دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 12/05/2023

ستیڤ جۆبز...

نوسینی: لوقمان حەوێز

"ستیڤ جۆبز" ی بلیمەت کە دیزاینەری یەکەم ئایفۆنە منداڵێکی ناشەرعی بوو، بەڵام ئەو فڕێنەدرا وەکو منداڵە هاوشێوەکانی لای خۆمان، بەڵکو بەئاشکرا بەخشرا بە خێزانێکی تر، کە گەورەش بوو کەس بەچاوێکی کەم وسوک تەماشای نەکرد...

ستیڤ جۆبز ی بلیمەت و داهێنەر کێ بوو..؟

باوکی خەڵکی کوێ بوو..؟

چۆن و بۆچی لە ئەمەریکا لەدایک بوو و بۆچی دایک و باوکی بەخشیان..؟

چیڕۆکێکی سەرسوڕهێنەرە...

ستیڤ جۆبز Steve.Jobs لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2007 یەکەم مۆبایلی هۆشمەندی ڕاستەقینەی دیزاین کرد و بڵاوکردەوە بە ناوی iphone لە ڕێگەی کۆمپانیای ئەپڵ کە خۆی سەرۆکی بوو، ئەم کارەی ستیڤ وەرچەرخانێکی گەورە و داهێنانێکی مێژوویی بوو...

ستیڤ بە دیزاینکردن و بڵاوکردنەوەی ئایفۆن کە لە ڕاستیدا یەکەم کۆمپیوتەری بچوکی ناودەست بوو لە ڕێگەی بەستنەوەی بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هێز و توانای بە هەموو تاکێک بەخشی لە سەرتاسەری جیهاندا ببێتە ڕۆژنامەنوس، وێنەگر، دەرهێنەر، ئەکتەر....هتد...

چیڕۆکی ژیانی ستیڤ جۆبز خۆی لە خۆیدا چیڕۆکێکی سەرسوڕهێنەرە، باوکی ستیڤ ناوی عبدالفتاح الجندلي بوو، خەڵکی شاری حمس بوو لە سوریا، لە ساڵی 1954 چووە بۆ خوێندن لە زانکۆی ویسکۆنسۆن لە ئەمەریکا...

عبدالفتاح الجندلي باوکی ستیڤ لە زانکۆ بووە هاوڕێی جۆوانە کارۆل کە ئافرەتێکی سپی پێستی ئەمەریکی بوو، هەردووکیان ئەو کاتە تەمەنیان 23 ساڵ بوو، ئەوان یەکتریان زۆر خۆشدەویست و ویستیان هەوسەرگیری بکەن، بەڵام باوکی جۆوانە ڕازی نەبوو لەبەر ئەوەی عبدالفتاح سوری و موسڵمان بوو، ئەو کاتە شتێکی ئاسایی بوو لە ئەمەریکا دایک و باوک ڕێگر بن لە هاوسەرگیری کچەکەیان ئەگەر بە دڵیان نەبووایە چونکە شۆڕشی ئازادیەکانی ژنان لە ئەمەریکا کە بە Sexual.Revolution ناسراوە هێشتا دەستی پێ نەکردبوو، ئەو شۆرش و بزوتنەوەیەی ژنان لە ئەمەریکا لە ناوەڕاستی شەستەکان دەستی پێکرد...

لە ئەنجامی ئەم پەیوەندیە عبدالفتاح و جۆوانە لە ساڵی 1955 کوڕێکیان بوو و ناویان لێنا ستیڤ، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوسەرگیریان نەکرد ئەو کوڕەیان بەخێو نەکرد و هەر لە نەخۆشخانە بەئاشکرا بەخشیان بە خێزانێکی کاثۆلیکی دەوڵەمەند کە باوکەکە پارێزەر بوو و دایکەکەش مامۆستا بوو، دوای بەخشینی کوڕە تازە لەدایک بووەکەیان بەو ژن و مێردە ئیتر هەرگیز کوڕەکەی خۆیان نەبینیەوە...
ستیڤ هەر لە منداڵیەوە زۆر زیرەک بوو، ڕۆژێک لە تەمەنی 6 ساڵی لە قوتابخانە گەڕایەوە بە گریان و ووتی: دایکە برادەرەکانم پێم دەڵێن منتان لە کۆڵان دۆزیوەتەوە، دایکیشی لە وەڵامدا پێی ووت: کوڕم تۆمان لەناو هەزارەها منداڵ هەڵبژاردوە چونکە تۆ منداڵێکی زۆر تایبەت بوویت، دەروونناسان دەڵێن ئەم ڕستەیەی دایکی وای کرد هەر لە منداڵیەوە ستیڤ زۆر بڕوای بەخۆی بێت و دوایی ببێتە ئەو پیاوە بلیمەتەی کە نەوەک تەنیا بوو بە دیزاینەری ئایفۆن، بەڵکو ئەو دیزاینەری سەرەکی کۆمپیوتەری کەسیش Personnel.Computer بوو...

ستیڤ لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2011 لە تەمەنی 56 ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەی پەنکریاس لە کالیفۆرنیا کۆچی دوایی کرد، ئەو دوو منداڵ و هاوسەرەکەی دوای خۆی جێهێشت لەگەڵ سامانەکەی کە بە پتر لە 10 بلیۆن (ملیار) دۆلار مەزەندە دەکرێت، ناویشی هەتا هەتایە وەکو دا‌هێنەرە بلیمەتەکانی تر بە زیندویی دەمێنێتەوە...

ئەمڕۆش بە هۆی بڵاوبوونەوەی مۆبایلی هۆشمەند کە لەناو لەپی هەموو کەسێکە لە سەرتاسەری جیهان هیچ ڕووداوێک ناتوانرێت بشاردرێتەوە، هەر ڕووداوێک یان پێشێلکاریەک لە هەر کونجێکی دونیا ڕووبدات یەکسەر تۆمار دەکرێت و وەکو بروسکە یان ڤایرۆس بڵاودەبێتەوە...

چیڕۆکی ژیانی ستیڤ جۆبز پێمان دەڵێت بۆ ئەوەی لە ژیاندا سەرکەوتوو و سودبەخش بین گرنگ نیە لە بنەڕەتدا لە ڕووی بایۆلۆژیەوە کوڕ و کچی کێین، بەڵکو ئەوەی زۆر گرنگە لە ژیاندا ئەوەیە کە پەروەردەیەکی جوان و دروستمان پێ ببەخشرێت لەسەر دەستی بەخێوکەرەکانمان جا ئەگەر دایک و باوکی بایۆلۆژی بن یان ڕوحی هەروەها لەلایەن و مامۆستاکانمان و کۆمەڵگەمان، ئەو پەروەردە جوان و دروستەی ئەوان پێشکەشمان دەکەن دەبێتە هۆکاری سەرەکی ئەوەی لەو ماوەیەی کە لە ژیانداین ئێمەش ببین بە مرۆڤێکی جوان و سودبەخش...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP