دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 1 هەفتە

وەزارەتی کشتوکاڵ: رێژەی وەرگرتنی گەنم لە ساڵی رابردوو زیاتر دەبێت

هەرێم نیوز 

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، لیژنەیەکی بەغدا بە مەبەستی دیارکردنی پشکی گەنمی ھەرێمی کوردستان گەیشتوەتە هەرێم، دەشڵێت، ئەمساڵ رێژەی وەرگرتنی گەنم لە ساڵی رابردوو زیاتر دەبێت.

کەریم سلێمان، بریکاری  وەزارەتی کشتوکاڵ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەیەک لە وەزارەتی کشتوکاڵی بەغدا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە بە مەبەستی دیارکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ، چونکە ساڵی ڕابردوو لەسەر ئەوە ڕێککەوتبووین لیژنەیەکی ھاوبەش ھەبێت بۆ دیارکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوە لەنێوان ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم و شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕاڵ بەڕێوەچوو، لیژنەکەی بەغدا سەردانی ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ساڵی ڕابردوو دانوستانی زۆر لەنێوان ئێمە و بەغدا کرا لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان، ئەوان تەنیا 500 ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانیان وەرگرت، ئەمساڵ ئێمە ئامادەکاریمان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان ڕووپێوێکی زەوی داچێندراو بە گەنممان کردووە".

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ روونیشیکردەوە، لەگەڵ ئەو لیژنەیەی بەغدا دوای بەدواچوون لەسەر ڕووبەری داچێندراو بە گەنم و ڕێژەی چەندێتی بەرھەمھێنان، واتە پشکی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای زەوی داچێندراو بەرھەمھێنانی گەنم دیاری دەکرێت بۆ ھەر دۆنمێک چەند گەنم بەرھەم دێت، ئێمە گەشبینین ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوو زیاتر دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP