دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

دواجار بەریتانیا بڕیاریدا بە ناردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا

هەرێم نیوز

شەوی رابردوو پەرلەمانی بەریتانیا پرۆژە یاسایەکی جێبەجێکرد كە ڕێگا بە حکومەت دەدات ئەوانەی بە نایاسای دەچنە وڵاتەکەی ڕەوانەی ڕواندایان بکات.

ئەندامانی لۆردات لە كۆتاییدا رەزامەندییان نیشاندا لەسەر ئەنجام نەدانی هەمواری دیكە و، ئەمەش بووە هۆی پەسەندكردنی.
پاش پەسەندكردنی لەلایەن هەردوو ئەنجومەنەكەی پەرلەمانەوە، پرۆژە یاساكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە لەدوای پەسەندكردنی لەلایەن شاوە.

ریشی سوناكی سەرۆك وەزیران و پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار هەوڵی بێوچانیاندا بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەكە بۆ ناچاركردنی دادوەران بەوەی رواندا، كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفریقاوە، وڵاتی سێیەمی سەقامگیرە.

حكومەتەكەی سوناك رووبەڕووی زیادبوونی فشار دەبێتەوە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی پێوانەیی خوازیارانی مانەوە، ئەوانەی لە كەناراوەكانی فەرەنساوە دەریای مانش بە بەلەمی بچوك دەبڕن.

بەپێی هەڵسەنگاندنی نووسینگەی نیشتمانی بۆ پێداچوونەوەی ژمێریاری، رەوانەكردنی یەكەم 300 كۆچبەر نزیكەی 540 ملیۆن پاوەند (665 ملیۆن دۆلار) لەسەر شانشینی یەكگرتوو دەكەوێت كە دەكاتە ملیۆنێك پاوەند بۆ هەر كەسێك.

سوناك دووپاتیكردەوە، حكومەت بۆ یەكەم گەشت فڕۆكەخانەیەكی ئامادەكردووە و فڕۆكەی بەكرێگرتووە.
بەڵێنیشیدا حكومەت گەشتی ناوبەناو بۆ رەوانەكردنی كۆچبەران بۆ رواندا لە هاوین و دواتردا ئەنجامبدات، تا ئەوكاتەی ئەو بەلەمانە دەوەستن كە بە كۆچبەرانەوە دەگەنەوە بەریتانیا.

سیاسەتی رواندا پلانی سەرەكی ریشی سوناكە تا رێگری لە كۆچبەری نایاسایی بكات و پێشتر پلانەكە لە نیسانی 2022 لەلایەن بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی پێشووی بەریتانیا پەسندكرا، بەگوێرەی پلانەكە، هەر كۆچبەرێك لەدوای یەكی كانوونی دووەمی 2022 گەیشتبێتە بەریتانیا دەنێردرێتە رواندا و لەوێ دەمێنێتە تا پڕۆسەی پەسندكردنی پەنابەرییەكەی كۆتایی دێت، ئەگەر بەریتانیا بە پەنابەر وەرینەگرێت جارێكی دیكە ناتوانێت روو لەو وڵاتە بكات.

یاسایی ناردنی کۆچبەر بۆ رواندا، بەگوێرەی یاساکە، دەتوانرێت سەرجەم پەنابەران دیپۆرتی رواندا بکرێن یاخود بنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام لەبەرئەوەی بریتانیا جگە لە ڕواندا، گرێبەستێکی هاوشێوەی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی تردا نییە، بۆیە کۆچبەرەکان رەوانەی رواندا دەکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP