شارە بێ سەروبنە.

لەیلای هەناسەساردی خۆشینەدیو دواجار دەکوژرێت و دخرێتە نێو تەنەکەی زبڵەوە و دواتر لە ئیستامبول لە گۆڕستانی بێکەساندا دەنێژرێت و لە جیاتی ناو تەنێ ژمارەیەک لەسەر گۆڕەکەی قوت دەبێتەوە وەک هەزاران ژمارەی دیکەی ئەم گۆرستانە. ئەم ڕۆمانە باسی دە خولەک و سی و هەشت چرکەی دوای مردنی لەیلا دەکات. کاتێک لەیلا دەکوژرێت و دڵی لە لێدان دەوەستێت مێشکی بۆ ماوەی دە خولەک و سی و هەشت چرکەی دیکەش هەر کار دەکات. بەسەرهاتی ئەم گێڕانەوەیە لە ٣٢٠ لاپەڕەدا دەروازەیەکە بۆ چوونە ژوورەوەی نێو بەسەرهاتی ژیانی مرۆڤی ئەم سەردەمەی کۆمەڵگەی تورکیا و مرۆڤ ئاگاداری هەلومەرجی ئاڵۆزی ژیان لەم وڵاتەدا دەکات. وێناکردنی ژیان دوای وەستانی لێدانی دڵ و چالاکمانەوەی مێشک لە دوا خولەکەکانی پێش کووژانەوەی هەمیشەییدا، جۆرەیەکە لە داهێنانی ئەدەبی لە هەیبەتی مەرگی کاراکتەردا. داهێنان بە مەرگیش دەبێتە پەڕجوویەکی زیندووکەرەوە. ئەوە بە هەڵکەوت نییە کە یەکەم بەشی دەستپێکی ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی داهێنەرانە ''کۆتایی''ە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP