دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

ڕۆڵی ئێران لە پشت هێرشەکانی سەر کۆرمۆر

هەرێم نیوز 

ئێران ڕێگە نادات گازی کۆرمۆر هەناردەی ناوخۆ و دەرەوە بکرێ. ئێران لە پشت هێرشەکانی سەر کۆرمۆر. لە عێراق گاز و کارەبا دوانەی لێکجیا نەکراون. دوو ساڵ پێش ئەم بابەتم نووسی، دەتوانن لە ڕێگەی خوێندنی ئەم ووتارە بزانین بۆ کۆرمۆر دەکرێتە ئامانج.

کەرتی کارەبا لە عێراق، قوربانی ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی

هیوا مەجید خەلیل
پێشەکی

خزمەتگوزاریی کارەبا، یەکێکە لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک و بوون بە وڵاتی پیشەسازیی. لێنین گوتەیەکی هەیە کە دەڵێت ''گەشەسەندن واتە هەبوونی کارەبا و کۆمۆنیزم''. ئەگەر بەشی دووەمی گوتەکەی لێنین هەڵە بێت بەڵام بەشی یەکەمی واتە گرنگی هەبوونی کارەبا بۆ پێشکەوتن و بوون بە وڵاتێکی پیشەسازیی دروستە. بە پێی خاڵی هەفتەم لە ''ئامانجەکانی گەشەسەندنی بەردوام'' جەخت لەسەر دەستگەیشتن بە کارەبا دەچێتە خانەی یەکێک لە پێداویستییەکانی هەبوونی ژیانێکی تەندروست. جەنگی ئێران و عیراق لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٨٨، دواتر داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراق کە بووە هۆی هێرشکردنی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق و سەپاندنی گەمارۆ لەسەر ئەم وڵاتە، دواتر شەڕی دووەمی کەندا و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گشتیان هۆکار بوون کە ژێرخانی کەرتی کارەبای عیراق بەرەو نەمان بچێت، ئەمە و سەرەڕای کۆنبوونی تۆڕی گواستنەوەی تەزووی کارەبا و بە قاچاغبردنی کارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە.

لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، لە ئەدەبیاتی سیاسی عێراقدا چەمکێک سەریهەڵدا بە ناوی ''پشکپشکێنی''. پشکپشکێنێ بەو مانایە دەهات کە بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستە هەر لایەنێکی براوەی هەڵبژاردن پشکێکی لە حکومەت وەبەرکەوێت؛ واتە وەزارەتێک یاخود چەند وەزارەتێک پشکی ئەو لایەنە سیاسییە بێت تا لە ناو پەرلەمانی عێراق متمانە بە حکومەت بدات. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە زۆرجار، دانانی وەزیرێک بۆ وەزارەتێک لەسەر بنەمای لێهاتوویی کەسەکە نەبێت بەڵکو بەپێی ملکەچی و وەفاداری کەسەکە بۆ حزبەکەی یاخود نزیکی لە سەرکردەی حزبەکە بێت. ئەمەش وایکرد کە سیستەمی بۆرۆکراسی عێراق و تۆڕی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە عێراقدا بەرەوە داڕمان بچێت. ئەمە و سەرەڕای ئەوەی کە لە عێراق هەر لایەنێکی سیاسیی لەلایەن هێز و وڵاتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگیریی دەکرێت. ئەم پشتگیرییەش زۆرجار بووە هۆی قوربانیکردنی بەرژەوەندیی نیشتیمانی بۆ مانەوەی حزبەکە یاخود وەزیرەکە لەسەر کورسی دەسەڵات و دەسکەوتنی ئیمتیازات. سەرەڕای بوونی گەندەڵییەکی لە ڕادەبەدەر لە عێراق کە بە پێی کۆمەڵێک لێداون لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ تا ساڵی ٢٠٢٠ ئاستی گەندەڵی لە گشت سێکتەرەکان لە عێراقدا گەیشتووتە ٦٠٠ ملیار دۆلار. لە عێراق کەرتی کارەبا و دابینکردنی تەزووی کارەبا بۆ هاوڵاتیان یەکێک لەو کەرتانەیە کە کەتووتە ژێر ڕەحمەتی ئەم هۆکارانەی سەرەوە و ڕۆژ بەرۆژ ئەم کەرتە بەرەو خرابوون دەچێت. لە کاتێکدا کە کارەبا بە یەکێک لە سەرەتایترین و لە هەمانکاتدا سەرەکیترین پێداویستییەکانی ژیانی هاوچەرخ هەژمار دەکرێت.

کەرتی کارەبا لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعس
لە عێراقدا وەزارەتی کارەبا وەزارەتێکی نوێیە کە دامەزراندنەکەی بۆ دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕیتەوە. پێشتر و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ڕژێمی بەعس لە عێراق شتێک نەبوو بە ناوی وەزارەتی کارەبا، بەڵکو بریتی بوو لە دەستەیەک کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی و کانزاکانی عێراق بوو.

رووخانی ڕژێمی بەعس هاوکاتبوو بە نەبوونی داتای پێویست لەسەر زۆربەی کەرتەکانی عێراق تا ئەو کاتەی کە بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕووپێوەکی لە عیراق کرد و بەو دەرەنجامە گەیشت کە تێکڕای دەستگەیشتنی هەر خانەوادەیەکی عێراقی بە تەزووی کارەبا تەنیا هەفت کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدایە و پتر لە چارێکێکی خانوادەکانی عێراق جیا لە کارەبانی نیشتیمانی هیچ سەرچاوەیەکیتریان بۆ گەیشتن بە تەزووی کارەبا نییە. خانەوادەکانیتریش بە کارەبای نیشتیمانی و کارەبای موەلیدەکان و موەلیدەی تایبەت بە خۆیان کەمتر لە ١٨ کاتژمێر کارەبایان هەبووە. ئەگەر بەم داتایانە شەڕی ناوخۆیی تاییفی لە عێراق لە دوای سالی ٢٠٠٣ و سەرهەڵدانی داعش و خابوورکردنی ناوچە سوونیەنشینەکانی عێراق زیاد بکەین کە بووە هۆی ئاوارەبوونی پتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی عێراق، وێنەکە زۆر لەوەی کە هەیە خرابتر دەبێت. بە گوێرەی داتاکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣یەوە، تا ساڵی ٢٠١٠، هیچ کاتێک حکومەتی عێراق نەیتوانیوە لە سەرووی ٣٩٪ لە پێداویستیەکانی کارەبای هاوڵاتییەکانی دابین بکات.
لە ساڵی ٢٠٠٦ واتە لەو دەمەوە کە عێراق یەکەم حکومەتی هەمیشەیی پێکهێنابوو، بڕی ٢٢.٧  (بیست و دوو ملیار دۆلار و حەفتسەد ملیۆن) دۆلار بۆ وەزارەتی کارەبا تەرخانکرا تا برەو بە کەرتی کارەبا بدات و تا ساڵی ٢٠١٥ زۆربەی پێداویستی هاوڵاتیان لە کارەبا دابین بکرێت. ئەمەو سەرەڕای دابینکردنی ١٨٥ ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی بەرنامەی گەشەسەندنی نەتەوە یەگرتووەکان بۆ باشترکردنی کەرتی کارەبای عێراق. هاوکات ئەمریکا لە هەمان ساڵدا بڕی ٥.٣ (پێنج ملیارد و سێسەد ملیۆن) دۆلار بۆ چاککردنەوەی کەرتی کارەبای عێراق تەرخانکرد. قوتابخانەکان، زانکۆکان و خەستەخانەکان لەو کەرتە سەرەکیانە بوون کە بە دەست نەبوونی کارەبای پێویست دەیاناڵاند واتە دوو کەرتی گرنگ و ژێرخانی هەر وڵاتێک کە ئەوانیش بریتین لە کەرتی پەروەردە و تەندروستی.

کاتێک عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پلانی گەشەسەندنی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند کە بودجەیەکی ١٥ ملیارد دۆلاری تەرخاندەکات بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کارەبا لە عێراقدا، بەڵام ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق کە بووە هۆی لەسەر دەسەڵات لادانی عادل عەبدولمەهدی و سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئەم پلانەی لە گۆڕنا. ساڵی ٢٠٢٠ عێراق وڵاتیک بوو کە بە بێ بودجەی ساڵانەی بەڕێیکرد. لە ئێستادا عیراق وڵاتیکە کە دابینکردنی کارەبای بۆ هاوڵاتییەکانی بووە بە بەرنامەی سەرەکی پارتە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و کابینەی حکومەت. لە هەمان کاتدا یەکێک لەو کەرتانەیە کە زۆرترین گرفتی هەیە.

عێراق وڵاتێکە کە بە پێی ئامارەکان تا ساڵی ٢٠٣٠، دانیشتوانەکەی دەگاتە نزیکەی پەنجا ملیۆن کەس؛ کەش و هەوای عێراقیش ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو گەرمتربوون و وشکە ساڵی زۆرتر دەچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گشت کەرتەکانی ژێرخانی ئابوریی عێراق داڕماون؛ بۆیە چاوەڕوان ناکرێت دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بە تایبەتیش دابینکردنی تەزوی کارەبا کارێکی ئاسان بێت. 

لە ساڵی ٢٠١٣، کاتێک کە دانیشتوانی عێراق ٣٣ ملیۆن کەس بوو، بڕی بەرهەمهێنانی تەزووی کارەبا لە عێراق نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ گێگا وات کارەبا بوو، ئەمەش لە کاتێدا بوو کە نرخی نەوت لەو پەڕی بەرزیدابوو و عێراق لە پلانیدابوو بۆ ساڵی ٢٠١٥، بڕی بەرهەمهێنانی تەزوی کارەبا بۆ ٢٠ گێگا وات بەرز بکاتەوە و بەم شێوەیەش بە درێژای ٢٤ کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتیانی دابین بکات. کەچی لە ساڵی ٢٠١٩ ئەم ڕێژەیە تەنیا بۆ ١٦.٥ گێگا وات بەرزکرایەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانیشتوانی عیراق لە ساڵی ٢٠١٩، سەرووی ٤٠ ملیۆن کەسی دەربازکرد.

نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانیتر هۆکاری سەرەکی بوو کە دانیشتوانی بەغدا و پارێزگاییەکانی باشوری عێراق بڕێژنە سەر شەقامەکان و تەنانەت هۆکاری سەرەکی لادانی عادل عەبدولمەهدی بوو لە کورسی دەسەڵات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتیک کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە ڕۆژنامەی واڵ ستریت بڵاوکرایەوە، داعش نزیکەی ٤٦ ملیار دۆلار زیانی بە ژێرخانی ئابوری عێراق گەیاندووە کە لەم بڕە، هەفت ملیار دۆلار زیان بە کەرتی کارەبای عێراق گەیشتووە و نزیکەی ١٦ ملیار دۆلار زیان بە کەرتی نیشتەجێبوون و ٢.٥ ملیار دۆلاریش زیان بە کەرتی پەروەردە گەیشتووە.
source: https://www.iea.org/data-and-statistics/charts/iraqs-electricity-supply-and-demand-2018-2030
ئێران و کەرتی کارەبای عێراق

لە ساڵی ٢٠١٩ ئەمریکا گوشارێکی هێچگار زۆری خستەسەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کە برەو بە کەرتی کارەبا بدات و واز لە هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بهێنێت؛ بۆیە وەزارەتی کارەبا هەموو تواناکانی خۆی خستەگەڕ تا کەرتی کارەبای عێراق دووبارە بونیات بنێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی و ئەڵمانی و وڵاتانی عەرەبی گریبەستی واژووکرد، بەڵام وەها دەردەکەوێت کە کارتی گوشاری ئێران زۆر بەهێزتر بوو لە گوشارەکانی ئەمریکا و دواجار ململانێی ئەم دوو دەوڵەتە بووە هۆی ڕووخانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی.

هاتنە سەرکاری کازمیش نەیتوانی ببیتە هۆی چارسەرکردنی گرفتی کارەبا و تەنانەت دۆخەکە خرابتریش لێهات، بۆ نموونە لە زۆرێک لە ناوچەکانی بەغدا لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠ لەهەمبەر هەر یەک کاتژمێر پێدانی کارەبای نیشتیمانی، شەش کاتژمێر کارەبا دەپچڕا. دۆخەکە لە سەرەتایی وەرزی زستان بەرەو خرابترچوو کاتێک کە ئێران لە کۆتایی مانگی دێسمبەری ٢٠٢٠ بڕیاریدا لەو بڕە گازەی کە بۆ دابینکردنی سوتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەناردەی دەکرد و بڕەکەی ٥٠ ملیۆن مەتری چوارگۆشە بوو بۆ ٣ ملیۆن مەتری چوارگۆشە کەمکردەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی نەمانی تەزووی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاست و ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ کاتژمێر کارەبا بپچڕێت. عێراق لە کاتێکدا کەوتوتە ئەم دۆخە سەختە کە هەم وڵاتێکی نەوتیە هەمیش نزیکەی سێچارەکی گازەکەی بە فیرۆ دەڕاو. بە پێی گوتەی غالب محەمەد ئەندامی لێژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق، عێراق ساڵانە نزیکەی ٣ تریلیۆن دینار گاز هاوردە دەکات کە هۆکاری سەرەکی ئەم هاوردەکردنەش سیاسەتە هەڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقە.

یەکێک لە بیانۆییەکانی ئێران بۆ ڕاگرتنی هەناردەی گاز بریتیبوو لەوەی کە عێراق نەیتوانی بڕە پارەی گازەکە بە ئێران بدات کە نزیکەی پێنج ملیارد دۆڵارە. بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێ ئەمە بیانۆیێک بێت کە چەند ئامانجێک دەپێکێت و بریتین لە:

یەکەم، وەک گوشارخستنێک بۆ سەر حکومەتەکەی کازمی کە بە گژ هێزە میلیشاکانی لایەنگریی ئێراندا نەچێت. ئەمەش بەو واتایە دیت کە گشت کەرتە خزمەتگوزاریی و مەدەنییەکانی عێراق بە سیاسیی کراون.
دووەم، عێراق بەنیازە کە لە وڵاتانی کەنداو، ئەردەن، میسر و تورکیا کارەبا هاوردە بکات، بەڵام ئەم پرۆژانە هەم تێچوویان زۆرە و هەمیش کاتی پێویستە تا پرۆژەکان تەوا بن. بۆیە ئێران دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە واژووکردنی گرێبەستێکی درێژخایەن بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، کە ئەمەش ئەمریکا لە دژی دەوەستێتەوە. لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠دا، عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ دەستەی پێکەوە گرێدانی کەنداو (هیئة الربط الخلیجي) گرێدا کە بۆ قۆناغی یەکەم بڕی ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە قۆناغی یەکەم بۆ پارێزگای بەسرا دابین بکات.
سێیەم، ناچارکردنی عێراق و ئەمریکا، تا پارەی هەناردەکردنی گازی ئێران بدات. کە ئەم پارەیە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، ناچێتەوە دەست حکومەتی ئێران. نزیکەی ٣ ملیار دۆلار پارەی گازی ئێران کە پیوستە عێراق بیدات لە بانکی (TBI) بلۆک کراون.
چوارەم، ئەمە بۆ جاری سێیەمە کە ئەمریکا، عێراق ئاگادار دەکاتەوە کە چیتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، گاز لە ئێران هاوردە نەکرێت. ئەمریکا جاری یەکەم ئەم مۆڵەتەی بۆ ١٢٠ ڕۆژ درێژ کردەوە، جاری دووەم بۆ ٩٠ ڕۆژ و لە مانگی نۆڤەمبەریش مۆڵەتێکی ٤٥ ڕۆژی بە عێراقدا کە چیتر گاز لە ئێران هاوردە نەکات. ئەگەرچی ئیدارەی ترامپ سەر لە نوێ مۆڵەتی هاوردەکردنی گاز لە ئێران بۆ دابینکردنی کارەبای عیراق درێژکردەوە، بەڵام عێراق لە حاڵی حازردا پێویستی بە پتر لە ١٩ هەزار مێگا وات کارەبای هەیە کەچی دەتوانێ تەنیا ١١ هەزار مێگاوات لە ناوخۆ بەرهەم بهێنێت، ئەویش بە یەک دونیا گیروگرفتەوە وەک تێکچوونی هێلەکانی کارەبا و وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی تەزوی کارەبا.

دواجار، لە کۆتایی مانگی دێسەمبەری ٢٠٢٠، کاتێک کە عێراق تووشی گرفتیکی گەورە لە بەرهەمهێنانی کارەبا هات بە هۆی نەناردی گاز لە لایەن ئێرانەوە بۆ وێستگە بەرهەمهێنەرەکانی کارەبای عێراق، وەزیری وزەی ئێران سەردانی عێراقی کرد تا لەسەر قەرزە کەڵەکەبووەکانی کەرتی کارەبای عێراق گفتوگۆ بکەن. هەر دوو لایەن رێککەوتن کە عێراق بڕی ٧٠٠ ملیۆن دۆڵار وەک بەشێک لە قەرزەکان بە ئێران بدات. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجدانبوو بریتیبوو لەوەی کە قەرزەکە لەبری دۆڵار بە یۆرۆ بە ئێران دەدرێت. ئەمەش دەبێ رەزامەندی ئەمریکای لەسەر بوو بێت؛ چونکە هەر وەک باسمانکرد عێراق بە هۆی گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە نەیتوانیوە پارەی هاوردەکردنی گازی ئێران بدات. بۆیەش پێدانی پارە بە یۆرۆ وەک تەکتیکێک بۆ دەورەدانی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دێت. بەمجۆرەش ئەمریکا لە دانەوەی قەرزەکە چاوپۆشی دەکات و رەخنەی ئەوەشی نایێتەسەر کە خودی ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێرانی شکاندووە. هاوکات وەک سیاسەتی پشتیوانیکردنی کابینەکەی کازمی لەلایەن ئەمریکاوە دێت کە لە حاڵی حازردا لە ژێر گوشارێکی بەرفروانی شەقامی عێراق، پەرلەمانی عێراق و لایەنە شیعە و سوونەکانی سەر بە ئێراندایە. لە هەمانکاتدا خودی ئێرانیش لەم وەرگرتنەوەی قەرزە سوودمەند دەبێت کە نزیکبووەتەوە لە داڕمانی دارایی.
پوختە
دانیشتوانی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زۆربووندان. ئابوریی عێراقیش لە هەرەسهێنان نزیکبووەتەوە. نرخی دینار لەهەمبەر دۆلار دابەزیوە و ئاستی بێکاریی و هەژاریش لە عێراق بەرزبووتەوە. بودجەی حەشدی شەعبی زۆرترە لە بودجەی هەر پێنج وەزارەتەکەی کشتوکاڵ، پیشەسازیی وکانزاکان، سەرچاوەکانی ئاو، گواستنەوە و گەیاندن.

واتە عێراق بەرەو وڵاتێکی عسکەرتارییەت دەچێت. ژێرخانی کەرتی کارەبای عێراق بە هۆی شەڕە یەک لە دوای یەکەکان و گەندەلی بەرفراوانی بەرپرسان و دەستڕۆیی ئێران لە عیراق بەرەو هەرەسهێنان ڕۆیشتووە. گشت ئەم هۆکارانە نیشاندەری ئەوەن کە سەختە عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانێ خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاوڵاتییەکانی دابین بکات. هەر وەک چۆن یەکێک لە هۆکارەکانی خۆپێساندانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوریی عێراق نەبوونی کارەبا بوو کە دواجار ڕوخانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیی لێکەوتەوە، دەتوانین بڵینن کە ئەگەری هەیە نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا لە دوا ڕۆژدا ببێتە هۆی ناسەقامگیرتر بوونی کۆمەلگا و حکومەتەکانی عێراق.
سەرچاوەکان

وەزارەتی کارەبای عێراق https://www.moelc.gov.iq/ 
 بانکی جیهانی IHSES KRSO/COSIT/Bank World 
تزويد العراق بالطاقة: التحديات التي تواجه قطاع الكهرباء في العراق
https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2020/11/16924.pdf
Electricity in Iraq Factsheet
https://reliefweb.int/sites/reliefweb.int/files/resources/F409BC15DE5570AC8525777C006B1430-Full_Report.pdf 
Defeat of ISIS in Iraq Caused $45.7 Billion in Damage to Infrastructure, Study Finds، https://www.wsj.com/articles/defeat-of-isis-in-iraq-caused-45-7-billion-in-damage-to-infrastructure-study-finds-1518389411



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP