دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

مەریوان قەرەنی: عێراق بەپێی پێویست لێکۆڵینەوە ناکات

هەرێم نیوز

ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ⁠ئەوە یەكەمجار نییە كێڵگەی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ دەكرێتە ئامانج. یەكێك لە مەبەستەكانی پشت ئەو هێرشانە ئەوەیە كە ڕێگە لە گەشەكردنی بەرهەمهێنانی وزە لە هەرێمی كوردستان بگیرێت و ئەو لایەنانەی كە هێرشەكان ئەنجام دەدەن، میلیشیا و گرووپگەلی چەكدارن كە لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دەستیان گەیشتۆتە سنوورەكانی نزیك لە كۆرمۆر!

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نوسینێکیدا لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند:  نەوت و غاز كەرەستەیەكی ئاسایی نین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەڵكوو لەو كەرەستە ستراتیژییانەن كە هەموو یاریكەرە نێودەوڵەتییەكان كارتەكانی دەستی خۆیان لەسەر نەخشەی دابەشبوونی ئابووریی نەوت و غاز ڕێك دەخەن، بۆیە هەر وڵاتێك بتوانێت لەسەر ئەو نەخشەیەدا پێگەیەكی گرنگ مسۆگەر بكات، ئەوا لەنێو هەموو كارتە نێودەوڵەتییەكاندا بوونێكی كاریگەری دەبێت. هەر لەبەر ئەوەشە كە داگیركەرانی كوردستان تۆقیون و دەیانەوێ هەرچیەكیان كردووە، كوردستان هیچ پێگەیەكی لەو نەخشەیەدا نەبێت (هەرچەندە درەنگە بۆ ئەمە و تازە كوردستان پێگەی خۆی گرتووە).

ئاماژەی بەوەشداوە،  ⁠ئەوە یەكەمجار نییە كێڵگەی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ دەكرێتە ئامانج. یەكێك لە مەبەستەكانی پشت ئەو هێرشانە ئەوەیە كە ڕێگە لە گەشەكردنی بەرهەمهێنانی وزە لە هەرێمی كوردستان بگیرێت، بە تایبەتیش كە هەندێك دەرودراوسێ ترسیان لەوە هەیە هەرێمی كوردستان ببێتە جێگرەوەی غازی سرووشتیی ئەوان و خەڵكی تریش!

دەشڵێت: ⁠ئەو لایەنانەی كە هێرشەكان ئەنجام دەدەن، میلیشیا و گرووپگەلی چەكدارن كە لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دەستیان گەیشتۆتە سنوورەكانی نزیك لە كۆرمۆر!

مەریوان قەرەنی نوسیویشیەتی: ⁠بەداخەوە لە لایەنی عێراقییەوە لێكۆڵینەوەكان بەپێی پێویست نین و تا ئێستا ئەنجامی راستەقینەی لێكۆڵینەوەكردن لە هێرشەكانی رابردووی سەر كێڵگەكە ئاشكرا نەكراون، ئەمجارەش هیچ لێكۆڵینەوەیەكی راستەقینە و دەرئەنجامێكی راستەقینەش دەرناكەون!

لە نوسینەکەیدا ئەوەشیخستۆتەڕوو، ⁠ئەو لایەنە سیاسییەی كە خۆی پێ بەرپرسیارە لە زۆنی سەوز، پێویستە وەك چۆن داوایان لە حكوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بكەن، بە هەمان شێوە پرسیارێكیش لەو میلیشیا لەیاسادەرچوانە بكەن، بڵێن ئێوە لە لایەک دەڵێن دۆست و هاوپەیمانین، لەلایەکیش درۆنمان بۆ دەنیرن، ئەمە چەندی بە چەند؟

لە کۆتیایشدا مەریوان قەرەنی دەڵێت:  دەبێ گەلی كوردستان بزانن كە ئامانجی هەرەسەرەكیی ئەم درۆنانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان، تاوەكوو نەتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین و نەتوانین بەرامبەر سیاسەتی داگیركەرانمان بەرگری لە خۆمان بكەین. بۆیە هیوادارین ئەم هەڕەشەیە ببێتە هێوێنی یەكڕیزیی هەموو لایەنەكان بۆ وەستانەوە بە ڕووی نەیارانی كورد و كوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP