دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێم بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەوانی دەڕوانێت

هەرێم نیوز

لە میانی وتارێکدا، سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی رایگەیاند: جێی خۆشحاڵییە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسایەکی پێشکەوتووی ڕۆژنامەوانییە و بەهۆیەوە، کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، گەشەیەکی زۆر باشی کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەچوو کە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان ڕێکیان خستبوو.

لە دیدارەکەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە هەرێمی كوردستان، کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا.


ئەمەش دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
میوانانی هێژا
خۆشحاڵم کە لەم دیدارە ڕۆژنامەنووسییەدا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم. بە تایبەتی بەخێرهاتنی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارە بەڕێزانە دەکەم کە لە وڵاتانی جیهانەوە بۆ بەشداریکردن لەم دیدارە هاتوون. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم ئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم دیدارە، لە خزمەتی پێشخستنی کاری ڕۆژنامەنووسیدا بێت.
هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم.

حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەوانی دەڕوانێت کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە ئەرک و پەیامی ڕاستەقینەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بە جێ بگەیەنن، بە تایبەتی لە بواری هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروست و دەستنیشانکردنی کەموکورتی و پێشێلکارییەکان و پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی. بەم شێوەیەش ڕاگەیاندنکاران وەک دەسەڵاتی چوارەم، یارمەتیدەرێکی گرنگی دامەزراوەکانی حکوومەتن و بەیەکەوە کار بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی وڵات دەکەن.

لە هەرێمی كوردستان کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا.

جێی خۆشحاڵییە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسایەکی پێشکەوتووی ڕۆژنامەوانییە و بەهۆیەوە، کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، گەشەیەکی زۆر باشی کردووە.

ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێک کە ناحەزانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵی خراپ بەکارهێنانی ئەو ئازادییەن کە لە ناوچەکە کەموێنەیە، ئەمەش بۆ لێدان لە بنەماکانی دیموکراسی و قەوارەی کوردستان کە بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، خەڵکانێک دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
داواکارم لە ڕۆژنامەنووسانی بەڕێز و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان، کە ڕێگە نەدەن ئەم پیشە گرنگە، ببێتە سەکۆیەک بە خراپ بەکارهێنانی ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین.

دەستخۆشی لە لیژنەی جێندەریی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان دەکەم بۆ هەڵبژاردنی هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە. هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە گەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.

سەبارەت بە بابەتی سەرەکیی ئەم دیدارەش، کە تایبەتە بە پاراستنی ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس لە جیاکاریی ڕەگەزی و جێندەری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی پێویست لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ نەهێشتنی هەموو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستەکان لە بەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک کە بەرامبەریان دەکرێت. لەم بارەیەوە هەرچی پێویست بێت لە سەر حکوومەت ئەنجامی دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو بەربەست و ئاستەنگەکان لە بەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە ئەنجام بدەن.

لە کۆتاییدا دووبارە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆز بێت و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی ئەم دیدارە دەخوازم.

هەر شاد و سەرکەوتووبن



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP