دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

مەریوان قەرەنی لەبارەی ڕێگریکردن لە جوتیارە کوردەکان لە کەرکوک هاتە دەنگ

هەرێم نیوز

له‌باره‌ی ڕێگری له‌ دروێنەی جووتیارانی كورد له‌ کەرکوک، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، ئەوانەی لە سایەی سیاسەتی تەعریبی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو هێندراونەتە سەر زەویوزاری كوردان، بە پاڵپشتیی سوپای عێراق، هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكان ده‌ده‌ن.

مەریوان قەرەنی  ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نوسنێکدا لە پلاتفۆڕمی فەیسبووک نوسیویەتی: بەداخەوە هەموو ساڵێك لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی دەغڵودانی جووتیارانی كورد، زانیاریی ئەوتۆمان پێ دەگات كە دەریدەخات عەرەبە هاوردەكان، ئەوانەی لە سایەی سیاسەتی تەعریبی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو هێندراونەتە سەر زەویوزاری كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە پاڵپشتیی سوپای عێراق، هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكانی كوردان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیشیانەوە دەدەن.

دەشڵێت: هەرچەندە ئەم دیاردەیە لەو سەردەمانە بوونی نەمابوو كە ناوچەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا بوو، بەڵام بەداخەوە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری لایەنێكی كوردستانی، بووە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە شۆڤێنییەكان ورەیان بێتەوە بەر و خەون بە داگیركاریی زیاتری كوردستانەوە ببینن.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەی نیگەرانییەكەمانی زیاتر كردووە، ئەوەیە كە لە شەوی رابردووەوە جووتیارانی هەندێك ناوچەی سنووری كەركووك، بە تایبەتیش لە چەند گوندێكی سنووری پردێ، باس لەوە دەكەن كە لە لایەن سوپای عێراقەوە هەڕەشەیان لێكراوە و دروێنەكردنی دەغڵودانیان لێ قەدەغە كراوە.

مەریوان قەرەنی نوسیویەتی: ئێمە لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە، جووتیارانی كورد لەسەر زەوییەكانی موڵكی باب و باپیریانن، هەر جۆرە دەستدرێژییەك و هەوڵێك بۆ داگیركردنی زەوی و زارەكانیان رەت دەكەینەوە و دژی دەوەستینەوە. داوا لە سوپای عێراق دەكەین بەپێی دەستوور و یاساكان ڕەفتار بكات و نەبێتە ئامرازێك بۆ دژایەتیكردنی هیچ پێكهاتەیەك لە پێكهاتەكانی عێراق.

لە پەیامەکەیدا مەریوان قەرەنی ئەوەشی خستۆتەڕوو، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم رەفتارانە بەردەوام بێت، هەرێمی كوردستان و گەلی كورد مافی گرتنەبەری هەموو ڕێگەیەكی هەیە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ڕۆڵەكانی، ئێمەش لەم ڕوانگەیەوە هەرچی لە دەستمان بێت لە وەستانەوە دژ بە ئەم زوڵمەی لە جووتیارانی كورد دەكرێت، درێغی ناكەین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP