هەرێم نیوز
بەپێی ڕاگەیاندنی شانەی ئەمنیی عێراق، لە تەقینەوەکەی بنکەی سەربازیی کالسۆ لە بابل، چەکدارێکی حەشدی شەعبی گیانیلەدەستدا و هەشت چەکداری دیکەش برینداربوون.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاند، نزیک کاتژمێر 01:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، تەقینەوەیەک لە نێو سەربازگەی کالسو لە باکووری پارێزگای بابل ڕوویدا، کە بارەگای یەکەکانی سوپا، پۆلیس و دەستەی حەشدی شەعبی تێدایە و بەهۆیەوە یەک ئەندامی دەستەی حەشدی شەعبی کوژران و هەشت کەسیش بە ڕێژەی جیاواز برینداربوون کە یەکێکیان سەربازی سوپای عێراقە.
ئاماژهی بهوهشكردوه، هێزەکانی بەرگری شارستانی لە بابل و لایەنە پشتیوانەکان هەوڵی زۆریاندا و ڕێوشوێنی خێرا و بەهێزکەریان گرتەبەر کە ڕێگری لە بڵاوبونەوەی زیاتری ئاگرەکە کرد و توانیان لە ماوەیەکی كهمدا کۆنتڕۆڵی بکەن.
دەشڵێت، بەپێی راپۆتی فەرماندەی بەرگری ئاسمانی دەرکەوتووە کە لەکاتی ھێرشەکە و دوای ھێرشەکە ھیچ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و جەنگی لەئاسمانی بابل نەبووە و رووداوەکە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە بووە و لیژنەیەکی تایبەتمەند لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
بەڵام موھەنەد عەنزی سەرۆکی لیژنەی ئەمنی بابل دەڵێت، بەھۆی موشەکەوە ھێرش کراوەتە سەر بنکەکە، بەو پێیەی ھێرشەکە چاڵێکی بە قوڵایی 5 مەتر و پانی 10 مەتر دروستکردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ھەریەکە لە ئەمریکا و ھاوپەیمانان رەتیدەکەنەوە رووداوەکە پەیوەندی بە ئەوانەوە ھەبێت، لێپرسراوێکی باڵای سەربازی ئیسرائیلیش دەڵێت وڵاتەکەی ئاگاداری ئەو روداوە نییە.